رۆژنامەی ھەولێر

بە هۆی رۆماننووسێكەوە ئاڵای ئامەد سپۆر چووە ناو پەرلەمانی توركیا

كارزان گلی – هە‌ولێر

زولفوو لیڤانەلی، رۆماننووس و گۆرانیبێژی بەناوبانگی توركیا، بەهۆی ئەوەی ئاڵای ئامەد سپۆری خستە ملی و پاشان فاشیستەكان هێرشیان كردە سەری و بەپاڵپشتی تیرۆر ناویان برد، زولفوو بەناچاری ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە.

بۆ بەشداریكردن لە چالاكییەكی هونەری، لیڤانەلی داوەتی ئامەد كرابوو تا چەند گۆرانییەك بچڕێت، بەڵام سەرۆكی یانەی ئامەد چووە لای و ئاڵای ئامەد سپۆری خستە ملی و بەو ئاڵایە سەلامیان لە ئامادەبووان كرد.
سەدان هاووڵاتیی رەگەزپەرست و دژە كورد، نەیانتوانی قبوڵی بكەن لیڤانەلی ئاڵای ئامەد سپۆری پێوە بێت، بۆیە بە تیرۆریست و پاڵپشتی تیرۆر ناویان برد، تەنانەت باسیان لەوەش كرد كە ئەوەی ئەو كردوویەتی خیانەتە.
فشار بۆ سەر لیڤانەلی زیادی كرد و ناچاریان كرد لە ڤیدیۆیەكدا سازش بهێنێتەوە، بەڵام ئەو سازشە كوردی نیگەران كرد.
لیڤانەلی گوتی: ”بڕۆن خەمی سیاسیی خۆتان بە باخچەلی بڵێن، چوومەتە ئەو چالاكییە و سەرۆكی یانەی ئامەد هاتووە ئاڵای ئامەد سپۆری خستووەتە ملم و سەلاممان لەخەڵك كردووە.“
لە بەشێكی تری ڤیدیۆیەكەیدا دەڵێت: ”ئەگەر ئێوە ترستان هەیە، خەمی سیاسیی خۆتان بە باخچەلی بڵێن، چونكە ئەوان بڕیاریان داوە و ئەوان دروستكەری ئامەد سپۆرن.“
كوردەكان بەو ڤیدیۆیەی لیڤانەلی نیگەران بوون و گوتیان ئامەد سپۆر، یانەیەكی یاساییە و پێویست ناكات سازش بهێنیتەوە بەوەی ئاڵای ئامەد سپۆرت خراوەتە سەر شان.
پەرلەمانتارێكی سەر بە ئاكەپە، لەناو پەرلەمانی توركیا وەكوو وەڵامێك بۆ لیڤانەلی، ئاڵای ئامەد سپۆری خستە ملی و ئاماژەی دا، ئەو یانەیە یاساییە و عەیبە نییە بیخەیتە ملت.
چەند سیاسییەكی ئاكەپەش بەهەمان شێوە، رەخنەیان لە لیڤانەلی گرتووە و دەڵێن، فاشیستەكانی ناو ئۆپۆزسیۆن، ناچاریان كردیت سازش بهێنیتەوە، بۆ بابەتێك نە عەیبەیە و نە تاوانە.
لیڤانەلی، رۆمانەكانی بۆ سەر چەندین زمانی جیهان وەرگێڕدراون، هەروەها چەند رۆمانێكی ئەو نووسەرە بۆ سەر زمانی كوردیش وەرگێردراوە.
بەردەوام خۆی بە دۆستی كورد ناساندووە و گوتوویەتی، لای من مرۆڤ هەر مرۆڤە جا سەر بەهەر رەگەزێك یان نەژادێك بێت، بۆیە لەكۆنسێرتێكدا گۆرانییەكی چڕی و گوتی ئەو گۆرانییە پێشكەشە بە سەلاحەدین دەمیرتاش.
ئامەد سپۆر، توانیویەتی ببێتە ئەو یانەیەی سەركەوتن دوای سەركەوتن لە توركیا بەدەست بهێنێت، ئەمەش بەلای رەگەزپەرستەكانەوە قبوڵكراو نییە، بۆیە بەردەوام فشار دەكەنە سەر ئەو یانە و دەیانەوێت دابخرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، كاتێك ئامەد سپۆر سەركەوت بۆ سوپەر لیگی توركیا و شان بەشانی گالاتاسارای و فەنەرباخچە و بێشكتاش یاری دەكات، پیرۆزبایی لەئامەد سپۆر كرد و هیوای خواست سەركەوتوو بن.
دەوڵەت باخچەلییش بەهەمان شێوە، پیرۆزبایی لێی كرد، لە كاتێكدا پێشتر داوای دەكرد ئەو یانەیە دابخرێت و ببێت بە یانەی دیاربەكر سپۆر.
بەشێكی زۆری ئەو پەرلەمانتارانەی كوردن لەناو ئاكەپە و جەهەپە دان، بوونەتە لایەنگریی ئامەد سپۆر و لە هەموو یارییەكانی ئەو یانەیە ئامادە دەبن و بەشانازییەوە بەئاڵای ئامەد سپۆرەوە دڵخۆشی خۆیان بۆ سەركەوتنی دەردەبڕن و بڵاویشی دەكەنەوە.