رۆژنامەی ھەولێر

کۆبوونەوە بۆ هەڵسەنگاندنی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی هەولێرو ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان و بارانبارین

ئەمڕۆ، یەکشەممە 15.11.2026 بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئامادەبوونی دکتۆر عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، و هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی لافاو و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان و بارانبارین بەڕێوەچوو.

لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دۆخی لافاوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، لێکەوتەکانی و ئاستی زیانە گیانی و ماددییەکان هەڵسەنگێندران. هەروەها، ڕاپۆرتی تیمە گەڕۆکەکانی خەملاندنی زیانەکان پێشکەش کرا و کاری ئەنجامدراو بۆ پاککردنەوە و لابردنی پاشماوەکانی بارانبارین تاوتوێ کرا.

لەو چوارچێوەیەدا، دۆخی ئەو گەڕەک و شەقامانەی سنووری شارەوانی هەولێر کە بەهۆی بارانبارینی چڕەوە تووشی ئاوکۆبوونەوە بوون، بە وردی هەڵسەنگێندران و پێداویستییەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان دیاری کران.

لە بەشی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەکاریی فەرمانگە و لایەنە خزمەتگوزارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارانبارینی داهاتوو و وەرزی زستان تاوتوێ کرا. جەخت لەسەر پێویستیی خێراکردن و بەردەوامبوونی کارەکانی خاوێنکردنەوەی کەند و کەناڵەکانی ئاو، ڕێڕەوەکانی ئاوەڕۆ و دڵنیابوون لە ئامادەیی تۆڕەکانی ئاودەربڕین کرایەوە، بۆ ئەوەی مەترسییەکانی لافاو و ئاوکۆبوونەوە کەم بکرێنەوە و گیان و ماڵی هاوڵاتیان بپارێزرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕینی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەکان بۆ هەنگاوی کرداری و ئەنجامی بەرجەستە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەرکی سەرەکیی هەموو فەرمانگە و لایەنە خزمەتگوزارییەکان خزمەتکردنی هاوڵاتیانە؛ بۆیە پێویستە بە یەک تیم و بە هەماهەنگییەکی زیاتر، لە زووترین کاتدا هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بنرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوون، کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردە دەرکران و بۆ جێبەجێکردنیان لێژنەی تایبەت پێکهێنرا، هەروەها پلانی کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانە دیاری کرا.

شایانی باسە، نوێنەرانی سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی هەولێر لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون.