رۆژنامەی ھەولێر

شەڕێکی قورس کەوتووەتە نێوان ئیکاردی و خێزانەکەی پێشووی

ئەسعەد ئیسماعیل

ماورۆ ئیکاردی هێرشبەری ئەرجەنتینی بەهۆی ئازاردانی کچە 11 ساڵانەکەیەوە لەلایەن دادگای ئەرجەنتنی لەمەودوا رێگەی پێنادرێت کچەکەی لە نزیکەوە ببینێت، ئەمەش دوای سکاڵایەکی تاوانکاری کە لەلایەن واندا نارا هاوسەری پێشوویەوە تۆمارکرابوو.

رۆژنامەی وەرزشی بیڵدی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، هێرشبەرە تەمەن 33 ساڵەکە تۆمەتبارە بە لێدانی کچەکەی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە شاری نۆردێلتای ئەرجەنتین و ئەو هۆشدارییە لەلایەن کچەکەوە لە نامەیەکدا لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە نێردراوە و دەڵێت: “بابە لێیدام. من دەترسم”.
واندا نارا ئەو کاتەی نامەی کچەکەی پێگەیشت دەستبەجێ خۆی گەیاندە ماڵی هێرشبەری پێشووی ئینتەرمیلان و سامپدۆریا. لەگەڵ گەیشتنی دەمەقاڵەیەکی توند لە نێوان واندا و ئیکاردی دروستبووە و کاتێک پۆلیس گەیشتووەتە شوێنەکە، ئیکاردی کە ماوەیەکی زۆرە شۆفێری لێ قەدەغە کراوە، ڕەتیکردووەتەوە ڕوونکردنەوە بدات یان ئەو کۆمپیوتەرە ڕادەستی کچەکەی بکاتەوە کە بەکاری دەهێنا.
دوای ئەو رووداوە دادگای ئەرجەنتین بڕیارێکی کاتی دەرکرد کە بۆ ماوەی 45 ڕۆژ کارا دەبێت و قەدەغەی دەکات و ئەو یاریزانە بۆی نییە لە دووری 100 مەتر لە منداڵەکەی نزیک ببێتەوە و هیچ پەیوەندییەکیشی لەگەڵدا هەبێت.
پارێزەرانی ئەو یاریزانە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە و لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لەلایەن تیمە یاساییەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، دڵنیاکراوەتەوە کە ماورۆ ئیکاردی هەرگیز لە کچەکەی نەداوە، هەروەها پارێزەران جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو پشکنینانەی ئەنجام دراون پشتڕاستیان کردۆتەوە هیچ شوێنێکی ئازاردان لەسەر جەستەی کچەکەی نییە.
دوای جیابوونەوەیان لە یەکتری واندا نارا خۆشەویستی پێشووی ماوری ئیکاردی، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین زۆر بەبێ زەییانە وەکو تۆڵەسەندنەوە، سووکایەتیەکی گەورە بەو یاریزانە دەکات.

واندا سووکایەتی بە ئیکاردی دەکات
واندا نارا خۆشەویستی پێشووی مائورۆ ئیکاردی وەکو تۆڵەسەندنەوە لەو یاریزانە، هەستاوە بە فرۆشتنی درێسێکی خۆشەویستەکەی پێشووی بە پارەیەکی زۆر کەم، ئەم کارەی خانمە ئەرجەنتینیە کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دروستکردووە و زۆرێک پێیانوایە سوکایەتی بە ئیکاردی و درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کراوە.
خۆشەویستەکەی پێشووی ئیکاردی لە زیاد کردنێکی ئاشکرا و بە شێوەی ئۆنلاین ئەو درێسەی بۆ فرۆشتن دانا و دواجار درێسەکەی خۆشەویستەکەی پێشووی بەرامبەر بە 20 هەزار پێزوی ئەرجەنتینی کە دەکاتە نزیکەی 12 یۆرۆ فرۆشرا. ئەم نرخە بۆ درێسێکی رەسەنی یاریزانێکی دیاری ئەرجەنتینی نرخێکی یەکجار کەمە، بۆیە هاندەرانی تانگۆ ئەم کارەی واندا نارا وەکو سوکایەتی بەرامبەر درێسەکە و یاریزانەکە دەزانن.
ئەو درێسە لە ساڵی 2018 ماورۆ ئیکاردی لەبەری کردووە و ئەو کاتە پەیوەندییەکەی لەگەڵ واندا نارا ئاسایی بوو وەکو یادگاری پێشکەشی کردووە، بەڵام ئەو خانمە دوای جیابوونەوە لە ئەستێرەکەی پێشووی تانگۆ، بڕیاریدا وەکو تۆڵەکردنەوە بە نرخێکی زۆر هەرزان بیفرۆشێت.