رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم…لە سەروەختی هەورەبروسکەدا

حەمەسەعید حەسەن
ئەو ئاڵۆزییەی بە سیمای خۆشەویستییەوە دیارە، هی ئەوەیە لە خۆشەویستیدا، هەم جەستە ڕۆڵی هەیە و هەم دەروون، هەم تاک و هەم کۆمەڵ، هەم تایبەت و هەم گشتی، ئەوە بۆیە لە خۆشەویستیدا، هەم لایەنی ڕوون هەیە و هەم تەمومژاوی، هەم لایەنی نهێنی هەیە و هەم ئاشکرا. هەر کۆمەڵگەیەک، بە شارستانی ئاشنا بووبێت، خۆشەویستی تێیدا، کەم تا زۆر هەبووە، ئاخر ئەوە خۆشەویستییە فۆرم بە ئاکاری ئینسان دەبەخشێت و ڕۆڵی کاربڕی لەوەدا هەیە، ئینسان بە شێوەیەکی دروست گەشە بکات. خۆشەویستی دەشێت بە پلە و ئاستی جیاواز هەبێت، بەڵام ناشێت نەبێت، ئاخر ئەگەر خۆشەویستی نەبوو، ئینسانیش نابێت. ئینسان ئەگەر بە حاڵەتی خۆشەویستیشدا تێپەڕ نەبووبێت، شتێک هەر لەبارەیەوە دەزانێت، وەک چۆن نابینا دەزانێت ڕووناکی چییە و نابیستیش لە مانای دەنگ تێدەگات.

تۆلستۆی دەڵێت: (با کەسیشت خۆش نەوێت، ئەوە بەو مانایە نایەت، خۆشەویستی لە ناخی تۆدا نییە، خۆشەویستی لە ناخی هەموو کەسێکدا هەیە، بەڵام بەربەستیش هەیە، لێ ناگەڕێت هەمووان ئەو خۆشەویستییە دەرببڕن.) ئێریک فرۆم لە کتێبی (هونەری ئەڤین)دا دەڵێت: (ئەو تەنگژەیەی دووچاری بوونی ئینسان هاتووە، تەنیا بە خۆشەویستی چارەسەر دەکرێت، بەڵام بەگەڕخستنی خۆشەویستی ئاسان نییە، هونەرێکە پێویستی بە توانا و تێگەیشتن هەیە. نابێت خۆشەویستی لە پێوەندیی سێکسیی نێوان دوو ڕەگەزدا بچووک بکەینەوە، ئاخر خۆشەویستی هەوێنی هەموو چالاکییە باڵاکانی ئینسانە.) دەشێت ئینسان چەندان جار بکەوێتە نێو خۆشەویستییەوە، بەڵام خۆشەویستیی ڕاستەقینە، قووڵەکەیانە، ئەوەیان کە بەردەوامیی دەبێت.

فیلیا: بە مانای خۆشەویستی و هاوژینی دێت، بە مانای ئەو هێزە دێت کە دوو کەس بەرەو لای یەکدی ڕادەکێشێت و وایان لێ دەکات لە ڕووی ڕۆحییەوە لە یەکدییەوە نزیک بن. فیلیا: ئەڤینێکی ڕۆحیی ڕاستەقینەیە، دڵنیایی ڕۆحییە، لە یەکدی نزیکبوونەوەیەکی دەروونی و لە یەکتر تێگەییشتنێکی قووڵە. شارستانی زادەی خۆشەویستییە، خۆشەویستیی نێوان ژن و مێرد و خزم و کەسوکار و هاووڵات و نیشتمان. کە باوەڕ بە خۆ بوون و هەستکردن بە دڵنیایی، بێ چەندوچوون زادەی خۆشەویستی بن، ئیدی دەبێت لەوەیش بێ گومان بین، گەشەکردنی کۆمەڵی ئینسانییش، هەر بە خۆشەویستییەوە بەندە.

ئەوە ڕێککەوت نییە کە فیلیا، کەوتووەتە پێش سوفیاوە، فیلیاسوفیا: بە مانای خۆشویستنی حیکمەت دێت، خۆشویستنێکی قووڵ کە دڵنیایی ڕۆحی دابین دەکات. یۆنانییەکان مەبەستیان لە (ئاگاپێ) ئەو خۆشەویستییە بوو کە لەسەر بناغەی عەقڵ ڕۆ دەنرا، دەتوانرا پاساوێک کە عەقڵ پێی قایل بێت، بۆ ئەو خۆشەویستییە بهێنرێتەوە، چونکە خۆشەویستییەک نەبوو خۆڕسک، پێوەندی بە هەستەوە هەبێت، بەڵکوو زادەی ئاکاری جوانی کەسی خۆشەویست بوو، زێتر لە ڕێز لێ گرتنەوە نزیک بوو.

(لە بارەی خۆشەویستییەوە،) نامەیەکی بەناوبانگی ستانداڵە، ساڵی ١٨٢٢ نووسیویەتی، تێیدا ئاماژەی بۆ چوار چەشن لە خۆشەویستی کردووە: خۆشەویستییەک کە زادەی چڵێسییە، خۆشەویستییەک کە زادەی ئارەزووە، خۆشەویستییەک کە پێوەندیی بە جەستەوە هەیە و خۆشەویستییەک کە گەڕانە لە دووی ناوبانگ و شکۆمەندی. سەرچاوەی خۆشەویستی چییە و خۆشەویستی لە چییەوە سەرهەڵدەدات؟ ئەم پرسیارە بە درێژایی مێژوو، بیرمەندانی سەرقاڵ کردووە. ئەفسانەیەک هەیە دەڵێت: بە یەکبوونی ژن و پیاو، وەک هاوسەرگیریی نێوان ئەرز و ئاسمان وایە، لە سەروەختی هەورەبروسکەدا، زەوی مێیە، هەور هێلکەیەتی کە ئاسمانی نێر، بە باران دەیپیتێنێت.