سێكتەری زنجیرەدراما لە توركیا، لە قەیرانێكی گەورەدایە و وای لێهاتووە ناتوانن وەكوو پێویست زنجیرەدراما بەرهەم بهێنن و رەوانەی وڵاتانی تری بكەن.
بە گوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی (DW) توركی، زنجیرەدرامای توركی، لە ١٧٠ وڵاتدا سەیر دەكرێت و ئەمەش وەكوو هێزی نەرمی توركیا دادەنرێت، بەڵام ئەم سێكتەرە لەتوركیا كەوتووەتە قەیرانێكی سەخت، بەهۆی هەڵاوسانی ئابووری و هەروەها ئەو قەیرانە سەختە داراییەی لە هەموو سێكتەرەكان توركیای گرتووەتەوە.
توركیا بەهۆی ئەو زنجیرەدرامایانەوە ملیۆنان دۆلار قازانج دەكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی تێچووی زنجیرەدراما زۆر گران بووە، بۆیە ئەو سێكتەرە كەوتووە ناو قەیرانێكی سەخت.
لەساڵی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٣، داواكردنی زنجیرەدرامای توركی لەلایەن وڵاتانە ١٨٤٪ زیادی كرد، بەو هۆیەوە ملیۆنان دۆلار هاتووەتە توركیا و قازانجیان كردووە، جیا لەوەی لەرێگەی ئەو زنجیرەدرامایانەوە توركیا توانیویەتی هێزی نەرمی خۆی بنوێنێت و كاریگەریی لەسەر كەرتی گەشتیاریش هەبێت، چونكە لەبەشێكی زۆری ئەو زنجیرەدرامایانەدا دیمەنی جوانی توركیا نیشان دەدرێت تا بتوانن گەشتیار رابكێشنە وڵاتەكەیان.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە زنجیرەدرامای توركی بكەوێتە قەیرانەوە، كەمی ریكلامە لەناو زنجیرەدراماكان و هەروەها كەمی سپۆنسەرە.
لە توركیا هەموو شتێك دوو تا سێ و چوار بەرامبەر زیادی كردووە، سێكتەری زنجیرەدراماش بەهەمان شێوە تێچووەكەی زۆر گران بووە، بۆیە ناتوانن بەشێوەیەكی رێكوپێك بەرهەمی بهێنن و هەر لە زنجیرەی چوار تا پێنج دەگەنە فیناڵ و شكست دەهێنێت، بۆیە ناتوانن وەكوو پێشووتر ئەو زنجیرەدرامایانە رەوانەی وڵاتانی تر بكەن.
وەكوو ئەوەی ئاژانسی (DW) باسی دەكات، بەرهەمهێنەرانی زنجیرەدراما، داوایان لە ئەكتەرەكان كردووە، پارەی خۆیان كەم بكەنەوە و وەكوو پێشووتر وەرینەگرن، بەتایبەت ئەوانەی رۆڵی سەرەكییان هەیە، بەڵام ئەكتەرەكان پێیان وایە، بەهیچ شێوەیەك كەمی وەرگرتنی پارە لەلایەن ئەوانەوە كێشەكە چارەسەر ناكات، بەڵكوو ئەوەی وای كردووە زنجیرەدرامای توركی بكەوێتە قەیرانەوە، ئەو قەیرانە سەختە داراییەیە كە توركیای گرتووەتەوە و تێچووی بەرهەمهێنانی زنجیرەدراماش زیادی كردووە و كۆمپانیاكان ناتوانن وەكوو پێویست زنجیرەدراما بەرهەم بهێنن.
زنجیرەدرامای توركی تێچووەكەی زۆر زۆرە، بۆ هەر زنجیرەیەك ٢٠ بۆ ٣٠ ملیۆن لیرەی توركی پێویستە، زنجیرەدراما هەیە زیاترە لە ٧٠ زنجیرەیە، بۆیە ئەگەر ریكلامی نەبێت و سپۆنسەری نەبێت، ناتوانێت لە سێ زنجیرەزیاتر بەرهەم بهێنێت و دەچێتە فیناڵەوە.
یەكێكی تریش لەكێشەی زنجیرەدرامای توركی ئەوەیە، سیناریۆكان وەكوو پێویست نین و بەیەكتری دەچن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی داواكردنی زنجیرەدرامای توركی بەرەو كەمی بچێت و سپۆنسەرەكان كەم ببنەوە.
یەكێك لە نووسەرەكانی رووسیا، لەبارەی زنجیرەدرامای توركییەوە دەڵێت: ”زنجیرەدرامای توركی، ژەهرێكە بە ناو كۆمەڵگەدا بڵاو دەكرێتەوە.“
تەنانەت لەناو توركیاش دەیان رەخنەگری زنجیرەدراما پێیانوایە یەكێك لەكێشە هەرە گەورەكان ئەوەیە، زنجیرەدرامای توركی هیچ مانایەكی نییە و تەنیا بۆ راكێشانی بینەر بابەتی كرچ و كاڵ و دووبارە دەكەنەوە، ئەمەش بینەر بێزار دەكات.
داهاتی ساڵانەی زنجیرەدرامای توركی ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە، هەروەها لەتەواوی دونیا یەك ملیار بینەری هەیە.
فرۆشتنی هەر زنجیرەیەكی توركی نرخەكەی لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٦٥٠ هەزار دۆلارە، واتە هەندێك زنجیرەدراما هەیە، نرخەكەی زۆرە و هەندێكیش كەم.

