رۆژنامەی ھەولێر

کەمبوونەوەی هۆرمۆنی کۆرتیزۆل؛ مەترسییەکی نادیار لەپشت ماندووبوونی بەردەوام و دابەزینی کێش

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

زۆرجار هەستکردن بە بێهێزی، ماندووبوونی لەڕادەبەدەر و گێژبوون تەنها دەرەنجامی کەمیی خەو یان پەستانی کارکردنی ڕۆژانە نین، بەڵکوو لەوانەیە ئاماژە بن بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنێکی چارەنووسساز لە جەستەدا کە بێدەنگانە کاریگەری لەسەر سەرجەم ئەندامەکان دروست دەکات.

پزیشکێکی پسپۆڕ هۆشداری دەدات لەوەی کەمبوونەوەی هۆرمۆنی «کۆرتیزۆل» دەکرێت ببێتە هۆی چەندین کێشەی تەندروستیی ئاڵۆز ئەگەر لە کاتی خۆیدا دەستنیشان نەکرێت.
لەوبارەیەوە، د. شاهۆ فەتاح ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناوی و شەکرە و کوێرەڕژێنەکان، ڕوونیدەکاتەوە: «کەمبوونەوەی هۆرمۆنی کۆرتیزۆل، هاوشێوەی زیادبوونی، چەندین نیشانەی ڕوون لە جەستەدا دروست دەکات. یەکێک لە سەرەتاییترین نیشانەکان کەمبوونەوەی بەرچاوی ئارەزووی خواردنە، کە کەسەکە بە بەراورد بە ڕابردوو ئارەزووی بۆ ژەمەکان نامێنێت و لە هەندێک حاڵەتیشدا دڵتێکەڵهاتنی لەگەڵدا دەبێت.»
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هۆرمۆنە ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێکخستنی پەستانی خوێن و شەکری لەشدا دەگێڕێت. کاتێک ئاستەکەی دادەبەزێت، پەستانی خوێن بە شێوەیەکی دیار کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی کاتێک کەسەکە لە حاڵەتی دانیشتنەوە هەڵدەستێتە سەر پێ؛ ئەمەش دەبێتە هۆی سەرگێژخواردن، نەمانی تەرکیز و تەنانەت لەدەستدانی هاوسەنگیی جەستە.
سەبارەت بە شەکری خوێنیش، د. شاهۆ ڕایگەیاند: «دابەزینی کۆرتیزۆل دەبێتە هۆی دابەزینی لەناکاوی شەکری خوێن (Hypoglycemia)، کە لەگەڵیدا نیشانەکانی وەک ئارەقکردنەوەی زۆر، دەستلەرزین، بێهێزی، و لە حاڵەتە قورسەکانیشدا لەهۆشچوون دەردەکەون.»
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەیدا، د. شاهۆ فەتاح باسی لە کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە لەسەر پێست کرد و وتی: «کاتێک ڕێژەی کۆرتیزۆل دادەبەزێت، هۆرمۆنی (ACTH) کە لە ڕژێن دەردەچێت و پەیوەستە بە ڕژێنی سەر گورچیلە بەرز دەبێتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە دەبێتە هۆی تۆخبوون و گۆڕانی ڕەنگی پێست (تیرەبوون و پەڵە)، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە بەردەوام لێخشاندن یان پەستانیان لەسەرە.»
لە کۆتاییدا، ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی هەناوی جەختی لەوە کردەوە کە هۆرمۆنی کۆرتیزۆل سەرچاوەیەکی گرنگی وزە و توانای جەستەییە؛ کەمبوونەوەی دەبێتە هۆی دابەزینی لەبەرچاوی کێشی لەش، بێتاقەتی و ماندووێتییەکی بەردەوام، بە جۆرێک کە کەسەکە بە تەواوی لە چالاکی و وزەی ئاسایی ڕۆژانەی دادەبڕێت.