رۆژنامەی ھەولێر

شاعیرێک بەدوای نیشتماندا دەگەڕێت!

خدر ئیبراهیم خدر

هەرچەندە دەرکەوتنی بەڕێز (حەمە ئەحمەد جاف) لە بواری نووسین و بڵاوکردنەوەدا لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، پەیوەست بوو بە دوانەی شیعر و فۆلکلۆرەوە، ئەوەش وای کرد لە مودەتێکی کەمدا لەلای ئەهلی خوێندنەوە و نووسینی شارەکەیدا بناسرێت، بەڵام دواتر دەستی لە بواری فۆلکلۆر بەردا و بەتەواوی خۆی بۆ شیعر تەرخان کرد. ئەوەش دوای ئەوە هات درکی بەوە کرد باشترە کۆکردنەوە و تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی بابەتە فۆلکلۆرییەکان بۆ تایبەتمەندان و کەسانی دی ئەو بوارە واز لێ بهێنێت.
بەو پێیەی بەرێز (حەمە ئەحمەد جاف) گۆشکراوی قەڵادزێ و دەڤەری پشدەرە، بۆیە هەرزوو ئەو شێوەزارە جوان و پاراو و بێگرێوگۆڵەی بەنسیب بووە کە درێژکراوەی دەڤەری موکریانە و لە ڕووی وشەسازی و پەند و ئیدیۆم و لایەنەکانی دی زمانەوانییەوە تا بڵێی دەوڵەمەندە. ئەوەش یارمەتیی داوە بەزمانێکی ڕوون و جوان بنووسێت و ناچار نەبێت بە شێوەیەکی دوور لە خۆڕسک سنعەتکاری لە شیعرەکانیدا بکات. لە هەمانکاتیشدا شیعرەکانی ڕووی ئەوەیان هەبێت لە کۆڕ و مەجلیسی شیعردۆستاندا سەر هەڵبهێنن و خۆیان نیشان بدەن. ئەوەش بە پێچەوانەی زۆر لە قەڵەمبەدەستان و شیعرنووسانی دییەوەیە کە ئەگەرچی شتگەلێکیان هەیە بۆ وتن، بەڵام لەوەدا هەژارن بتوانن بە کوردییەکی دوور لە هەڵە تەوزیفی نووسینی بکەن و نمایەکی ئێستاتیکایی بە دەقەکانیان ببەخشن. نەک هەر ئەوە، بەڵکو لە ڕووی وشەسازی و ڕێنووس و هونەری دەربڕین و داڕشتنیشەوە هەڵەگەلێکی زۆریان بەسەردا تێبپەڕیت.
بەو پێیەش ئەرکی بەڕێز (حەمە ئەحمەد جاف)ـە هەم سوپاسی خودا بکات کە لە شار و دەڤەرێکدا گۆش کراوە، دانیشتوانەکەی بە کوردییەکەی جوان و بێگرێوگۆڵ دەدوێن، هەم سوپاسی دایک و باوکی و کەسانی ناو ژینگە کۆمەڵایەتییەکەشی بکات کە وەک مامۆستا و فێرکارێکی خۆبەخش ئەویان لەسەر ئەو شێوەزارە ڕاهێناوە.
*
کتیبی شیعری (گەڕان بەدوای نیشتماندا) کۆشیعری بەڕێز (حەمە ئەحمەد جاف)ـە و قۆناغە جیاجیاکانی تەمەن و ئەزموونی شیعری وی دەگرێتەوە. ئەو کۆ شیعرە پێمان دەڵێت شاعیر نەک هەر لە جوغزێکی بەرتەسکدا شیعری نەنووسیوە و سووژەیەکی دیاریکراویشی نەکردۆتە بنەمای شیعرەکانی، بەڵکو هەموو ئەوەی تەوزیف کردووە کە درکی پێ کردووە و کاریگەری لەسەر هەست و نەستی داناوە و دووچاری ڕامانی کردووە. بۆیە شیعرەکانی وی ئەوە بەیان دەکەن لە یەک کاتدا شاعیری هەمووان و شاعیری سەرجەم شتە بەرجەستە و نابەرجەستەکانیشە.
لە ڕوانگەی منەوە، شیعرەکانی بەڕێز (حەمە ئەحمەد جاف) لەو کۆبەرهەمەیدا چەند خاڵێک نیشان دەدەن کە دەکرێت بەو جۆرەی خوارەوە ئاماژەیان پێ بکەین:
– لەگەڵ ئەوەی شیعرەکان لە ڕووی وشەسازی و داڕشتنەوە ڕوون و جوانن و بە ئاسانی واتا دەدەن بەدەستەوە و خوێنەر ماندوو ناکەن، بەڵام زۆرینەیان فکر و جیهانبینیەکی قووڵیان لەپشتەوە نییە و ناتوانن خوێنەر بە جۆرک ئاراستە بکەن جیاوازتر لە شیعری ئەوانی دی، لێیان بڕوانن، یاخود لە ڕووی تێگەیشتن و سەردەرکردن لە واتا شاراوەکانی بن وشە و دەستەواژەکانەوە، ناچار ببن ئێستێک بکەن و ڕابمێنن. ئەوەش دەکرێت بگەرێتەوە بۆ کەمتوانایی شاعیر لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە و ئەزموونە شیعرییەکانی ئەوانی دی لە جوگرافیا جیاوازەکانی دونیا کە لێیەوە بتوانێت دنەی توانا شیعرییەکەی بدات لە ڕووی نووسین و فۆرم و تەکنیکەوە.
– وەکچۆن کۆ شیعرەکە تێکەڵەیەکە لە شیعری جۆراوجۆر لە ڕووی ناوەڕۆک و سووژەوە، هاوکاتیش تێکەلەیەکە لە شیعری کورت و درێژ. ئەوەش پێمان دەڵیت شاعیر نەیویستووە زۆری لە خۆی بکات و ئەو مەبەستانەی لە میانی کورتە شیعرێکدا جێگەیان بۆتەوە، بەئەنقەست چەندێتییەکی زۆرتریان پێ ببەخشێت و خوێنەر وەڕەس بکات. لەو ڕووەشەوە، شایستەی ئەوەیە دەستخۆشیی لێ بکرێت.
– زۆر لە شیعرەکان تاموبۆی فۆلکلۆر دەدەن، چ وەک داڕشتن و زمانی نووسین، چ وەک کێش و قافیە و چ وەک ناوەڕۆک. ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە فۆلکلۆر و کەلەپووری میللی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بیر و ئەندیشەی شاعیر هەبووە و هێشتاش ناتوانێت دەستبەرداری ببێت و خۆی لێ نەبان بکات. هەڵبەت ئەوە بە خەوش و کێماسی دانانرێت، بەڵکو راستگۆیی وی نیشاندەدا لە کاریگەربوون بە فۆلکلۆر و کەلەپووری میللی و سوودلێوەرگرتنی لەکایەی شیعرنووسیندا.
– ئەگەرچی زۆرینەی شیعرەکان لە ڕووی داڕشتن و نووسینەوە دەچنە خانەی شیعری ئازاد، لێ دیسان شاعیر نەیتوانیوە یاخود نەیویستووە دەستبەرداری کێش و سەروا و بڕگە ببێت. بۆیە خوێندنەوەی شیعرەکان هاوشێوەی خوێندنەوەی چوارینە شیعرێک، یاخود شیعرێکی کلاسیکی ستوونی جۆرێک لە مۆسیقا و هارمۆنی دەبەخشێت. لەوەشدا دەکرێت بڵێم ڕێچکەی هەریەکە لە شاعیران شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێوی گرتۆتە بەر کە پەیوەستییەکی زۆریان هەیە بە کێش و سەروا و بڕگەوە لە شیعری ئازاددا.
– سەرباری هەبوونی یار و نەیار لە تەوزیفکردنی کەسێتییە کۆمەلایەتی و سیاسییەکان لە بۆتەی شیعردا، بەڵام شاعیر
بەشێوەیەکی ئاسایی ئەو کارەی ئەنجامداوە و لێیەوە ویستویەتی ئەوە بە خوێنەر بڵێت کە سەرسامبوونی بە ئەوان لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەگەڕێتەوە بۆ هەژموون و کارگەریان بەسەرییەوە لە ڕووی بیروباوەڕ و نۆستالژیاوە.
– بەڕێز (حەمە ئەحمەد جاف) گرنگییەکی زۆری بە شیعری یاد و بۆنەکان داوە، بەتایبەتی ئەو یاد و بۆنانەی ڕایەڵەیان بە کەسەکانەوە هەیە و شۆکی ڕووداو و کارەساتێکی چاوەڕێنەکراو دنەی داوە دەست بداتە قەڵەمەکەیی و لەڕێگەی نووسینی شیعرێکەوە کە تەژی بێت لە حەسرەت و لاواندنەوە، بێ ئۆقرەیی خۆی وەلابنێت.
هەرچەندە لە پەراوێزی هەر یەکێک لەو شیعرانەدا کورتە ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو کەسانەوە نووسیوە تاکو خوێنەران پەی بەوە ببەن کێیە و کێ نییە. لێ هێشتا ئەو شیعرانە لە جوغزێکی بەرتەسک و تایبەتدا دەمێننەوە و ناتوانن فۆرمێکی گشتگیر وەربگرن لەلای خوێنەران.
– هەرچەندە کۆ شیعرەکە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هەمەجۆرە و دەیان بابەتی گرتۆتە خۆ کە بە وشە بەرجەستە کراون، بەڵام هەڵبژاردنی ناونیشانێک کە پەیوەستە بە نیشتمانەوە، سەلمێنەری ئەوەیە شاعیر وابەستەییەکی بێئەندازی هەیە بە زێد و خاک و خۆڵی نیشتمانەوە. ئەو نیشتمانەی هێشتا زەوت کراوە و ئازاد نییە بە مانا ڕاستەقینەکەی. نیشتمانێک کە تیایدا چاوی کردۆتەوە و زمانی پژاوە و ساردی و گەرمییەکانی ژیانی ئەزموون کردووە.

دەستخۆشی لە بەڕێز (حەمە ئەحمەد جاف) دەکەم بۆ ئەو کۆشیعرەی و هیوای بەردەوامی بۆ قەڵەمەکەی دەخوازم.

* گەڕان بەدوای نیشتماندا، کۆشیعر، حەمە ئەحمەد جاف، چاپخانەی دانیشفەڕ، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠٢٦