ڕائیب جادر – هەولێر
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات ھەنگاوی گەورەی ناوە بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دەرەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بڕی پێنج ھەزار تۆن ئالیک بۆ تورکیا و سووریا، ڕەوانە کراوە.
حکوومەتی ھەرێم بایەخێکی تایبەتی بە گەشەپێدانی کەرتە جیاوازەکان داوە و لە نێویاندا بە تایبەت، کەرتی کشتوکاڵ، ھەروەھا جیا لە بە بازاڕکردنی بەروبوومی جووتیاران لە ئاستی ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵاتیش، بایەخێکی زۆریشی بە دروستکردنی سایلۆ لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان داوە، وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پتەوکردنی ئاسایشی کشتوکاڵ و ئابووریی، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو ھەزار و سەد و حەفتا و پێنج پڕۆژەی کشتوکاڵی لە شار و شارۆچکە جیاکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی ھەرێم جێبەجێ کراون.
جووتیاران کێبڕکێی باشترین بەرھەم دەکەن، بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ چەندین بەرھەمی جیاوازی کشتوکاڵی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئاستی بەرھەمھێنانیان لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیارانی ناوخۆدا کە بەرھەمەکانیان لە ڕێی دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە، ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت، سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێگەیاند و توانرا بۆ یەکەمجار چەند جۆرێک لە بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت، کە کشتوکاڵ لە ھەرێم ھەنگاوی گەورەی ناوە بەو پاڵپشتییەی حکوومەت کە بۆ بەرھەمی ناوخۆ دەیکات.
گرنگیدانی حکوومەت بە کەرتی کشتوکاڵ بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەھێزکردنی ئابووری، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و ھاوردەکردن، حکوومەت بە ئامانجی بووژانەوەی ئەم کەرتە، پشتیوانییەکانی لە چەندین ڕێگەی سەرەکییەوە پێشکەش دەکات.
پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی، سەپاندنی باج لەسەر بەرھەمی ھاوردەکراو و قەدەغەکردنی کاتیی ھاوردەکردنی ھەندێک بەرووبووم لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی خۆماڵیدا، بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی جووتیاران.
بە سەدان ھەزار تۆن، ھەنار، ھەنگوین، سێو، ترێ، سماق، برنجی کوردی و تەحینی ئامێدی ڕەوانەی بازاڕەکانی کەنداو وەک ئیمارات، ئەوروپا و وڵاتانی دیکە دەکرێن.
جگە لە بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی ھەناردەکردنی کەرەستەی کواڵێتی بەرزی وەک شیش، چیمەنتۆ، کەرپووش، کێبڵ، موبلیات و کەلوپەلی ناوماڵ بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر.
بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان ھەولێر و بەغدا، کێشەی ڕێگری و ڕەوانەکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی ھەرێم بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە تەواوی چارەسەر کراوە، ئەمەش دەرگایەکی گەورەی بۆ جووتیاران کردووەتەوە.
ڕەمەزان مەحموود، شارەزا لە بواری کشتوکاڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی گەورەی لە بواری کشتوکاڵ ناوە، کاتێک بڕیاری بردنە دەرەوەی بەرھەمی ناوخۆی کوردستانی دا بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەمە ئومێدبەخش بوو، جووتیار ھەمیشە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکەی گەورەترین خەمی ئەوەی بوو چۆن ئەو بەرھەمە ساغ بکاتەوە و تووشی زیان نەبێت و بتوانێ ڕەنجی ماندووبوونی وەربگرێتەوە، کردنەوەی بازاڕ لە دەرەوە ھەنگاوێکی گەورەبوو، ھەرێمی کوردستان دەتوانێ بەشێکی زۆری بەرھەمەکانی ڕەوانەی دەرەوە بکات.
دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم کاری گەورە کردووە لە بواری کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ، ھەموو ھاوکارییەکی بۆ جووتیاران ڕاگەیاندووە و کەرتی کشتوکاڵ پێشوەچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ھەروەھا چەندین بەرھەمی ناوخۆ ڕەوانەی دەرەوە کراون و وەک براندێکی کوردستان بۆ ئەوەی بەرھەمەکان لە دەرەوە بناسرێنەوە، چەندین وڵات ئەو بەرھەمانەی ھەرێمیان بۆ ڕەوانە کراوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە بوارەکانی خۆراکیی و بیناسازیی و چەندین بواری دیکەدا، ھەرێمی کوردستان توانای دابینکردنی زیاتر لە نیوەی پێداویستی ناوخۆیی ھەیە. ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر، ئاشکرای کرد، لە چوارچێوە و کارنامەی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەو گرنگیدانەی بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە، بووەتە ھۆی زیادبوونی بەرھەمەکانی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر، دەشڵێ: بەخۆشحاڵییەوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتییمان، ڕێگە درا بە ھەناردەی بەرھەمی ئالیک بۆ وڵاتی تورکیا و سووریا کە بڕەکەی پێنج ھەزار تۆنە لە ئالیکی بەرھەمھاتووی پڕۆژەکان.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، حکوومەت پاڵپشتی جووتیارانە بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان نەمێنێتەوە و بازاڕی ھەبێت، ساڵی ڕابردوو چەند ھەنگاوێک نران و ژمارەیەک بەرھەم ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کران.

