رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ھەزاران یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر ھاووڵاتییانی کەمدەرامەتدا دابەش دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ناوی سوودمەندبووانی نۆ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی ئامادە کردووە و لە ھەوڵدایە لەم کابینەیەدا بەسەر ھاووڵاتییانی کەمدەرامەتدا دابەشیان بکات. ھاووڵاتی سوودمەند تەنیا تێچووی ڕاستەقینەی دروستکردنی خانوو یان شوقەکە لەگەڵ ١٪ی تێچووی کارگێڕی دەدات، بەبێ ئەوەی پارەی زەوییەکەی لێ وەربگیرێت.

پێویستە پێشکەشکار ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان بێت، نیشتەجێی ھەمان ئەو پارێزگا یان ئیدارە سەربەخۆیە بێت کە یەکەکەی تێدا دروست کراوە و پێشتر بە ھیچ شێوازێک زەوی، خانوو، شوقە یان پێشینەی خانووبەرە لە حکوومەت سوودمەند نەبووبێت.
کەسی سوودمەندبوو بۆی نییە یەکەکە بفرۆشێت یان بەکرێی بدات تاوەکو ١٠ ساڵ بەسەر وەرگرتنەکەیدا تێپەڕ نەبێت، ئەویش بە مەرجی پاکتاوکردن و دانەوەی تەواوی قەرز و قیستەکانی، ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست کراون و بڕیارە بە پێشەکیەکی کەم و قیستی درێژخایەن بەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دابەش بکرێن، بەرپرسانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، دەڵێن، خۆی ٩ ھەزار و ٤ یەکەی نیشتەجێبوونە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان و دەمانەوێت لە ڕێگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بزانین کێن ئەوانەی شایستەن بۆ وەرگرتنی یەکەکان و ھەمووی دابەش دەکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە ببێتە خاوەن یەکەی خۆی و ھەرکاتێک ئەوانەی ماویشن بۆیان تەواو دەکرێت و ڕادەستیان دەکرێت، بەڵام دەمانەوێت جارێ دابەشی سەر خەڵکی بکەین بۆ ئەوەی بزانین دەبنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان و ئەوانەی تەواویش بوون ڕادەستیان دەکرێت.
لە بەرنامەی کاری حکوومەتدا بوو کە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدرامەت دروست بکرێت و ٩ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونیش لە ھەرێمی کوردستان دروست کراون و بەشێکیان تەواو بوونە و تەنھا ھەندێک خزمەتگوزارییان ماوە، وەکو قیرتاوکردن و ڕێگەوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و بەشێکیشی ھەندێک قۆناغی ماوە تەواو بکرێت.
مەبەست لە دروستکردنی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون ئەوەیە کە حکوومەت بە قیستی درێژخایەن دەیدات بە ھەژار و کەمدرامەتەکان، کە توانای کڕینی یەکەی نیشتەجێبوونیان نییە، بۆیە لەم قۆناغەدا ٩ ھەزار یەکە دروست کراون و قۆناغی دیکەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونیش لە بەردەستدا ھەیە و بەردەوام دەبێت.
پرۆسەی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان قۆناغێکی گرینگی بڕیوە. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای ھەڵسەنگاندن و خاڵبەندی، ناوەکانی بۆ دابەشکردنی نۆ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون ئامادە کردووە و ھەوڵ دەدرێت پێش کۆتاییھاتنی ئەم کابینەیە، پرۆسەی دابەشکردنەکە جێبەجێ بکرێت.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئاشکرای کرد: تاوەکو ساڵی ٢٠١٢ زیاتر لە نۆ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ڕێگەی بەڵێندەرایەتییەوە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەشێکیان تاوەکو ئێستا تەواو نەکراون، تەواوکردنی ئەم یەکە نیشتەجێبوونانەش پێویستی بە نزیکەی ٣٠٠ ملیار دینار ھەیە.
بۆ دابەشکردنی ئەم یەکانە بەسەر ھاووڵاتییانی کەمدەرامەتدا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا فۆرمێکی ئۆنلاینی خستەڕوو کە زیاتر لە ٢٧ ھەزار ھاووڵاتی پڕیان کردەوە، لە ئێستاشدا تیمێکی وەزارەتەکە بەپێی پێوەری خاڵبەندی، ناوەکانیان جیا کردووەتەوە و ئامادەیان کردوون بۆ قۆناغی کۆتایی.