رۆژنامەی ھەولێر

رامانێك بە دیار شانۆگەریی لەچكەوە

كامەران حاجی ئەلیاس

لە هۆڵی سەفوەت جەڕاح بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر _ هەولێر بەڕێوەبەرایەتی سینەماو شانۆی هەولێر بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی كوردستان سیمینارێكی شانۆیی بۆ شانۆكارانی شاری هەولێر رێكخست سیمینارەكە لە ژێر ناوی (هەوڵدان بۆ بووژاندنەوەی بزووتنەوەی شانۆ لە هەولێر) بوو، لە ماوەی هەردوو رۆژەكەدا هونەرمەندان (م. سەباح عەبدولڕەحمان، د. ژیلوان تاهیر، م. كرمانج مستەفا، م. محەمەد جەمیل) لەگەڵ شانۆكاراندا ئامادە بوون، گەنگەشەیان لەسەر رەوتی شانۆ لە هەولێر كرد و چەندین راوبۆچوون خرانە روو. هەر لە میانی سیمنارەكەدا سیروان عوسمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر _ هەولێرەوە، وەرزەپاییزەی شانۆی هەولێری راگەیاند كە نمایشکردنی چەند نمایشی لەخۆ گرتبوو:

رێکەوتی ٢٣/٩/٢٠٢٦ شانۆی (رووناكییەك خۆری ئاوا كرد) لە نووسینی و دەرهێنانی جووتیار رەفعەت و، رێکەوتی ٢٦/٩/2026 شانۆی (دڵسۆزی لە پەراوێزدا) لە نووسینی نووح شاخەوان لە دەرهێنانی شێركۆ نەژاد و، رێکەوتی ١٧/١٠/٢٠٢٦ شانۆی (لەچك) لە دراماتۆرگ و دەرهێنانی مەولان حەمەدەمین نمایش كران. نیاز وایە هەر لەم وەرزەدا چەندین شانۆی تریش نمایش بكرێن؛ هیوادارین ئەم هەنگاوە بێتە هۆی بووژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر.

چەمكی شانۆی لەچك
شەڕ هەمیشە وێرانكاری بەدوای خۆیدا بەجێ دەهێڵێت و، بە نەرێنی کار دەکاتە سەر كۆمەڵگا، بەتایبەتی ئافرەت وەكو دایك وەكو خوشك زیاتر رووبەری ناسۆرییەكان دەبنەوە ئەمەش زیاتر لە شەڕی برای كوژیدا رەنگ دەداتەوە بەداخەوە چەندین كاری قێزون، دوور لە لە بەها مرۆڤایەتییەكان لە كاتی شەڕ روودەدەن وەكو جەرگ سووتان و هەتكردن و دەستدێژكرنە سەر نامووسی یەكتر. ئەمە چەمك و ناوەڕۆكی شانۆگەریی (لەچك) بوو.
تێكستی شانۆگەریەكە لە دەقی چەند نووسەرێك ئامادە كرابوو كە دەرهێنەر دراماتۆرگی بۆ كردبوو؛ لەوانە: نووسەر ئەمین مەعلووف لە شانۆیی (ئاریانە دایك) و عەبدوڵا پەشێو لە دەقی شیعری (براكوژی)دا لەگەڵ چەند پەیڤێكی خودی دەرهێنەر مەولان حەمەدئەمین.

بۆچی لەچك؟
ناونیشان بۆ هەموو كارێكی هونەری و ئەدەبی گرنگە چونكە دەبێتە هۆی راكێشانی سەرنجی بینەر و وەرگر؛ زۆر جاریش وابووە ناویشان گوزراشت لە ناوەڕۆكی بابەتەكە بووە هەندێك جاریش بەپێچەوانە ناونیشانەكە تەنها بۆ راکێشانی سەرنجی بینەر بووە هیچ پەیوەندیەکی بە ناوەڕۆكی بابەتەكەوە نەبووە.
لەچك چەندین مانا و مەدلووی خۆی هەیە؛ بمانەوێت یان نەمانەوێت لە نێو كۆمەڵگای ئێمەو كۆمەڵگای ئیسلامیدا لەچك بەهای تایبەتی خۆی هەمیشە وەكو هێمایەك بۆ ئافرەت بۆ ئەوەی وابەستە بێت بە کولتوور و دابونەریتی موسڵمانەتیەکەی خۆی. بۆیە لەچك ئەو خوێندنەوەی بۆ كراوە و وەكو ئەركێكی ئایینی سەیر كراوە. هەندێك جاریش وەكو ستایلی هاوچەرخ و وەكو مۆدیل و شیكپۆشین بەكار هاتووە. لەچك لەم شانۆگەرییەدا مانای تایبەتی خۆی هەیە وەكو بەهای شەرەف، نامووس سەیر كراوە. دەرهێنەر لە سۆنگەی ئەم روانگەوە بنیادی بۆ شانۆگەرییەكەی كردبوو.
من هەمیشە وتوومە ئاوێتەكردنی چەند تێكستێك بۆ بونیادنانی دەقی شانۆیی كارێكی ئاسایی نییە هەرچەند ئەگەر رووداوەكانی تێكستەكانیش لەیەك نزیك بن لەلایەكی تریش لەوانەیە خودی نووسەرەكان ئەم حاڵەتەیان لەلاباش نەبێت، لەوانەیە پێیان ناخۆشیش بێت. دراماتۆرگی لەچک، دەرهێنەر (مەولان حەمەدەمین) کردبووی؛ تا رادەیەكی باشیش سەركەوتوو بوو لە کارەکەیدا؛ هەرچەندە تێكستی سەرەكی شانۆگەرییەكە لە دەقی (ئازایانە دایك)ی ئەمین مەعلووف وەرگیرابوو.

نواندن:
نواندن هەمیشە رۆڵی سەرەكی دەبینێت لەسەر كەوتنی هەر نمایشێك هاوكێشەیەكی هاوتەریبە لە پرۆسەی دەرهێناندا هونەرمەند (زیاد كەریم) لەرۆڵی شێركۆ ئەو نواندنی لە سێ حاڵەتی جیاجیای لە یەك كاتدا بەرجەستە دەكرد (شێركۆی هەتككراو و تەحەڕوشكەر، شێركۆی سەرخۆش، شێركۆی نابینا) بێگومان نواندن لە حاڵەتێكەوە بۆ حاڵەتێكی یاخود لە یەك كاتدا بۆ سێ نواندنی جیاواز پێویستی بە توانست و وەزەی زۆری ئەكتەری دەوێت چ لە رووی دەنگە چ لە رووی جووڵە و ئاماژەكان. زیاد كەریم بەهۆی ئەوەی خاوەن ئەزموونێكی باشی نواندنە توانی سەركەوتووانە رۆڵەكەی بەرجەستە بكات. خاتوو شادی عوسمان لە رۆڵی (ئاریانە) دایك وەكو خاك، نیشتیمان وەك زانراوە خاڵی سەرەكی نواندن لە هەر ئەكتەرێكدا دەنگ پشكی شێری بەردەكەوێت؛ شادی خان لە رووی دەنگ و هەست و سۆز و گوزراشتەكانی سەركەوتوو لە گەیاندنی رۆڵەكەی زۆر بە وردی كاری لەسەر كردبوو كاردانەوەی لەگەڵ حاڵەتەكان و دیالۆگەكانی بەرامبەری زۆر بە روونی هەستی پێ دەكرا؛ لە هەمان كاتدا شوێنپەنجەی دەرهێنەر لەسەر نواندنەكەی دیار بوو، بۆیە دەستخۆشیی لێ دەكەم. ئەحمەد دلێر لە رۆڵی (هەندرون)، ئەگەرچی لەچاو هەردوو ئەكتەرەكە بەركەوتەی لەگەڵ هەردووكیان هەبوو؛ وەكو كوڕی دایك و باوك لە رێگەی نواندنەكەیەوە بە دوای راستی و رەسەنی خۆی دەگەڕا بۆیە دەبوایە چەندین حاڵەتی جۆراجۆری نواندنی بەرجەستە كردبا ئەركێكی قورس بوو دەبوایە زیاتر ئامادە باشی بۆ كاردانەوەی حاڵەتەكان و روداوەكان هەبوایە بە بۆچوونی خۆم لە زۆربەیان سەركەوتووبوو لە هەندێكاش وەك پێویست نەبوو راستە نواندنی سەرجەم ئەكتەرەكان نواندنێكی ریالیستی بوو بەڵام هەستم كرد كاك ئەحمەد لە رووی دەنگ و دەمودووەوە هەندێك زیادەڕەیی لە دیالۆگەكانی دەكرد.

دەرهێنان
هونەرمەند مەولان حەمەدەمین وەكو دەرهێنەری شانۆگەرییەكە بۆ نمایشەكەی زیاتر لەسەر كاری قوتابخانەی ریالیستی كاری كردبوو لەدابەش كردنی تەختەی شانۆ تەوزیف كردنی شوێن بەجۆرێك جووڵەی ئەكتەرەكان لەگەڵ دیمەنەكان ئیساتیكای بە نمایشەكە بەخشی بوو ماوەی نمایشەكە 60 خولەك بوو ریتمی شانۆگەرییەكە وای لە بینەران كردبوو كە تووشی وەڕزی نەبن؛ تا ئەو رادەیەی لەگەڵ رووداوەكان ئاوێتە ببوون هۆڵەكەی كپ و بێدەنگ كردبوو. دەرهێنەر كۆتایی شانۆگەرییەگەی بە هەمان دیمەنی پێشەكی شانۆگەرییەكەی كۆتایی پێ هێنا، چارەسەرێكی باشی درامی بۆ شانۆگەرییەكە كردبوو كە گوزراشت بوو لە ناسۆری بەردەوام و دەرهاوێشتەكانی و، نیشانی دەدا شەڕ تاچەند كار دەکاتە سەر كۆمەڵگا.
ناکرێ رۆڵی دیكۆر و رووناكی و موزیك و گۆرنییەكان و ئیكسسوار و مكیاژ لەم نمایشەدا باس نەکەین؛ هەریەكەو كاریگەریی خۆیان لە نمایشەكە هەبوو؛ بۆ نموونە: بەكارهێنانی دەرگا وەكو دەرگای ماڵ لە هەمان كاتدا وەكو كۆڵان لە كاتی دیالۆگەكاندا و، بۆ هەریەكەیان رەنگی شەوقی تایبەت بە خۆی بەكار دەهات كە گوزرارشتی لە حاڵەتەكان دەكرد؛ بەكارهێنانی موزیكی زیندوو (كەمان و عود) نمایشەكەی كاریگەرتر کردبوو.

ستاڤی شانۆگەری (لەچك)
• دەرهێنەر و دراما تۆرگ: مەولان حەمەدەمین
• رۆڵگێڕ: شادی عوسمان لە رۆڵی (ئاریانە)، ئەحمەد دلێر لە رۆڵی (هەندرون)، زیاد كەریم لە رۆڵی (شێركۆ)
• بەڕێوەبەری شانۆ: ڤیانا حسێنی
• نەخشەسازی و ریكلام و میدیا: هەڵۆخان سەلاح
• دیكۆر: عەلی ئەڵوەنی
• میوزیک: هێمن محەمەد و، ئارام سەردار
• ڕووناكی و جێبەجێكردن: محەمەد رەشید

تیمی كارگێڕی
• سەپەرشتیاری بەرهەم: سیروان عوسمان
• لیژنەی بەرهەمهێنان: شاخەوان مستەفا و مەهدی حەسەن
• تیمی تەكنیكیی هۆڵ: هیوا عوسمان و رەشید تاریق و، نزار سلێمان
دووبارە دەستخۆشی لە ستاڤی شانۆگەرییەكە دەكەم هیوای كاری باشتریان بۆ دەخوازم.