حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بمێنێتەوە و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان چەک بکات و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ڕێکاری گرتووەتە بەر و هەوڵەکانی خۆی لە گفتوگۆدا چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بە بێ کێشە و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری ئەو گرووپانە کۆنتڕۆڵ بکات.
لە ماوەکانی ڕابردوودا، حکوومەتی عێراق بە گەڕانەوە بۆ بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە لە ساڵی ٢٠١٨ دەرچووە دەبێت چەکی نایاسایی کۆ بکرێتەوە و هەموو ئەو چەکانە بگەڕێنەوە بۆ حکوومەت. دەستی بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە کرد و لیژنەی تایبەتی بۆ دامەزرێنرا.
بۆ کۆکردنەوەی چەکی نایاسایی لە عێراق چوار قۆناغ دستنیشان کراوە کە بریتین لە یەکەم بانکی زانیاری، دووەم تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان، سێیەم دەستبەسەرداگرتن و پشکنین و چوارەمیش بەدیهێنانی ئاسایش. هەر بە پێی ئەو پلانەی دانراوە دەبێت تا ساڵی ٢٠٣٠ هەر سێ قۆناغەکە جێبەجێ بکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆکردنەوەی شەش ملیۆن پارچە چەکی ڕاگەیاند کە لە بانکی زانیاری تۆمار کراون. لیوا مقداد مێری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بە داخستنی حەفتا و یەک بارەگای وەهمی کرد کە بانگەشەی ئەوەیان کردووە پەیوەندییان بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە هەبووە. هەروەها سەد و نۆزدە دوکانی فروشتنی نایاسایی چەکیان داخستووە.
تا کۆتایی ئەمساڵ تۆمارکردنی چەکی بێۆڵەت بەردەوامە و ئەوەی چەکەکەی تۆمار نەکات بە یاسدا دەرچوو دادەنرێت و ڕووبەڕوی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق جێبەجێی دەکات هەنگاوێکی باشە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی نایاسایی بەڵام ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بەو چەکە قورس و هامەڕ و درۆن و هاوەنانە نییە کە لە لایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبی ڕاگیراون و زۆر جار لە دژی بەرژەوەندییەکانی عێراق بەکاریان دەهێنن. بەڵام سەیر لەوەدایە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق تا ئەم ساتە حەشدی شەعبی و چەکەکانیان بە نایاسایی نازانن.
لە نوێترین هەڵوێستیدا، بەرامبەر ئەو گرووپانە، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، رێگە نادات بەردەوام بن لە دەستبەسەرداگرتنی زەوی و مافی هاووڵاتییانی عێراق، هاوکات ئەو لایەنانەشی تۆمەتبار کرد کە بە ناوی “شەرعییەت”ـەوە دەستیان بەسەر مافی گەلی عێراقدا گرتووە.
لێدوانەکەی عەلی زەیدی، لە چوارچێوەی جەختکردنەوەی حکوومەتدا بوو بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەیدا و کۆتاییهێنان بە هەر دیاردەیەکی چەکی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، بە ئامانجی پاراستنی مافی هاووڵاتییان و سەروەریی عێراق.
ئەم لێدوانانەی زەیدی وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو بەیاننامەیەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کەتائیبی “سەیدولشوهەدا”ی عێراقی بڵاویکردەوە، تێیدا رەتیکردەوە هیچ رێککەوتن یان بەڵگەنامەیەکی پەیوەست بە رادەستکردن یان کۆنترۆڵکردنی چەکەکانیان واژۆ کردبێت.
بەیاننامەکەی ئەو گرووپە لە وەڵامی لێدوانەکانی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هات سەبارەت بە رازیبوونی کەتائیبەکان بە کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، لە کاتێکدا مشتومڕێکی زۆر لەسەر داهاتووی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتەکەدا هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر سەر حکوومەتی عێراق زیاد کردووە و دەیەوێت بەغدا هاوکار بێت لەو سیاسەت و پلانانەی لە دژی ئێران جێبەجێیان دەکات و نەبێتە هۆکاری پووچەلکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا.
سەرەڕای پێڕەوکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە بازرگانییەکانی عێراق حکوومەت نەیتوانیوە کۆنترۆڵی دەروازەکانی بە تەواوی بکات و ڕۆژانە کەلوپەلێکی زۆر بێ ئەوەی لە ژێر چاودێریی حکوومەت تێپەڕن لە دەروازە سنوورییەکانەوە ئاودیو دەکرێن.
لە بەسڕەوە بگرە تا دەگاتە پارێزگای دیالە زۆربەی دەروازەکان لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە میلیشیاکاندان و ڕاستە حکوومەتی زەیدی تا ڕادەیەک توانیویەتی کۆنترۆڵی گواستنەوەی سنوورەکان بکات و لەسەردەمی محەمەد شیاع سوودانیش دەسەڵاتی بەشێک لەو دەروازانە لە گرووپەکانەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ گواسترایەوە بەڵام وادیارە هەژموونی ئەو گرووپانە زۆر لەوە زیاترە بتوانرێت بە حکوومەتەکانی عێراق کۆنترۆڵ بکرێن.
هەر خۆی ئەمریکا گومانی لەو دەروازانە هەیە و پێشتریش چەندین جار هۆشداری بە حکوومەتی عێراق داوە نەکا گرووپە میلیشیاکان لەوێوە دۆلار بۆ ئێران بگوازنەوە.

