مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزباییەکی ئاراستەی کۆمپانیای “زۆم” کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی لە وڵاتی فەرەنسا و رۆڵی کۆمپانیای “زۆم”ـی لە گەشەپێدانی کەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و رەخساندنی هەلی کار بەرز نرخاند.
لە نامەیەکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی گەرمی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی کۆمپانیای “زۆم” کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نێودەوڵەتیی (2026 Consumer GRANDS PRIX) لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کە رۆژی پێنجشەممە، 05ـی تشرینی دووەم، لەلایەن گرووپی جیهانیی (TOP COM) پێیان بەخشراوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆڵی کۆمپانیای “زۆم”ـی لە گەشەپێدانی کەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و رەخساندنی هەلی کار و پاڵپشتیکردنی گوندنشینان، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی بەرهەمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهانی؛ بەرز نرخاند.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا مەسرور بارزانی ئەوەی خستەڕوو، حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی پڕۆژە نیشتمانییەکان بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری و ناساندنی زیاتری بەرهەمی ناوخۆیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

