رۆژنامەی ھەولێر

سەنتەرە حکوومییەکانی شوشتنی گورچیلە بێبەرانبەر بوونە بە فریادڕەسی چارەخوازان

چواس خالید – هە‌ولێر

کاتێک مۆتەکەی نەخۆشی سستبوونی گورچیلە باڵ بەسەر ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا دەکێشێت و جیهانیان تاریک دەکات، لە هەرێمی کوردستان سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلەی میری چرای هیوان، کە بێوچان ڕۆشنایی و ژیان بێ بەرانبەر بۆ چارەخوازان دەگەڕێننەوە، بەجۆرێک مانگانە ١٤ هەزار شوشتنەوەی گورچیلە پێشکەش دەکەن.

یەکێک لە نەخۆشییە بڕست لێبڕ و بێزارکەرترینەکانی تەندروستی مرۆڤ، نەخۆشی سستبوونی گورچیلەیە، مەگەر هەر تەنیا توشبووان بتوانن ئازار و بێزارکەرییەکانی بەیان بکەن، ئەوان لەگەڵ نەخۆشییەکی کوشندەی پڕ ئازار دەجەنگن، ئەم نەخۆشییە تەنیا پەککەوتنی ئەندامێکی جەستە نییە، بەڵکو باری دەروونی و جەستەی نەخۆش بە تەواوی داگیر دەکات، لایەنی خراپی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە لەوەدایە کە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ بە تەواوی پەک دەخات، لەوانە ماندوویی بەردوام، ئازاری جەستەیی قورس، لەدەستچوونی توانای کارکردن و تێکچوونی باری دەروونی نەخۆش و خێزانەکەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە جۆرێک چارەخواز ناچارە هەموو ژیانی خۆی لە دەووری نەخۆشخانە و پشکنین و ژوورەکانی شووشتنەوەی گورچیلە بسووڕێنەوە، کە ئەوەش باری کۆمەڵایەتی و ئابووریی خێزانەکان قورس دەکات.
ئازار و کەم توانایی ئەم نەخۆشییە کە بڕست لە نەخۆش دەبڕێت، تێچووی چارسەر لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکوومییەکان هاوار لە خێزانەکەی هەڵدەستێنێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان حکوومەت تێچووەکەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە و بەم کارەی ئاهێکی بە بەر نەخۆش و دەوروبەرانیدا کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەردەست ڕۆژنامەی هەولێر، تێچووی چارەسەر بۆ نەخۆشانی سستبوونی گورچیلە لە نە خۆشخانە ئەهلییەکان بە پشکنینەوە زیادتر لە چوار سەد و پەنجا هەزار دینارە، کە زۆرێکیان ڕۆژێک نا ڕۆژێک پێویستە چارەسەر وەربگرن، ئەمەش دەریا لەبن دەهێنێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیدا لە ڕێگەی نەخۆشخانەکانییەوە، لە سەرتاسەری شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا خزمەت بە چارەخوازانی سستبوونی گورچیلە دەکات و تێچووکەی لە ئەستۆ گرتووە، نەک تەنیا تێچووی شوشتنەوە، بەڵکو سەرجەم پشکنینە ڕۆژانە و مانگانەکان و پێدانی دەرمانی پێویست بێ بەرانبەر پێشکەش دەکەن.
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ئێستا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بیست سەنتەری شوشتنی گورچیلە هەن، کە بە ئامێری پێشکەوتوو و نوێترین تەکنەلۆژیای پزیشکی بە شێوەیەکی بەردەوام و شەو و ڕۆژ بێ وەستان خزمەت بە نەخۆشان دەکەن، بەجۆرێک تێکڕایان مانگانە چواردە هەزار پڕۆسەی شوشتنەوەی گورچیلە بۆ چارەخوازان پێشکەش دەکەن.
ئەم ئامارە جیا لە بەیانکردنی ئەو خزمەتگوزارییە بێبەرانبەرەی حکوومەت، گەواهی قەبارەی گەورەیی کار و ماندوو بوونی پزیشکان و پەرستارانی سپی پۆش دەدات، کە بە هەموو هێزیانەوە لە سەنتەرەکاندا خەریکی ژیان بەخشینەوەن.
ئاستی بەرزی ئەم خزمەتگوزارییە بێ بەرانبەرە، سنوورەکانی تێپەڕاندووە و وای کردووە کە نەخۆشانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش بەردەوام ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی لەو لانکە مرۆیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری پێویست وەربگرن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەوڵە بەردەوامەکانی بووەتە پەناگەیەکی پارێزراو و هیوا بۆ ژیانی نەخۆشانی گورچیلە.