رۆژنامەی ھەولێر

جارێکی دیکە یانەی ئارسناڵ گرنگی بە ڤینیسیۆس جونیۆر دەداتەوە و ڕەنگە ریاڵ ڕەتی نەکاتەوە

مامەیارە ئەحمەد – هە‌ولێر

یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، ڕێگەی بۆ ڕیاڵ مەدرید خۆش کرد تا یاریزانێک بگوازێتەوە ریزەکانی
یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی، لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا چانسی گواستنەوەی یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئیسپانیای زیاتر دەبێ، دوای کشانەوەی یەکێک لە ڕکابەرە سەرەکییەکان لە کێبەرکێیەکەدا.
بە پێی وتەی ڕۆژنامەنووس ئەنتۆنیۆ ڕویز، لە قسەکانیدا لە بەرنامەی ڕادیۆیی “ئێل پارتیدازۆ” (لە تۆڕی COPE)، سەرچاوەکانی ناو ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕەتیان کردووەتەوە هیچ دانوستانێک یان نیازی گرێبەستکردن لەگەڵ زوبیمێندی لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٧دا هەبێت، ئەو هەواڵانەی پێشتر ڕەت کردەوە کە ناوی ئەو یاریزانە وابەستەی ئەو یانەیە کرابوو.
هەڵوێستی ئەتلەتیکۆ پێشهاتێکی نوێیە، بە تایبەتی دوای ئەوەی دوێنێ ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانی بڵاوی کردەوە کە ڕیاڵ مەدرید و چێڵسی و ئەتلەتیکۆ مەدرید هەموویان ئارەزووی دەستخستنی ئەو یاریزانەیان هەیە، کە ڕەنگە بڕیار بدات ئارسناڵ جێ بهێڵێت بەهۆی کەمبوونەوەی ڕۆڵ و خولەکەکانی یاریکردین لەلایەن میکل ئارتێتای ڕاهێنەرەوە.
هەرچەندە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لە ڕکەبەرییەکەدا نەماوە، بەڵام کێبەرکێ لەسەر دەستخستنی زوبیمێندی هێشتا سەختە، بەو پێیەی ڕاپۆرتەکەی کۆپ ئاماژە بەوە دەکات کە یانەی چێڵسی ئەگەری زۆرە هەنگاو بۆ ئەو یاریزانە بنێ ئەگەر بڕیاری جێهێشتنی ئارسناڵ بدات، ئەمەش بە ڕێژەیەکی زۆر لەبەر ئەوەیە کە چابی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەر، کە پێشتر لە یانەی ڕیاڵ سۆسیداد کاری لەگەڵ کردووە، بە بەهرە و ئاستی ئەو یاریزانە سەرسامە.
ئەمەش ئەگەری پێشینەبوونی بۆ یانە لەندەنییەکە دەڕەخسێنێت، لە کاتێکدا ڕەنگە یانەی ڕیاڵ مەدرید بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە دەست بە جووڵە بکات. ئەمەش دوای ئەوەی لە هاوینی ٢٠٢٥ لە ڕیاڵ سۆسیداد ڕۆشت و پەیوەندیی بە یانەی ئارسناڵەوە کرد.
بەربەستی سەرەکی لەبەردەم ئەو یانانەی خواستیان لەسەر دەستخستنی ئەو یاریزانە هەیە، داواکارییە داراییەکانی یانەی ئارسناڵە. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی زە ئیندیپێندنت، یانە ئینگلیزییەکە ئامادە نییە بە کەمتر لە ٦٠ ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی دەستبەرداری زوبیمێندی ببێ، کە یەکسانە بە هەمان ئەو بڕە پارەیە کە بۆ کڕینی زوبیمێندی لە یانەی ڕیاڵ سۆسیداد خەرجی کرد.
ئەگەری ڕۆیشتنی یاریزانە ئیسپانییەکە لە زیادبووندایە، بە لەبەرچاوگرتنی زۆریی ئەو بژاردانەی کە ئێستا لەبەردەستی میکێل ئارتێتادایە، بەتایبەتی دوای گرێبەستکردن لەگەڵ برۆنۆ گویمارێسی بەڕازیلی بە بڕی 85 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی لە هاوینی ڕابردوودا، لەگەڵ ئەوەی بەم دواییە ڕاهێنەرەکە پشتی بە هەریەک لە گیماریش و دیکلان ڕایس لە هێڵی ناوەڕاستدا بەستووە.
جگە لەوەش داهاتووی زوبیمێندی بەستراوەتەوە بە پلانە هێرشبەرییەکانی یانەی ئارسناڵ، ئارتێتا دەیەوێت یاریزانێکی باڵی خێرا بهێنێتە ریزەکانیەوە، کە توانای ئەوەی هەبێت بە تۆپەکە بەرەو پێش بڕوات. ڕەنگە یانەکەیش پێویستی بە فرۆشتنی یاریزانێکی وەها گرانبەها هەبێ بۆ ئەوەی پارەی پێویست بۆ گواستنەوەی یاریزانی دیکە بەدەستبهێنێت.
لە کاتێکدا یانەی ڕیاڵ مەدرید بەردەوامە لە چاودێریکردنی دۆخەکە و هەڵوێستی یاریزانەکە، هاوکات ڕەتکردنەوەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لەوەی بایەخ بەو یاریزانە نادەن، ڕکەبەرییەکە لە نێو پایتەختی ئیسپانیاوە بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە کەم دەکاتەوە. بەڵام مەرج نییە ئەمە سوودێکی یەکلاکەرەوە بە ریاڵ مەدرید ببەخشێ، بە تایبەتی کە یانەی چێڵسی وەک ڕکابەرێکی بەهێز لە دانوستانە ئەگەرییەکاندا دەرکەوتووە- هەموو ئەمانە لە کاتێکدا ئارسناڵ لەسەر بەهای دارایی خۆی بەهێزە.

جارێکی دیکە یانەی ئارسناڵ گرنگی بە ڤینیسیۆس جونیۆر دەداتەوە و ڕەنگە ریاڵ ڕەتی نەکاتەوە
جارێکی دیکە ناوی ئەستێرەی بەڕازیلی ڤینیسیۆس جونیۆر کەوتەوە بەر تیشکەسەرنجی یانەی ئارسناڵ، پێشهاتێک کە دەتوانێت دەرفەتێک بۆ ڕیاڵ مەدرید دروست بکا بۆ پێداچوونەوە بە داهاتووی یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی، بەتایبەتی دوای دابەزینی ئاستی لەم وەرزەی تۆپی پێدا.
ڕۆژنامەنووسی ئیسپانی جۆزێپ پێدرێرۆل لە بەرنامەی “ئێل چیرینگیتۆ” ئاشکرای کردووە، ئارسناڵ ئارەزووی گواستنەوەی ڤینیسیۆس دەکات و لەوە دەکۆڵێتەوە ئەگەر بۆی بڕەخسێ بیباتە ریزەکانیەوە. بەڵام یانەکە ڕووبەڕووی بەربەستی دارایی دەبێتەوە بە تایبەت لەسەر بڕی مووچەکەی، کە ڕەنگە پێویستی بە فرۆشتنی چەند یاریزانێکی هەبێت بۆ دەستخستنی بڕەپارەی پێویست بۆ ئەو گرێبەستە.
پێدرێرۆل جەختی لەوە کردەوە کە کارگێڕیی یانەی ڕیاڵ مەدرید هێشتا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی لە ئارسناڵەوە لەسەر ئەو یاریزانە بە دەست نەگەیشتووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئایا یاریزانەکە خۆی ئارەزووی جێهێشتنی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکات یان نا، چ لە مانگی یەکی گواستنەوەی زستانە یان گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.
گرنگیدانی ئارسناڵ بە ڤینیسیۆس پێشهاتێکی نوێ نییە؛ یانە ئینگلیزییەکە هاوینی ڕابردوویش هەوڵی زۆری دا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا، لە کاتێکدا دانوستانەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید چەق بەستبوو.
ڕاپۆرتەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرشبەرە بەڕازیلییەکە لە پێشینەی کارەکانی ئارسناڵ بووە بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری. بەپێی زانیارییەکان، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە، ئەندریا بێرتا، پەیوەندیی لەگەڵ کەسانی نزیک و دەوروبەری یاریزانەکە کردووە. نوێنەرانی یانەکەش بە ڤینیسیۆسیان گەیاندووە کە دەتوانێت ببێتە کۆڵەکەیەکی گرنگی ئەو پڕۆژەیەی بە سەرۆکایەتی میکل ئارتێتای بەڕێوەبەری هونەریی یانەی ئارسناڵ دانراوە.
ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لەوە زیاتری گوت و ڕایگەیاند کە میکێل ئارتێتا خۆی سەرکردایەتیی ئەو هەوڵەی کردووە، یاریزانەکەی دڵنیا کردووەتەوە لە گرنگییەکەی بۆ پڕۆژەکەی ئارسناڵ. کە بەپێی زانیارییەکان یانەکە ئامادە بوو ئۆفەرێک پێشکەش بکات کە بڕەکەی دەگاتە 150 ملیۆن یۆرۆ.
بەڵام یانەی ڕیاڵ مەدرید لە ٦ی ئابی ئەمساڵ، کۆتایی بەو قسە و باسانە هێنا، ئەویش بە ڕاگەیاندنی درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکەی بۆ ڤینیسیۆس تا مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٣٢، بەو جۆرە دەرگای هەر ئەگەرێکی ڕۆیشتنی بەسەریدا داخست و یەکێک لە دیارترین چیرۆکەکانی داستانەکانی گواستنەوەی هاوینەی کۆتایی پێ هێنا.
جێگای سەرنجە کە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی، وای نەکرد ئاستی ئەو یاریزانە بەرز بێتەوە، بە پێچەوانەوە نەیتوانیوە وەکوو پێویست دەربکەوێ. بەڵکو ڤینیسیۆس ئێستە لە دۆخێکی سەختدایە؛ چونکە کاریگەری و ڕۆڵی هێرشبەریی کەم بووەتەوە، توانای دەرچوون لە یاریزانان و دروستکردنی جیاوازیی زۆری لەدەست داوە کە پێی ناسرابوو، ئێستە پرسیاری زۆری لەسەر دروست بووە و ڕەخنەی لێ دەگیرێ بەوەی چەند شایانی ئەوەیە لە نێو ریاڵ مەدرید شوێنێک بگرێت؟
دۆخەکە بۆ یاریزانە بەڕازیلییەکە زیاتر ئاڵۆزتر بووە بە هۆی بەراوردکردنی لەگەڵ یان دیۆماندێی تازەهاتوو. دوای ئەوەی ئەو یاریزانە باڵە ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کردووە و سوودی لە ئامادەنەبوونی ڤینیسیۆس وەرگرتووە بە هۆی سڕکردنەوە بۆ چوار یاری، ئەویش بە گۆڵکردن و دروستکردنی گۆڵەوە. بەمەش خۆی وەک ڕکابەرێکی جددی بۆ لای باڵی چەپ ناساندووە.
خواستەکەی یانەی ئارسناڵ دەتوانێت دەرفەتێک بۆ ڕیاڵ مەدرید بهێنێتە پێش بۆ ئەوەی بە داهاتووی ڤینیسیۆسدا بچێتەوە. بەتایبەتی ئەگەر دابەزینی ئاستەکەی بەردەوام بێت. لە کاتێکدا دیۆماندێ بەردەوام بێت لە درەوشانەوەی. هەرچەندە ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵی ئاسان نابێ.
هاوکات پێویستی ڕەزامەندی هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و یاریزانەکە دەبێ، ئارسناڵ ڕووبەڕووی ئاستەنگیی دارایی دەبێتەوە کە دەتوانێت یانەکە ناچار بکات بەشێکی یاریزانەکانی بەڕێ بکات بۆ ئەوەی بڕەپارەی پێویست بۆ ئەو گرێبەستە، یان گرێبەستی هاوشێوە دەست بخات.