ئیمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی دەربارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان خستەڕوو و ڕایگەیاند، فەڕەنسا کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە هەنگاوێکی یاسایی دەزانێت و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە دیالۆگی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم لایەنەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتە سیاسییەکان.
کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر، لە میانی دیدارێکی لەگەڵ هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان پاریس و هەولێر و جەختی لەوە کردەوە کە بوونی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و یەکگرتوو، لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و فەڕەنسادایە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا.
لە لایەن خۆشییەوە، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند کاراکردنەوەی پەرلەمان دوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردن، بەپێی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکان بەڕێوەچووە. هاوکات پابەندبوونی پارتی بە دوایین پەیامی سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە و گوتی: وەک پارتی بە تەواوی ئامادەی گفتوگۆ و دیالۆگین لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

