رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژە پەیوەندیدارەکان بە ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ و پۆند و بەنداوەکان قەبارەی زیان و مەترسییەکانی لافاویان لە هەولێر کەمکردەوە

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

ئەم شەپۆلە بارانەی کە چەند ڕۆژێک بوو ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو بێ زیان نەڕۆیشت و پشکی شێری ئەو زیانەش بەر دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی هەولێر و ژمارەیەک بازاڕ کەوت و بەداخەوە جگە لە زیانی مادی دوو کەسیش گیانیان لەدەستدا. ئێستا کە هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە جێی خۆیەتی پەنجە لەسەر هەموو ئەو هۆکارانە دابنرێت کە بوونەتە هۆی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە هەندێک کۆڵان و گەڕەک و شەقام و حاشای لێ ناکرێت کۆمەڵێک هۆکار کاریگەرییان هەیە لە ڕوودانی کارەساتی هاوشێوە و دووبارەکردنەوەی ئەم کارەساتە سروشتییەی کە ناکرێ بێبەری بێت لە دەستی مرۆڤ.

ئەگەر لە هۆکارە سروشتییەکەوە دەست پێ بکەین ئاشکرایە پەیوەندی بەوە هەیە کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بارانێکی زۆر لە هەر شوێنێک ببارێت ئەم جۆرە ڕووداوانە بە دوای خۆیدا دەهێنێت هەر چەندە جیاوازیی کاریگەرییەکان لە شوێنێک لەگەڵ شوێنێکی دیکە پەیوەندی بە ئامادەکارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە هەیە و بەرپرسیارێتیی تاکەکانی کۆمەڵگە و لە هەمان کاتدا دام و دەزگاکانی حکوومەتیش ڕۆڵ دەگێڕن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی، هەولێر ئەو شوێنە بوو کە لە ماوەی ڕۆژێکدا حەفتا ملم بارانی لێ باری ئەمەش نەک لە بیست و چوار کاتژمێر بەڵکوو لە چەند کاتژمێرێکدا باری و حاشای لێ ناکرێت ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوو کۆمەڵێک پڕۆژەی پەیوەندیدار بە ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ و پۆند و بەنداوی جێبەجێ نەکردبا بە دڵنیاییەوە زیانەکان زۆر زیاتر دەبوون هەر چەندە ئەمەش ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە نیوەچڵ مانەوەی هەندێک پڕۆژە بەهۆی کەمی یان نەبوونی بودجە هۆکارێک بووە لەوەی لە هەندێک گەڕەک کاریگەرییەکانی بارانی بە لێزمە زیاتر بن.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە هەموو جیهان دەرکەوتوون و کارەساتی سروشتیی وەک بوومەلەرزە و گڕکان و لافاو لە تەواوی جیهان ساڵانە بە سەدان ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی وڵاتان و دانیشتووانی زەوی دەگەیەنێت. لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ زیاتر بەدیار کەوتنی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و دیاردەی گەرمبوونی زەوی ئەو زیانانەش زۆر بەرچاوتر بوون.
ساڵانە کۆی ئەو زیانە ڕاستەوخۆیانەی جیهان بەهۆی کارەساتە سروشتییەکان بەری دەکەوێت لە نێوان سێسەد تا چوارسەد ملیار دۆلاردایە کە زیانی لافاو زۆرترین ڕێژە پێکدەهێنێت و زیانەکانی لە نێوان سەد و بیست تا دووسەد ملیار دۆلارە. ئەمە جگە لەو سەدان ملیار دۆلار زیانی ڕاستەوخۆیەی بەر ژێرخانی ئاوەدانکردنەوەی جیهان دەکەوێت. بەگشتی ساڵانە زیاتر لە سەد ملیۆن کەس لە دانیشتووانی جیهان دەکەونە ژێر کاریگەریی مەترسیداری لافاوەکان و کە زۆر جار زیانی گیانیشی بەدواوە دەبێت و لە نوێترین ڕووداوی لافاوی نیپاڵ کە لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵ ڕوویدا زیاتر لە حەوتسەد و پەنجا کەس گیانیان لەدەست دا و بە سەدانی دیکە بێسەروشوێن بوون.
هۆکارێکی دیکە هەیە کە پەیوەندی بە دەستی مرۆڤەوە هەیە، بەهۆی ئەوەی کە بۆ ماوەی چەندین مانگ ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان ئاوی کەمیان پێدا ڕۆیشتووە زۆر جار کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک دەبنە هۆی گیرانی مەنهۆڵەکان و کاتێک ئاوەکە بە باشی دەرناچێت کۆ دەبێتەوە و لە گەڕەک و شەقامەکان ڕەنگ دەداتەوە.
یەکێک لە سەرەکیترین هۆکاری گیرانی مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکانیش خەڵک خۆیانن و بەداخەوە کاتێک باران نییە خەڵک چی زبڵ و خاشاک هەیە لە بەر دەرگا و گۆڕەپانی گەڕەکەکان و زۆر جار لەسەر شەقامەکان فرێی دەدن و زبڵەکەش بە سووکە بایەک یان ئاوێک دەچێتە ئاوڕۆکان و بەسەر یەکتردا کەڵەکە دەبێت و هەمووان چاوەڕێی بارانی بە لێزمە دەکەن بەڵکوو شەقام و ئاوەڕۆکانیان بۆ خاوێن بکاتەوە، هەستی بەرپرسیارێتیی تاک بە تاکی کۆمەڵگە لێرەدا ڕۆڵی خۆی بەرجەستە دەکات و ناکرێ بە بێ هەڵوەستە بەسەرماندا تێپەڕێت.
هەموو ئەو هۆکارانە کاتێک دەچنە پاڵ یەکتر دەبنە هۆی ئەوەی کاریگەری و زیانەکانیش زیاتر ببن و زیانەکانیش ساڵ بە ساڵ دووبارە ببنەوە و ساڵێک لە دەربەندیخان و ساڵێکی دیکە لە هەولێر و ماوەیەکی دیکە لە شوێنێکی خۆی بنوێنێتەوە و کاتی ئەوە هاتووە مزگەوت و پەروەردە و حکوومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەندازیار و کرێکاری شارەوانی دەست لە ناو دەستی یەکتر هۆکارە مرۆییەکان بۆ کەمترین ئاست کەم بکەنەوە.