رۆژنامەی ھەولێر

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: لە قۆناغی سەرەتادا هاوکاریی پێشکەشکی 541 خێزانی زەرەرمەندی شاری هەولێر دەکرێت

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕایگەیاند؛ لەم قۆناخەدا، هاوکاریی پێشکەشکی 541 خێزانی زەرەرمەندی شاری هەولێر دەکرێت؛ هاوکارییەکان دەگەیەنرێنە 300 خێزانی هەردوو گەڕەکی سێبەردان و شێخ ئەحمەد و لە چەند رۆژی داهاتووش، 241 خێزانی دیکە هاوکاریی دەکرێن.

دوێنێ، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ زیانلێکەوتووانی شاری هەولێر ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، 15 تیمیان لە یەکەم ساتەوەختی روودانی لافاوەکەوە، بە هاوکاری لەگەڵ تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە کارەکانیان کردووە و زیاتر لە 1447 شوێنیان تۆمارکردووە کە زەرەرمەند ببوون.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی لەوەش کرد، 100 لیتر نەوت بۆ هەر خێزانێکی زەرەرمەند دەدرێت و هەوڵدەدرێت ئەم هاوکارییە پێش هاتنی سەرمای زستان بگاتە دەستی لێقەوماوان. هەروەها، بۆ هەر خێزانێک بڕی دوو فەرش و بەتانی و دۆشەک و پێداویستیی دیکەی وەک خۆراک، سوپا و شیری منداڵان دابین دەکرێت.
ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەم شەپۆلێکی بەهێزی باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و شەوی شەممە، 7ی تشرینی دووەم گەیشتە لووتکە. بارینی بڕێکی یەکجار زۆری باران لە ماوەیەکی کورتدا بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەندین گەڕەک و شەقامی شاری هەولێر.