سلێمان تاشان – هەولێر
قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی داهات و لە هەمان کاتدا گەندەڵیی ڕێکخراو لە عێراق وایکردووە قەرزێکی زۆر لەسەر حکوومەتی عێراق کەڵەکە ببێت و ئابووریی وڵات تووشی دۆخێکی زۆر خراپ بکات.
قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە سەد و شازدە تیرلیۆن دینار و لەگەڵ شازدە ترلیۆن دینار قەرزی دەرەکی قەبارەی قەرزەکانی ئەو وڵاتەی گەیاندووەتە زیاتر لە سەد و سی و دوو ترلیۆن دینار.
زۆریی قەرزەکان وایکردووە حکوومەتی عێراق توانای چاکسازیی ئابووری نەمێنێت و تەنانەت هانا بۆ قەرزی دیکە ببات و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک میدیای عێراقی ئاشکرایان کرد کە عێراق داوای قەرزی لە بانکی جیهانی کردووە.
کۆمەڵێک هۆکاری نوێ و کۆن لە پشت بەرزبوونەوەی قەرزەکانی عێراقن. ئەگەر لە هۆکارە درێژخایەن و کۆنەکانەوە باس بکەین عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا تووشی گەندەڵییەکی گەورەی دارایی بووە و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو وڵاتە نەک نەیانتوانیوە گەندەڵییەکە بنبڕ بکەن بەڵکوو تەنانەت نەیانتوانیوە کەمیشی بکەنەوە.
حکوومەتی پێشووی عێراق کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکرد یەکێک بوو لەو حکوومەتانەی کە زۆرترین بانگەشەی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی دەکرد و میدیاکانیش بە بایەخەوە باسیان لە هەنگاوەکانی ئەو حکوومەتە بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵی دەکرد بەڵام ئەمە تەنیا لە چوارچێوەی دروشمدا مایەوە و دوای هەڵبژاردن و کۆتاهاتنی کابینەی سوودانی و دامەزراندنی کابینەی زەیدی هەمان هەنگاو بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی نراون.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو چەندین دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق ئاشکرا کران و چەندین بەرپرسی باڵاش گیران و بە گەندەڵیی تۆمەتبار کران. بەشێکی بەرچاو لەو بەرپرسانە لە حکوومەتی پێشووی عێراق ڕۆڵیان هەبوو و لە ئاستی بریکاری وەزیر و پۆستی دیکەدا کاریان دەکرد.
ئەگەر لە سەردەمی حکوومەتی سوودانی ئەو هەمووە گەندەڵییە کرابێت ئەوا دەبێت لە حکوومەتەکانی پێشتر دۆخەکە چۆن بووبێت و کەس گەندەڵیی دزیی سەدەی لەبیر ناچێت کە هیی کابینەکانی پێشترە و هەواڵەکەی هەموو میدیاکانی جیهانی تووشی سەرسوڕمان کرد.
هۆکارێکی دیکە کە وایکردووە قەرزی زیاتر لەسەر حکوومەتی عێراق کەڵەکە ببێت ئیدارەکردنی دارایی وڵات بووە و نەتوانراوە ئەو داهاتە زۆرەی لە ساڵانی ڕابردوودا دەست حکوومەتی عێراق کەوتووە وەک پێویست سوودی لێوەرگیرێت و ژێرخانی کەرتەکانی بەرهەمهێنانی پێ بەهێز بکرێت.
تا ئەم ساتە نەوت بە سەرەکیترین داهاتی عێراق هەژمار دەکرێت و بۆیەش هەر جۆرە کێشەیەک کە بۆ نەوت هاتبێتە کایەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووریی عێراق هەبووە.
ئەمساڵ لەگەڵ داخرانی گەرووی هورمز داهاتی عێراق بە تەواوی دابەزی و عێراق ئەو پارەیەی بەدەست نەگەیشت کە مانگەکانی پێشتر بەدەستی دەگەیشت، وەک ئاشکرایە بەشێکی زۆری خەرجییەکانی عێراق بۆ مووچە دەڕوات و داهاتەکەش ئەوەندە کم بوویەوە کە حکوومەت ناچار بوو هانا بۆ یەدەگی بانکی ناوەندی بەرێت و بە دەیان ترلیۆن دیناری لێ خەرج بکات.
حکوومەت نەک نەیتوانی قەرزە کۆنەکان بداتەوە بەڵکوو بە هۆی ئەو سوودەی دەچێتە سەر قەرزەکان بە تایبەتی قەرزە بیانییەکان بۆ هەر مانگێک دواکەوتن پارەی زیاتر چووەتە سەر قەرزەکەی.
هاوکێشە داراییەکان پێمان دەڵێن زۆریی قەرز و کەمیی داهات دەبێت حکوومەتی عێراق وا لێبکات بەخۆیدا بچێتەوە دەست بە خەرجییەکانەوە بگرێت و لە چوارچێوەی ئەو داهاتەی دەستی دەکەوێت بودجەکەی دابڕێژێت بەڵام ئەمەی نەکردووە و کورتهێنانێکی زۆر لە ڕەشنووسی بودجەدا هەیە، بودجەی سیادی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز کراوەتەوە و بودجەیەکی زۆریش بۆ بواری بەرگری و گرووپە چەکدارەکان بڕدراوەتەوە و لە لایەکی دیکە حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بە هاوکاری بانکی ناوەندی بەهای دیناریان داشکاند و دەستیان بۆ گیرفانی هاووڵاتییان و فەرمانبەران بردووە و بەهۆی ئەو بڕیارە نرخی زۆربەی شتومەکەکان لە عێراق بەرز بووەتەوە. هەرچەندە هێشتا ڕەشنووسی بودجە نەگەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق بەڵام پێش ئەوەی بگاتە پەرلەمان دەبێت جارێکی دیکە بە وردی هەڵسەنگێندرێت و وێڕای ڕەچاوکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی داهات، خەرجییەکان کەم بکاتەوە.
جگە لەمە حکوومەت بە چاکسازی دارایی و بنچینەیی لە بواری بەڕێوەبردن و نەهێشتنی گەندەڵی و فرەکردنی سەرچاوەکانی داهات دەتوانێت وێرای خۆڕزگارکردن لە قەرزەکان، هەناسەیەک بە ئابوورییەکەی بدات.

