رۆژنامەی ھەولێر

خەڵکی شنگال داوای ڕووفاتی کەسوکاریان دەکەنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پرسی ناساندن و گەڕاندنەوەی ڕووفاتی قوربانیانی شنگال یەکێکە لە پڕئێشترین و گرنگترین دۆسیە مرۆییەکان لای خەڵکی ناوچەکە و کوردی ئێزدی. دوای جینۆسایدەکەی ساڵی ٢٠١٤ لەسەر دەستی ڕێکخراوی داعش، خێزانەکان ھەمیشە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی تەرمی ئازیزانیان دەکەن بۆ ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی خۆیان بە خاکیان بسپێرن.

لە دوای ھێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ئابی ٢٠١٤ بۆ سەر شنگال، تا ئێستا ٩٠ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، لەو ژمارەیە ٧٨ گۆڕیان ھەڵدراونەتەوە کە ڕووفاتی ٨٥٧ قوربانییان تێدا بووە و پرۆسەی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ناسینەوە و ڕادەستکردنەوەی پاشماوەکان بە کەسوکاریان لەسەر بنەمای قۆناغ بە قۆناغ بەردەوامە.
کەسوکاری قوربانیانی ئێزدی بەردەوام نیگەرانی خۆیان لە سستی و کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربڕیوە، چونکە دواکەوتنی پشکنینەکان و پرۆسەی ھەڵدانەوە ڕێگرە لەوەی بتوانن دوای چەندین ساڵ لە چاوەڕوانی، تەرمی ئازیزانیان بە خاک بسپێرن و ماڵاواییان لێبکەن.
لە کاتی ھێرشی تیرۆریستی داعش بۆ سەر شنگال بە سەدان تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دان، ھاووڵاتی سڤیل، لە گۆڕی بە کۆمەڵ بن ئاخ کران.
حەسەن خدر، کوردێکی ئێزدییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ٢١ ھاووڵاتی لە ماڵەکەم کەوتنە دەست داعش، تا ئێستا ٦ کەس لە بنەماڵەکەم لە دەست داعش ماون و چارەنووسیان نادیارە، ئەگەر شەھید کراون و بە کۆمەڵ بن ئاخ کراون، داوا دەکەین لە حکوومەت ڕووفاتەکانمان بۆ بگەڕێنەوە.
بەرپرسانی شنگال، دەڵێن، ئێستا کار لەسەر ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکەین، پێش ماوەیەک لە بن شەرفەدین چەندین گۆڕ دۆزرانەوە، ١٦ گۆڕی دیکەش ماون لەسەر ئەوانیش کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش ھەڵبدرێنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق ٩٣ گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانییانی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی دۆزیوەتەوە، کە تەنیا ٥٥ گۆڕیان ھەڵدراوەتەوە و ھێشتا ٣٨ گۆڕی دیکە ماون، لە کۆی ٧٥٠ ڕووفاتیش کە دەر‌ھێنراون، تەنیا ناسنامەی ٢٧٤ ڕووفات ناسراوەتەوە.
خەڵکی شنگال لە دۆخێکی زۆر خراپدان لە ژێر سایەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بە وێنە و نووسین داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە و ھێزە تەناھییەکان دەکەن بۆ شنگال.
سەرچاوەیەکی باڵا، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: خەڵکی شنگال زۆر بێزاربوون لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، چونکە زۆر پێشێلکاری بەرانبەر خەڵک دەکەن و بوونەتە ڕێگر بەرانبەر ھەموو شتێک لە شنگالدا، لەبەر ئەوەش خەڵکی شنگال پێی باش نییە ئەوان لە شنگالدا بن.
گوتیشی: خەڵک لە ترسی حەشدی شەعبی ناتوانیت داوای مافی خۆیان بکەن، خەڵک لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدا دەکوژرێن و دەڕفێندرێن، بۆیەش خەڵک بە دروشم لەسەر دیوارەکانی شاری شنگال داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاسایش دەکەن، چونکە دەزانن تەنیا ئەوانن پارێزەری ڕاستەقینەیان.
لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نێوەندگیری و پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا. ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە ئاساییکردنەوەی دۆخی کارگێڕی، ئەمنی و خزمەتگوزاریی قەزای شنگال بوو دوای ئەو وێرانکارییەی بەھۆی ھێرشەکانی داعشەوە ڕووبەڕووی ناوچەکە ببووەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج ساڵ بەسەر واژۆکردنیدا، ڕێککەوتننامەکە بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە. ھۆکاری سەرەکیش ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنەکە بوو لەلایەن ئەو گرووپە چەکدار و لایەنە لۆکاڵییانەی کە لە ناو شنگالدا باڵادەستن.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دا، کێشەکان کاتێک قووڵتر بوونەوە کە حکوومەتی بەغدا بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەگەڵ ھێزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) ڕێککەوت بۆ تێکەڵکردنیان لە ناو ھێزە فیدراڵییەکانی عێراقدا.
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم بە توندی دژی ئەم ھەنگاوەی بەغدا وەستایەوە و ڕایگەیاند کە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ٢٠٢٠ی شنگالە و ھەوڵێکە بۆ سەپاندنی واقعێکی ئەمنی نوێ لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەگەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ئەستەمە، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خودی خەڵکی شنگال و ئێزدییەکان بۆ بڕیاردان لە داھاتووی خۆیان.
حکوومەتی عێراق خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەدزێتەوە و نەیتوانیوە زەمینە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکەی خۆش بکات. جەمال شەشۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەڕاستی دەبوایە حکوومەتی عێراق بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا بە ئامادەبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە مامەڵەی کردبایە و خۆی لەو ڕێککەوتنە کردبایە خاوەن، نەک بچێت لەگەڵ ھەندێک گرووپی چەکدار لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی ناوچەکە ڕێککەوتنێکی دیکە بکات، ھەر ڕێککەوتنێک لەسەر شنگال بکرێت، دەبێت ھەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت، ئەگەرنا ئەو ڕێککەوتنە ڕەت دەکەینەوە، چونکە ئەوەی بەدەم خەڵکی شنگالەوە ھات تەنیا ھەرێمی کوردستان بوو، ئەگەر سەرۆک بارزانی و ھێزی پێشمەرگە نەبوانە ھیچ کاتێک شنگال لە دەستی داعش ڕزگار نەدەکرا.
تا ئێستا ٧٠%ـی خەڵکی شنگال ئاوارە و دەربەدەرن، داوا دەکەن ڕێککەوتنی شنگال کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە نێوان ھەولێر و بەغدا بە ئامادەبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان ئیمزا کرا جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا یەک خاڵ لە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.