سلێمان تاشان – هەولێر
دکتۆر فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند دەستوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق قبوڵ ناکەن و ئاشکراشی کردووە کە حکوومەتی ئەمریکا بە فەرمی داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کردووە کە جگە لە دوو دەروازە سەرجەم دەروازەکانی لەگەڵ ئێراندا دابخات. ئەو هۆشداریشی لە چالاکبوونەوەی شانە نوستووەکانی داعش دەدات.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی داوە کە پێشوازی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران دەکەن بەڵام دەستێوەردانی ئەو وڵاتە لە کاروبارەکانی عێراق بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەن. ئەو لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا تیشکی خستووەتە سەر دۆخی ئێستا و ناوچەکە و ڕوونی کردووەتەوە کە بارودۆخی ئێستا ئاماژەیە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەو زیانانە کردووە کە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا بەر عێراق کەوتوون و دەڵێت زیانی عێراق بەهۆی داخرانی هورمز و ڕێگرییەکان لە هەناردەکردنی نەوت زیاترە لە شەست ملیار دۆلار و ماوەیەکیشە بە تایبەتی دوای ڕێکەکەوتنیان لەگەڵ واشنتن و تاران هەناردەکردنەوەی نەوتی عێراق بەرز بووەتەوە.
دکتۆر فوئاد حسێن باسی لەوە کرد زانیارییان لایە لەوەی چەند لایەنێکی بیانی خاکی عێراقیان بەمەبەستی هێرشکردنە سەر خاکی وڵاتانی دراوسێ بەکارهێناوە. ئەو ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی بەغدا گەڵ ڕیاز کرد و گوتی هەوڵ دەدەن لە ڕێی گفتوگۆ و دانوستانەوە سەرجەم ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.
پێویستە بگوترێت چەند جارێک لە عێراقەوە هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوەیە سەر دامەزراوە ئابوورییەکانی سعوودیە و ئەمەش زیانی بە سعوودیە و لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ڕیاز گەیاندووە.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکە پرسیاری گرووپە میلیشیاکانی عێراق و چۆنیەتی جڵەوکردنی ئەو گرووپانە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی لێ کراوە و ئەویش دەڵێت حکوومەتی عێراق سوورە لەسەر نەهێشتنی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت و بۆ جڵەوکردنی گرووپە چەکدارییەکانیش ڕێکاری گفتوگۆیان گرتووەتە بەر و نایانەوێت بە توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوە ئەو ئامانجەی خۆی بەدی بهێنێت.
ئەو باسی لە دەستکەوتەکانی گفتوگۆ کرد و گوتی لەگەڵ چوار گرووپی عێراقی بە لێکتێگەیشتن گەیشتوون لەبارەی چەک، لەگەڵ هەر یەک لە عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی سەیدەلشوهەدا ڕێککەوتوون لەسەر چۆنیەتی ڕادەستکردنی چەکەکانیان و گفتوگۆ لەگەڵ هەر یەک لە گرووپی نوجەبا و کەتیبەکانی حزبوڵا بەردەوامە.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش و دیسان چالاکبوونەوەی شانە نوستووەکانی تیرۆریستان بەتایبەتی لە سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا.
وەک دکتۆر فوئاد حسێن خستیە ڕوو لەگەڵ هەر یەک لە تورکیا سووریا و ئوردن لیژنەیەکی چوارقۆڵیان دامەزراندووە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی داعش و لە هەمان کاتدا ڕێگری لە دزەکردنی گرووپە تیرۆریستی و قاچاخچیەکانی مادەی هۆشبەر.
پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکرێت کە حکوومەتی عێراق دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ هەر یەک لە وڵاتانی ئێران و ئەمریکا هەیە بەڵام کێشەکەی لەوەدایە ئەو دوو دۆستەی لەگەڵ یەکتر شەڕ و ململانێی قووڵی سیاسی و مێژووییان هەیە و پڕیشکی ئەو جەنگ و ناکۆکییانەش زیانی زۆر بە عێراق گەیاندووە.

