خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
ڕۆمانی (جرجەکان) بەرهەمێکی تازەی ئەدەبی کوردییە، بە شێوازێکی مۆدێرن و ئاڵۆز مامەڵە لەگەڵ دۆخی کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان دەکات، پاش جەنگ، قەیرانە قووڵە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات. ئیسماعیل حەمەمین لەم ڕۆمانەدا بە زمانێکی توند و وێنەی تراژیدی، ڕەخنەیەکی ڕیشەیی ئاراستەی سیستمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاکاری دەکات.
ناونیشانی ڕۆمانەکە
(جرجەکان).
«ڕاتیزم – Ratism» یان (جرجیزم). مەبەستی ناوی ئەو گیاندارە نییە، بەڵکوو ئایدۆلۆژیایەکە، شێوازێکی بیرکردنەوە و ڕەفتارە لە ناو سیستمە دیکتاتۆری و گەندەڵەکاندا. لە لاپەڕە ١٨دا، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکرێت کە چەمکی (ڕاتیزم) ئایدۆلۆژیایەکە و ئەو کەسەی پەیڕەوی دەکات بە تەواو شارەزای تێوەرە و تیزی جرجیزمە. ئەم جۆرە لە وێناکردن، ڕۆمانەکە دەباتە قۆناغێکی هێماگەری، کە تێیدا جرج هێمایە بۆ ئەو مرۆڤانەی کە لە ناو زبڵدانی مێژوو و سیاسەتدا دەژین، سیخوڕی دەکەن، لەسەر حیسابی قوربانییەکان گەشە دەکەن.
لە لایەکەوە گوزارشتە لەو هێزە وێرانکەر و مشەخۆرانەی، کە لە تاریکیدا کۆمەڵگا دەخۆن و گەندەڵی بڵاودەکەنەوە، لە لایەکی تریشەوە هێمایە بۆ ژیانی ژێرزەمینی و ئەو دۆخە نالەبارەی، مرۆڤەکانی تێدا بچووک کراونەتەوە و خەسڵەتە مرۆڤایەتییەکانیان لەدەست داوە. جرجەکان نوێنەرایەتی ترس، قێزەونی، وێرانبوونی بەهاکان دەکەن لە سەردەمی داڕماندا.
تەکنیکی گێڕانەوە و زمان
گێڕانەوە لە ڕۆمانەکەدا تەکنیکێکی نەریتی و سادە نییە، بەڵکوو نووسەر پەنا بۆ تێکشکاندنی کات و شوێن دەبات، کە تایبەتمەندییەکی دیاری ڕۆمانی سەردەمە.
پارچە پارچە لە گێڕانەوەدا: دەقەکە پڕە لە فلاشباک و بازدانی کاتی، ڕەنگدانەوەی حاڵەتی دەروونیی شێواو و ناسەقامگیری کارەکتەرەکانە.
زمانی دەق: زمانێکی ڕەق، بریندارکەر و هەندێک جار شۆکهێنەرە. نووسەر خۆی لە ڕازاندنەوەی ڕۆمانسیانە دەپارێزێت، وشەکان وەک چەکێک بۆ نیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی ئازارەکان بەکاردەهێنێت. وەسفەکان وردن و خوێنەر ڕاستەوخۆ دەبەنە ناو ژینگەیەکی پڕ لە دڵەڕاوکێوە.
سایکۆلۆژیای کارەکتەرەکان
کارەکتەرەکانی (جرجەکان) پاڵەوانی نموونەیی یان ئایدیاڵ نین، بەڵکوو قوربانیی دەستی مێژوو، جەنگ، گەمە سیاسییەکانن، ئەوان گیرۆدەی نامۆبوونێکی قووڵن، هەم لەگەڵ دەوروبەرەکەیان، هەم لەگەڵ خودی خۆشیاندا.
بێهوودەیی: کارەکتەرەکان لەناو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێنەوە، هەست بە بێمانایی ژیان و نەمانی خەونەکانیان دەکەن. ترسە دەروونییەکان وایان لێدەکات نەتوانن پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ یەکتر دروست بکەن.
شەپۆلی هۆشیاری: بەکارهێنانی دیالۆگی ناوەکی و شەپۆلی هۆش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی خوێنەر ڕاستەوخۆ بچێتە ناو زەینی شڵەژاوی کارەکتەرەکان و تێگەییشتنێکی قووڵتری بۆ ئازارەکانیان هەبێت.
لە ساتیرییەوە بۆ تراژیدیایەکی قووڵ (کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال)
کاتێک ڕۆمانەکە دەگاتە سەر باسی تاوانە گەورەکانی وەک کیمیابارانی هەڵەبجە و پرۆسەی ئەنفال، تۆنی گێڕانەوەکە لە کۆمیدیایەوە دەگۆڕێت بۆ شیکارییەکی تراژیدی و بەڵگەنامەییەکی مێژوویی ڕەق. لە لاپەڕەکانی ١٣٩ و ١٤٠دا، نووسەر بە دڵتەنگییەوە پەنجە دەخاتە سەر تاوانی شازدەی ئازاری ١٩٨٨ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی خەڵکی سڤیل. لێرەدا، تەکنیکی دۆکیۆمێنتاری تێکەڵ بە ڕۆمانەکە دەکرێت، ئاماژە بە ناوی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەکرێت وەک – (کارل کۆلب) کە کەرەستەی دروستکردنی گازی خەردەل و ئەعساب و سارینیان بە ڕژێمی عێراق فرۆشتووە. هەروەها ناوی کۆمپانیای WET – Water Engineering Tradingەدەهێنێت، کە بە بیانووی دروستکردنی پڕۆژەی ئاو و تێراوکردن، کەرەستەی کیمیایی و ژەهراوییان داوە بە بەعس بۆ دروستکردنی کارگەی چەکی کیمیایی لە سامەڕا وکە بەناو کارگەی دەرمان بوو.
ڕۆمانەکە ڕووێکی دیکەیە بۆ کۆمەڵگایەکی وێرانبوو تێیدا بەها باڵاکان جێگەیان بۆ بەرژەوەندیی کەسی و غەریزە نزمەکان چۆڵ کردووە. ڕۆماننووس (ئیسماعیل حەمەمین) بەبێ پەردە ڕەخنە لەو سیستمە دەگرێت، کە تاوانباران بەرهەم دەهێنێت و بێتاوانەکانیش دەکاتە قوربانی، ڕەخنەکەی تەنیا بۆ دەسەڵات نییە، بەڵکوو بۆ خودی تاکەکانی کۆمەڵگاشە کە بێدەنگییان هەڵبژاردووە، یان بوونەتە بەشێک لە یارییەکە و وەک (جرج) لەسەر پاشماوەی وێرانکارییەکان دەژین.
پەیامی ئەم ڕۆمانە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هۆشیارکردنەوەی مرۆڤی کورد لە ئاست ئەو داڕمانە ئەخلاقی و سایکۆلۆژییەی، هەڕەشە لە بوونی دەکات، وێنە تاریک و تاڵەکانی دەقەکە، خوێنەر ناچار دەکەن چاو بەو واقیعەدا بخشێنێتەوە کە تێیدا دەژی، پرسیارە بوونگەراییە قورسەکان دەربارەی ناسنامە، ئازادی و مانای مانەوە بوروژێنێت.
ئیستاتیکای ناشرینی و تەکنیکی گرۆتێسک Grotesque
لە ڕووی هونەرییەوە، ڕۆمانی “جرجەکان” بەردەوام وێنەی قێزەون، ترسناک، و نائاسایی تێکەڵ دەکات، کە لە ڕەخنەی ئەدەبیدا پێی دەوترێت ئیستاتیکای گرۆتێسک. واتە تێکەڵکردنی دژەکان، کۆمێدیا و تراژیدیا، ترس و گاڵتەجاڕی، شێواوی دەروونی و جەستەیی. نووسەر مەبەستیەتی بەم وێنانە شۆک بە خوێنەر بدات و وەهمی جوانی بشکێنێت. نموونەیەکی زەق بۆ ئەمە لە لاپەڕە ٧دایە، کاتێک وەسفی ژینگەیەکی پڕ لە بۆگەنی و مەرگ دەکات: بۆنی ئاوەڕۆیەکی سارد، بۆنی لاشەیەک کە قەوزەی گرتووە، بۆنی شیبوونەوە… تێکەڵ بە بۆنی جگەرە و عەتر. ئەم وێنەیە، لەگەڵ تێکەڵبوونی لاشەی سەگێکی تۆپیو یان زبڵدانەکاندا، دیمەنی لەناوچوون وێرانە دەبەخشێت کە گوزارشتە لە داڕمانی سیستمە مۆڕاڵی و شارستانییەکان. نووسەر لە ڕێگەی وەسفکردنی وردی لاشەی ئاژەڵەکان، بۆنی زبڵدان، پیسیی جرجەکانەوە، دەیەوێت پیشانی بدات، کە واقیعی سیاسی لەسەر زەوی چەندە قێزەونە، مرۆڤەکان چۆن ڕاهاتوون لەگەڵ ئەم ژینگە بۆگەنەدا، کە لەبری هەوڵدان بۆ شۆردنی، فێربوون تێیدا بژین و هەناسەی پێوە بدەن.
ڕۆمانەکە زۆر چڕ و پڕە لە کارەکتەر و زنیاری ورد، کە هەندێکجار خوێنەر ماندوو دەکات، هەموو خوێنەرێک بەرگەی وەرگرتنی ئەم هەموو زانیارییە ناگرێت، بەڵام خوێنەریش هەیە حەز بە هەڵگرتنی باری زیاد دەکات. ئەدەبی کوردی وەکو ئەدەبی جیهانی پێویستی بە هەموو جۆر و شێوازەکان و جۆرەکانی ڕۆمان هەیە، چونکە دنیا بینی و تێگەیشتن فرەوانتر دەکات، ڕەخنەگران توانای هەڵسەنگاندنیان بەرزتر و خوێندنەوەیان قووڵتر بێت. دروستکردنی بنەمای معریفی هەر کەسێک پێویستی بە زانیاری هەمە چەشن و شێوازی جیاواز هەیە بۆ جیاکردنەوە و دۆزینەوەی چێژی ڕاستەقینە و نووسەری شارەزا و دەست ڕەنگین. لە کۆتاییدا ڕۆماننووس خوێنەر ئاگادار دەکاتەوە، کە زۆر بابەتەی دیکە هەن بۆ گێڕانەوە، بەڵام هەڵیگرتوون بۆ کتێبی دووەم.
سەرچاوە: ئیسماعیل حەمەئەمین، ٢٠٢٥، جرجەکان، دەزگای موکریان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. چاپخانەی چوارچرا.

