ماکوان عێزەت – هەولێر
جگەرەکێشان لە قۆناغی دووگیانیدا یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو هۆکارانەی کە ڕاستەوخۆ کار لەسەر تەندروستیی دایک و گەشەی کۆرپەلە دەکات، بە جۆرێک پاشهاتە نەرێنییەکانی تەنیا بە قۆناغی سکپڕییەوە ناوەستن، بەڵکو دوای لەدایکبوونیش کاریگەرییە درێژخایەنەکانی بەسەر جەستەی منداڵەکەوە دەمێنێتەوە. پسپۆڕانی بواری ژنان و منداڵبوون دووپاتی دەکەنەوە کە هەڵمژینی دووکەڵی جگەرە و نێرگەلە بە هەمان ئەندازەی جگەرەکێشانی ڕاستەوخۆ زیانبەخشە.
لەو بارەیەوە، د. بنار دزەیی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون ڕوونی دەکاتەوە، لە ماوەی دووگیانیدا کۆرپەلە تەواوی خۆراک و ئۆکسجینی پێویست لە ڕێگەی ناوکەپەتکەوە لە دایکەوە وەردەگرێت؛ لە بەرامبەردا کاتێک دایکەکە جگەرە دەکێشێت یان لە ژینگەیەکی دووکەڵاویدا دەمێنێتەوە، کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی ژەهراوی و زیانۆک لە هەمان ڕێگاوە دەگوازرێنەوە بۆ نێو خوێنی کۆرپەلەکە و لە گەشەیدا کۆسپ دروست دەکەن.
دیارترین زیان و مەترسییەکانی جگەرەکێشان لەسەر کۆرپەلە و دایک:
• پەکخستنی گەشەی مێشک و سییەکان: ماددەی «نیکۆتین» ڕاستەوخۆ دەگاتە خوێنی کۆرپەلە و زیانی گەورە بە گەشەی تەندروستیی مێشک و کۆئەندامی هەناسە دەگەیەنێت.
• منداڵبوونی پێشوەختە و کەمکێشی: لەو ئافرەتانەی جگەرە دەکێشن، ئەگەری لەدایکبوونی منداڵی ناڕەس (ناکام) زۆر زیاترە بەراورد بەو ئافرەتانەی کە لە دووکەڵ دوورن.
• لەبارچوون و خوێنەچۆڕە: مەترسیی لەبارچوونی کۆرپەلە، خوێنەچۆڕی مەترسیداری منداڵدان و، دووگیانیی دەرەوەی منداڵدان لە دایکانی جگەرەکێشدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی مردنی کۆرپەلە یان کەوتنەمەترسیی ژیانی دایکەکە.
• کەمیی کارایی سییەکان و تووشبوون بە ڕەبۆ: ئەو منداڵانەی لە دایکانی جگەرەکێش لەدایک دەبن، توانای کارکردنی سییەکانیان کەمترە و لە داهاتوودا ئەگەری تووشبوونیان بە هەستیاری و تەنگەنەفەسی (ڕەبۆ) بە ڕێژەیەکی بەرز زیاد دەکات.
• شێواوی و ناتەواویی زگماکی: جگەرەکێشان ئەگەری پەیدابوونی شێواویی زگماکی وەک «لێوکەروێشکە» بەرز دەکاتەوە، جگە لەوەی هۆکارە بۆ پاشەکشەی توانای فێربوون، کەمبوونەوەی ئاستی زیرەکی و خاوبوونەوەی گەشەی هزریی منداڵ.
مەترسییەکانی جگەرەکێشانی ناڕاستەوخۆ (Passive Smoking)
ئەگەر ئافرەتی دووگیان خۆیشی جگەرە نەکێشێت، بەڵام لەگەڵ کەسێکی جگەرەکێشدا بژی یان بەردەوام بەر دووکەڵی جگەرە و ڤەیپ بکەوێت، ڕووبەڕووی هەر ئەو مەترسیانە دەبێتەوە. هەڵمژینی دووکەڵی دەوروبەر دەبێتە هۆی لەدایکبوونی منداڵی پێشوەختە بە کێشێکی کەمەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەگەری مردنی لەناکاوی کۆرپەلە پێش لەدایکبوون یان دوای لەدایکبوون.
د. بنار دزەیی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە هاوسەران و کەسوکاری خانمانی دووگیان بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن؛ بە تەواوی لە کێشانی جگەرە، نێرگەلە و، جگەرەی ئەلیکترۆنی (ڤەیپ) لە ماڵەوە یان لە نزیک خانمانی دووگیان دوور بکەونەوە، تا ژینگەیەکی تەندروست و بێ زیان بۆ گەشەی کۆرپەلە دەستەبەر بکرێت.

