ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
لەگەڵ گۆڕانی كەشو هەوا و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، پێستی مرۆڤ ڕووبەڕووی چەندین گۆڕانکاری و کێشەی تەندروستی دەبێتەوە؛ لە وشکبوونەوە و شەقاربڕینەوە تا دەگاتە سوورهەڵگەڕان، خوران و دروستبوونی لیر. پسپۆڕانی بواری پێست ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ڕێگەی چەند هەنگاوێکی سادە و گرتنەبەری شێوازی ژیانی دروست، دەتوانرێت پێست لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوهەوای زستان بپارێزرێت.
پزیشکانی پسپۆڕ سێ گرفتی سەرەکی و ڕێکارەکانی خۆپاراستن بەم شێوەیە دەخەنە ڕوو:
١. وشکبوونەوە و هەڵدانی توێژاڵی پێست:
بەهۆی کەشوهەوای سارد و کەمبوونەوەی ڕادەی شێ، پێست شێداریی سرووشتیی خۆی لەدەستدەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شەقار و هەڵدانی توێژاڵ لەسەر ڕووی پێست. جگە لە سەرما، بەکارهێنانی سابوون و شامپۆی ناتەندروست هۆکارێکی دیکەی ئەم حاڵەتەیە. پسپۆڕان پێشنیار دەکەن بۆ چارەسەر و پاراستنی نەرمیی پێست، شێدارکەرەوەی سرووشتیی وەک زەیتی گوێزی هیندی بەکاربهێنرێت.
٢. ڕووشان و سوورهەڵگەڕان:
ئەو کەسانەی لە ڕۆژدا جووڵەیان زۆرە یان بۆ ماوەیەکی زۆر بە پێ دەڕۆن، بەهۆی لێکخشانی ڕانەکانیان لەناو جلوبەرگی زستانەدا، ڕووبەڕووی ڕووشان و خورانی بەهێز دەبنەوە. پزیشکان لەم دۆخەدا بەکارهێنانی ماددەی چەورکەری وەک کرێمی ڤاسلین بە گرنگ دەزانن، تا لە لایەک ڕێگری لە لێکخشان بکات و لە لایەکی دیکەش یارمەتیی زوو چاکبوونەوەی پێستەکە بدات.
٣. لیری گەرم (لیری ئارەقکردن):
لە کاتی سەرمادا زۆرجار بەهۆی پۆشینی جلوبەرگی زۆر یان بەرزکردنەوەی لەڕادەبەدەری گەرمیی ژوورەکان، جەستە دووچاری ئارەقکردنەوە دەبێت. ئەم ئارەقکردنە لەژێر چینەکانی جلدا دەبێتە هۆی دەرکەوتنی لیر لەسەر پێست. هەرچەندە ئەم نیشانانە پاش فێنکبوونەوەی جەستە کەم دەبنەوە و نامێنن، بەڵام پزیشکان ڕێنمایی دەدەن پلەی گەرمیی ژوور بە هاوسەنگی بهێڵرێتەوە و لە پۆشینی جلوبەرگی زۆر ئەستوور لە شوێنی داخراودا خۆتان بپارێزن.

