رۆژنامەی ھەولێر

سەهەند شەمسەدین؛ خەونی وەرزشیم بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانە لە ئۆڵۆمپیاددا

دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی

سەهەند شەمسەدین كەمال، قوتابی لە کۆمەڵگەی بارزانی نەمرویاریزانی تایكواندۆ لە یانەی وەرزشی پەروەردە، ماوەی شەش ساڵە لە دەستەی تازه پێگەیشتوان لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا پلەی یەكەمی هەیه و شەش ساڵە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە و، خاوەنی چەندین مەدالیای زێرە، لە دیمانەیەکدا بۆ رۆژنامەی هەولێر تیشکی خستەسەر.

هەستت چۆن بوو کاتێک لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا ئاڵای کوردستانت بەرز کردەوە؟

توانیم لە ڕێگەی وەرزشەوە کوردبوونم بە جیهان بناسێنم.
زۆرێک لە یاریزانەکان داوای وێنەگرتنیان لەگەڵم دەکرد، بە تایبەتی کاتێک ئاڵای کوردستانیان دەبینی.

هەستت چۆن بوو کاتێک لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا ئاڵای کوردستانت بەرز کردەوە؟
هەستێکی ناوازەم هەبوو، چونکە توانیم لە ڕێگەی وەرزشەوە کوردبوونم بە جیهان بناسێنم. زۆرێک لە یاریزانەکان داوای وێنەگرتنیان لەگەڵم دەکرد، بە تایبەتی کاتێک ئاڵای کوردستانیان دەبینی. ئەو ساتانەم سەرچاوەی شانازی و خۆشی بوون، چونکە هەستم دەکرد بەشدارییەکەم تەنها بۆ خۆم نییە، بەڵکو بۆ ناساندنی گەلەکەمیشە.

چۆن خۆت بۆ پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان ئامادە دەکەیت و قورسترین یارییەک کە ئەنجامت داوە کام بووە؟
هەموو یاریزانەکانی بەرامبەرم یاریزانی بە توانابوون و لە وڵاتەکانی خۆیاندا ئاستێکی بەرزیان هەبوو. بەڵام تیمەکەمان دوو مانگ پێش پاڵەوانێتییەکە ئامادەکارییەکی باشی بۆ ڕێکخستین، لەوانە کەمپی ڕاهێنان. سوپاسی یانەی پەروەردە و ڕاهێنەری نێودەوڵەتی، مامۆستا محەممەد مزفەر، دەکەم کە زۆر ماندووبووە و هۆکاری سەرەکیی پێشکەوتنم بووە. لەو کەمپەدا، بە شێوەیەکی سەربازی ڕاهێنانمان دەکرد؛ کۆنترۆڵی خواردنمان لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەکرا و پزیشکی بەڕێز، هەژین، زۆر یارمەتیدەرمان بوو. ڕاهێنانی جەستەیی لە هۆڵی وەرزشی بە ئامێری ئاسن، ڕاهێنانی تەکنیکی کە ڕۆژانە بە دوو شەفت لە هۆڵی تەیکواندۆی مامۆستا مزفەر و هۆڵی تەیکواندۆی کۆمەڵگەی بارزانی نەمر و پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان ئەنجاممان دەدا، ڕاهێنانی دەروونیشمان لەلایەن دکتۆرێکی پسپۆڕەوە وەردەگرت، چونکە ئەم جۆرە ڕاهێنانە زۆر پێویستە و دەبێت هەڵبژاردەکان بە شێوەیەکی پیشەیی ئامادە بکرێن. لەم سیستەمەدا ڕاهێنرام و توانیم بە باشترین شێوە خۆم ئامادە بکەم و ڕاهێنانی سەخت ئەنجام بدەم، هەموو یارییەکان بەهێز بوون، بەڵام یاری لەگەڵ ئۆزبەکستان زۆر سەخت بوو. بەرامبەرەکەم یاریزانێکی جیهانی بوو، بەڵام بە گوێڕایەڵیی ڕاهێنەرم و هەوڵدان توانیم سەرکەوتوو بم.

وەک قوتابییەک، چۆن توانیوتە هاوسەنگی لەنێوان خوێندن و وەرزشدا دروست بکەیت؟
وەک قوتابییەک، وەرزش نابێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی خوێندن، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆی پێشکەوتن و گەشەکردنی کەسایەتی. وەک ووتەیەکی جیهانی هەیە، دەڵێت: (عەقڵی تەندروست لە جەستەیەکی تەندروستدایە). پێویستە قوتابییان وەرزش بکەن و بەشداری لە چالاکییە وەرزشییەکاندابکەن. وەرزش شێوازێکی تایبەت و ناوازەی ژیان دروست دەکات و چێژێکی تایبەتی هەیە، بە تایبەتی بۆ وەرزشکاری پیشەیی. سەفەرکردن بۆ وڵاتانی جۆراوجۆر، ناسینی کەلتووری گەلانی تر، گەشەکردنی زانیاری و هۆشیاریی جیهانی، دروستکردنی هاوڕێ لە وڵاتانی جیهان و فێربوون لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان، هەمووی بەشێکن لەو دەستکەوتانەی وەرزش پێشکەشی دەکات. بۆیە، ئەگەر لە ئاستی خوێندنمدا کێشەیەک هەبووبێت، ئەوە تەنها کەمبوونی کات بووە، بە تایبەتی کاتێک ڕاهێنان و سەفەرەکانم زۆر بوون.

لە سەرکەوتنەکانتدا، ڕۆڵی خێزان و مامۆستاکانت چەند گرنگ بووە؟
گرنگترین پشتگیریی هەر پاڵەوانێک، دوای خوا، باوک و دایکییەتی؛ چونکە ئەوان لە ڕێنمایی، پاڵپشتی، کۆڵنەدان و پەروەردەکردندا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. سوپاسی دایک و باوکم دەکەم و هەمیشە خۆم قەرزارباریان دەزانم، بەهۆی پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوی و سەبرگرتنیان. بۆ ماوەی نۆ ساڵە بەبێ پچڕان ڕاهێنان دەکەم و ئەوان لە زۆربەی ئەو ماوەیەدا لەگەڵم بوون. تا ئێستا نزیکەی ١٥ سەفەری دەرەوەی وڵاتم کردووە، لەگەڵ چەندین سەفەری ناوخۆی عێراق و کوردستان، کە لە زۆربەیاندا دایک و باوکم لەگەڵم بوون. هەروەها، وەک یانەی پەروەردە، جەنابی وەزیری پەروەردە، کە سەرۆکی فەخریی یانەکەمانە، هەموو جۆرە هاوکارییەکی بۆمان کردووە و خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە لە کاتی بەڕێوەبردنی یانەکەدا بوومەتە پاڵەوان. سوپاسی بەڕێوەبەرانی یانەکەمان، مامۆستا شیلان و مامۆستا یوسف، دەکەم بۆ پشتگیرییەکانیان.

لە ڕووی تەکنیکی و دەروونییەوە، چی یارمەتیت داوە لە یارییە سەختەکاندا سەرکەوتوو بیت؟
لە یاریی تەیکواندۆدا دەبێت هەموو شتێک لەبەرچاو بگریت. کاتێکی درێژ و ماندووبوونێکی زۆرت بۆ خۆ ئامادەکردنی پاڵەوانێتییەکان دەوێت، بۆیە نابێت هەڵەیەک بکەیت. ئەزموونی یاریزان و ڕاهێنەر زۆر گرنگە. یاریزانەکانی بەرامبەرمان لە ئاستێکی بەرزداندان و ئەوانیش زۆر ماندوو بوون و گەیشتوونەتە کۆتایی. جارێک پێویستە شەش یان حەوت یاری ئەنجام بدەیت، بۆیە دەبێت بە هەستیارەوە گوێڕایەڵیی ڕاهێنەرەکەت بیت. ڕاهێنەر یاریزانانی بەرامبەرمان پێشتر بینیوە، لێکۆڵینەوەی لەسەر کردوون و خاڵە بەهێز و لاوازەکانیانی هەڵسەنگاندووە. منیش بە متمانەبەخۆبوون، بەهێزیی بیر و لەش، تەکنیک و ئەزموون توانیم سەرکەوتوو بم.

بۆچی پێت وایە منداڵان دەبێت لە تەمەنی بچووکەوە وەرزش بکەن؟
هەموو منداڵان دەبێت وەرزش بکەن، بە تایبەتی دایک و باوکان منداڵەکانیان لە تەمەنی بچووکەوە هان بدەن بۆ وەرزش. وەرزش دەتوانێت ببێتە باشترین مامۆستا لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا؛ لە خوێندنەوە تا تەندروستیی جەستە، بەرزبوونەوەی پلەی کۆمەڵایەتی، دروستکردنی شێوازێکی جوانی ژیان و خزمەتکردنی وڵات. منیش لە ڕێگەی تەیکواندۆوە چێژێکی زۆرم وەرگرتووە. تەیکواندۆ یارییەکی بەرگریی ئۆڵۆمپییە و لە جیهاندا دوای تۆپی پێ، لە یارییە بەناوبانگەکان دادەنرێت. ئەم یارییە کاریگەریی لەسەر توانای بەرگری، متمانەبەخۆبوون، بەهێزکردنی جەستە و دوورکەوتنەوە لە هەڵچوونە. هەروەها، بەهۆی بوونی پارێزەرەکانی جەستە (دەرع)، ئەم یارییە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بە کۆمەڵێک یاسای دیاریکراو ئەنجام دەدرێت. بەڵام هەر وەرزشێک پێویستی بە ڕاهێنانی دروست و چاودێریی ڕاهێنەر هەیە.

بەشداری لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەزموونی وەرزشی تۆ هەبووە؟
تا ئێستا بەشداریی زۆرم لە پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتدا کردووە، لەوانە پاڵەوانێتییەکانی قەتەر و پاڵەوانێتییە جیهانییەکانی G1. پاڵەوانێتییەکانی G1 لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گرنگن، چونکە یاریزانانی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان تێیدا بەشداری دەکەن و ئەزموونێکی جیاواز بە یاریزان دەبەخشن. بەشداری لەم جۆرە پاڵەوانێتییانەدا دەرفەتێکە بۆ پێشبڕکێ لەگەڵ یاریزانانی ئاستبەرز و ناسینی شێوازی یاریی ئەوان. بەهۆی بەشداریی زۆرم لەم پاڵەوانێتیانەدا، ئەزموونێکی زۆرم بەدەست هێناوە و ئێستا دەتوانم خۆم بە یەکێک لە یاریزانە ئەزمووندارەکانی کوردستان و عێراق بزانم.

گەورەترین ئاستەنگییەک کە لە ژیانی وەرزشیدا ڕووبەڕووت بووەتەوە چی بووە و چۆن لێی تێپەڕیویت؟

ناخۆشترین ئاستەنگێک کە ڕووبەڕووم بووەتەوە، کاتێک لە هەڵبژاردەی عێراقدا بووم و لە کاتی کەمپی ڕاهێنان بۆ ئامادەبوونمان بۆ پاڵەوانێتیی ئاسیای مالیزیا، تووشی پێکانێکی قوڕگ و قاچ بووم. ئەو کەمپە لەگەڵ یاریزانانی ئێران و ئوردن و عێراق ئەنجام دەدرا. بەهۆی ئەو پێکانەوە نەمتوانی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنم، بەڵام هەرگیز کۆڵم نەدا. دوای گەڕانەوە، بە خێرایی دەستم بە چارەسەری پزیشکی و سروشتی و ڕاهێنانی ئاسن کردەوە. دوای سێ مانگ، سوپاس بۆ خوا، توانییم بە تەواوی بگەڕێمەوە ناو ڕاهێنانەکانم.
گرنگترین دەستکەوتەکانت چین؟
پلەی پێنجەمی جیهان لە جامی جیهانی ٢٠٢٤.
پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕ لە کاسی نێودەوڵەتیی فوجەیرەی ئیمارات، G1.
پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕ لە جامی وڵاتانی عەرەبی ٢٠٢٥، فوجەیرەی ئیمارات.
پلەی یەکەم لە پاڵەوانێتیی کراوەی قەتەر ٢٠٢٥.
پلەی دووەم و مەدالیای زیو لە پاڵەوانێتیی G1ی عومان، لە وڵاتی ئوردن، ٢٠٢٦.
پلەی سێیەم لە Turkish Open ـی G1 لە ئەنتالیا.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، مەدالیای زێڕم لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی G1ی دوحەی قەتەر بەدەست هێنا.

پەیامت چییە بۆ پشتگیریکردن لە بواری وەرزشی کوردستان؟
بەردەوامم لە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە و ناساندنی گەلەکەمان بە جیهان. هیوادارم بەرپرسانی وەرزشی و سیاسی گرنگیی زیاتر بە وەرزش بدەن، چونکە وەرزش، بە تایبەتی وەرزشە تاکەکەسییەکان، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە ناساندنی وڵات و گەلەکەماندا بگێڕێت. داوا لە جەنابی سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی پەیوەندیدار دەکەم پشتگیریی وەرزشکارانی کورد بکەن، چونکە لاوانی کورد و خێزانەکانیان لە ڕووی داراییەوە زۆر بە زەحمەت دەژین. بەهۆی قەیرانە داراییەکانەوە، وەرزشە تاکەکەسییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر پشتگوێ خراون و زۆرێک لە وەرزشکاران ناتوانن بەشداری لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا بکەن. بەهۆی ئەم کێشانەوە، هەندێک وەرزشکار ناچار دەبن بۆ یانەکانی تر لە عێراق یاری بکەن. لە کاتێکدا لە زۆرێک لە وڵاتاندا کۆمپانیاکان ڕۆڵی سپۆنسەریی تیم و یاریزانان دەبینن، لە کوردستاندا پێویستە گرنگیی زیاتر بەو بابەتە بدرێت. داوا دەکەم حکومەت و کۆمپانیاکان پشتگیریی وەرزشکاران بکەن، چونکە لە کوردستاندا منداڵ و گەنجی بە توانای زۆر هەن کە دەتوانن لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکاندا دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنن.

خەونی گەورەت چییە؟
خەونی گەورەم بەشداری لە ئۆڵۆمپیادی جیهانییە، کە بۆ چوار ساڵی داهاتوو خۆم بۆی ئامادە دەکەم. ئەمە خەونێکی زۆر گەورە و ئەستەمە، بەڵام هیوادارم بە یارمەتیی خوای گەورە پێی بگەم. تا ئێستا لە عێراقدا کەسێک لەم تەمەنەدا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە، بۆیە خەونەکەم پێویستی بە ڕاهێنانی بەردەوام و پشتگیریی خێزان و بەرپرسان هەیە. خێزانەکەم، بە تایبەتی باوکم، زۆر یارمەتیم دەدات. پلانی ئەوەم هەیە کە لە زۆربەی پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری بکەم و مەدالیا بەدەست بهێنم. هەروەها لە ڕاهێنانەکاندا بەردەوام دەبم و هەوڵ دەدەم لە هەر پاڵەوانێتییەکدا ئەزموونی زیاتر بەدەست بهێنم. خەونەکەم بەدی بهێنم و ئاڵای کوردستان لە ئۆڵۆمپیاددا بەرز بکەمەوە.