رۆژنامەی ھەولێر

دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی کەرکووک بەڕێوەچوو

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی کەرکووک، لەژێر درووشمی “دە ساڵ لە شەقام، دە ساڵ لەنێو خەڵکین”، بەبەشداری 16 نمایشی ناوخۆیی و جیهانی، رۆژی پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، لە شوێنە جیاوازەکانی کەرکووک بەڕێوەچوو و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.

نەژاد نەجم، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە گوتی: لەو فێستیڤاڵە چەندین چالاکی و نمایشی جۆراوجۆر پێشکەشکرا. نمایشەکان لە چەند وڵاتێکی جیهانی و ناوخۆییەوە بەشدار بوون وەکو عێراق و کوردستان، ئەرجەنتین، تونس و ئێران و فەڕەنسا و باکووری کوردستان. تێیدا رۆژی یەکەم نمایشی دەستپێک و تەرخانکردنی بۆ پێشوازی لە گرووپە بەشداربووەکان بوو، رۆژی دووەم پێشکەشکردنی 10 نمایشی جیاواز، و رۆژی سێیەم پێشکەشکردنی 6 نمایشی دیکە بوو.
نەجم باس لە خەڵاتەکانی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت: لەو فێستیڤاڵە 5 خەڵات تەرخانکراوە کە گرنگترینیان خەڵاتی سەرەکییە بە بڕی 3000 دۆلار، لەگەڵ چەند خەڵاتێکی دیکەش بۆ باشترینی بەشداربووان.
سەبارەت بە گرنگیی شانۆی سەر شەقام، نەجم گوتی: شانۆی سەر شەقام لە کوردستان و بەتایبەت لە کەرکووک، هەمیشە پردێکی پتەو بووە بۆ گەیاندنی پەیامی هونەری بە توخمە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، بە جۆرێک کە چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵک، لە کاسبکاران و کرێکارانەوە تاوەکو توێژە رووناکبیرەکان، لە کوچه و کۆڵان و بازاڕەکاندا بینەر و بەشداربووی ئەم چالاکییە بوون.
نەژاد نەجم باسی لەوەش کرد: کەرکووک جگە لە ناساندنی شارە جیاوازەکانی کوردستان وەک پایتەختی شانۆی سەر شەقام، توانیویەتی تیمی شانۆیی و ئەکتەری بیانی لە ولاتانی جیهانەوە بهێنێتە کوردستان و مژاری گەشتیاری و ئابووری و کولتووری لە ڕێگەی هونەرەوە بگەشێنێتەوە.