بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لەو پەرلەمانتارانەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ پەرلەمانی سوید سەرکەوتوون، ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە سوید بە هاوکاریی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوید و کۆمیتەی هاوکاریی پارتە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، ئێوارەخوانێکی فراوانی ساز کرد.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتە سیاسییە جیاوازەکانی سوید، ئیسماعیل کامیل سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، هەروەها کەسایەتیی ئەکادیمی و نوێنەرانی دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە ڕێزلێنانی نیشتمانی و وتنی سرودی “ئەی ڕەقیب” دەست پێکرد، و لە بڕگەیەکی تریدا هونەرمەند هوگر چەند گۆرانی و مۆسیقایەکی نیشتمانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
شایانی باسە، ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێوڕەسمە و میوانداریکردنی پەرلەمانتاران، تاوتوێکردنی چۆنیەتیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان بوو لەگەڵ پەرلەمان و پارتە سیاسییەکانی سوید لە سەرجەم توێژ و تەوەکاندا. هەروەها تیشک خسترایە سەر چۆنیەتیی پەرەپێدانی چالاکییەکانی ڕەوەندی کوردی لە ئایندەدا و بەهێزترکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ “تۆڕی دۆستانی کورد” لە پەرلەمانی سوید.

