كارزان گلی – هەولێر
رەجەب تەییب ئەردۆغان، ماوەی ٢٤ ساڵە پیاوی یەكەمی توركیایە و سەرەتا بووە سەرۆك وەزیران و پاشان سەركۆماری توركیا. بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، قسەی زۆر دەكرێت كە خۆی بەربژێر ناكاتەوە، بەڵام كەسە نزیكەكانی قسەیەكی تر دەكەن.
ئەردۆغان، دوای ئەوەی نەیتوانی ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران و دەستوور رێگەی لێی گرت، پەنای بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی برد لە پەرلەمانییەوە بۆ كۆماری و توانی سەركەوتوو بێت تێیدا، لەسیستەمی كۆماریشدا دوو خولە سەركۆماری توركیایە.
بەگوێرەی دەستووری توركیا بێت، هەموو كەسێك بۆی هەیە دووجار ببێتە سەركۆماری توركیا، بەمەش ئەردۆغان ناتوانێت خۆی بەربژێر بكاتەوە.
چەند رێگەیەك هەیە تا ئەردۆغان بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر، ئاسانترینی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی توركیایە، چونكە ئەگەر پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە خولی دووەمی بۆ حیساب ناكرێت، بۆیە وەكوو ئەوەی راوێژكارێكی تایبەتی خۆی باسی دەكات، لە مانگی نیسانی ٢٠٢٨دا توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، واتە پێنج مانگ بەر لەوادەی ئاسایی خۆی.
تەمەنی ئەردۆغان نزیك دەبێتەوە لە ٨٠ ساڵی، لەڕووی فیزیكییەوە زۆر قسەی لەسەر دەكرێت و تەنانەت چەند میدیایەكی جیهانی باس لەوە دەكەن، ئەردۆغان تەمەنی رێگەی نادات بتوانێت بۆ خولی سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر.
پرسیارە جدییەكە ئەوەیە، ئایە ئەردۆغان خۆی بەربژێر دەكاتەوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە چەندین سەركردەی سیاسی ناو ئاكەپە قسەیان كردووە.
شامل تەیار، پەرلەمانتاری پێشووی ئاكەپە، لەهەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە، بیلالی كوڕی ئەردۆغان باشترین كەسە بۆ ئەوەی شوێنی باوكی بگرێتەوە.
ئەم گوتەیە هەرایەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، چونكە وەكوو دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە و هاوپەیمانی ئاكەپە باسی كرد، باشترین بەربژێر ئاكەپە و مەهەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی توركیا ئەردۆغانە.
بۆچوونەكان بۆ ئەوەن بۆ خولی سێیەمیش ئەردۆغان خۆی بەربژێر دەكاتەوە، بەڵام بۆ خولی چوارم ناتوانێت و تەمەنی رێگەی پێنادات، بۆیە بیر لەكەسێكی تر دەكەنەوە.
بیلالی كوڕی ئەردۆغان، لەزۆر بۆنەدا دەردەكەوێت و وەكوو باوكی قسە دەكات و جوڵە دەكات، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە دەیانەوێت بیلال ئامادە بكەن بۆ دوای ئەردۆغان، بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە بیلال كاریزمایی تێدایە یان نا؟
باس لە دوو كەسایەتی تر دەكرێت بۆ شوێنگرەوەی ئەردۆغان لەداهاتوودا، ئەوانیش هاكان فیدان و بەرات ئالبەیراكی زاوایەتی، بەڵام فیدان زۆر باسی لێوە دەكرێت و تەنانەت باس لەوەش دەكرێت، ئەردۆغان بۆ خۆی دەیەوێت فیدان شوێنی بگرێتەوە.
چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی پێانوایە، ئاكەپە بەبێ ئەردۆغان لاواز دەبێت و كۆتایی پێدێت، چونكە ئەوە تەنیا ئەردۆغانە دەتوانێت زۆرینە بەدەست بهێنێت و خەڵك ئەویان دەوێت نەك كەسایەتییەكی تر، بۆیە بەنەمانی ئەردۆغان، ئاكەپە خۆری ئاوا دەبێت.
بەنەمانی موستەفا ئەتاتورك، جەهەپە نەیتوانی لەتوركیا ببێتە زۆرینە و بەردەوام دەنگەكانی لەكەمی داوە، هەروەها بەنەمانی نەجمەدین ئەربەكان، پارتی رەفاح كۆتایی پێهات و بەنەمانی تورگوت ئۆزەلیش، پارتی ئەناپ كۆتایی پێهات، ئەمەش پێمان دەڵێت كەسایەتی زۆر گرنگە و راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر چارەنووسی پارتەكەی دەبێت.

