رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ لەسەر شانۆی یاریگەی فرەنسۆ هەریری

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

لە گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو ناسراو بە چامپیۆنزلیگی کەنداو یانەی هەولێری کوردستانی و کازمەی کوێتی رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە کە هەریەکەیان لە خولی نێوخۆیی وڵاتەکانیان چوار نازناویان بردووەتەوە. هەولیر بە بردنەوە لەم یارییە دەرفەتی گەیشتنی بۆ قۆناخی داهاتوو زیاتر دەکات، لە بەرامبەردا کازمە بە دۆران لەو یارییە بە تەواوەتی لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بیهیوا دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4 نۆڤێمبەری 2026 لە گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگی کەنداو، لە کاتژمێر 8:00ـی شەو یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی کازمەی کوێتی دەکات.
یانەی هەولێر دوای 12 ساڵ جارێکی دیکە بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی دا دەکاتەوە، دوایینجار لە 2015 بەشداریی لە جامی یەکێتی ئاسیا کرد، بەڵام لە قۆناخی کۆمەڵەکان ماڵئاوایی کرد، بەڵام پێشتر دووجاری دیکە لە ساڵانی 2012 و 2014 گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی یەکێتی ئاسیا لە هەردوو یارییەکەش بەرامبەر یانەکانی قادسیە و کوێتی کوێتی نازناوەکەی لەدەستداوە.
هەولێر بۆ یەکەمجار لە کاروانی وەرزشی یانەکە بەشداریی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکات، لە یاریی رابردووی پاڵەوانێتییەکە بەبێ ئەوەی یاری بکات 3 خاڵی بەدەستهێنا، ئەمەش دوای ئەوە هات یانەی ئیتیفاق بەبیانووی نائارامی وڵاتەکەی گەشتی هەرێمی کوردستانی نەکرد، لە بەرامبەردا هەولێر هەموو ئامادەکارییەکی بۆ یارییەکە کرد بوو، رازی نەبوو یارییەکە دوابخرێت.
دواتر دەستەی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاری یارییەکە بیانووەکەی یانەی ئیتیفاقی سعوودیەیان رەتکردەوە و ناوبژیوانانی یارییەکە لە هەمان کات و ساتی یارییەکە هاتنە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری و 15 خولەک چاوەڕێیان کرد، بەپێی رێنماییەکانی پاڵەوانێتییەکە هەولێر بە براوە هەژمار کراوە.

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی هەولێر
یانەی هەولێر خاوەنی هێڵێکی هێرشبەری بەهێزە، میۆلین ناتان هێرشبەری بەرازیلی چوار گۆڵی کردووە و ئیبراهیم بایش گرانبەهاترین یاریزانی یانەکە 3 گۆڵ و 4 ئەسیستی هەیە، بەڵام خاڵی لاوازی یانەکە لە دۆخی ناجێگیری بەرگری و گۆڵپارێزدایە، هەولێر لەم وەرزە زۆرترین خاڵی بەهۆی هەڵەی تەکاکەسی لەدەستداوە.
خاڵێکی دیکەی بەهێزی هەولێر، یاریکردنە لە یاریگای فرانسۆ هەریری، هەمیشە قەڵای زەرد لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی ئاستێکی بەرز پیشکەش دەکات.

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کازمە
یانەی کازمە بەوە ناسراوە هیچ کاتێک پشت بە توانای تاکەکەسی نابەستێت و زیاتر بەشێوەی کۆمەڵ یاری دەکات، هەڕچەندە یانەکە خاوەنی هێرشبەرێکی تۆقینەرە ئەویش شەبیب خالیدییە کە ئەم وەرزە لە کۆی 6 یاری 4 گۆڵ و 2 ئەسیستی هەیە.
خاڵێکی دیکەی بەهێزی یانەکە ناسر محەمەدۆی یەمەنیە کە ئەزموونێکی زۆری لە رووبەڕووبوونەوەی هەولێر هەیە پێشتر لە خولی ئەستیرەکانی عێراق بە درێسی زاخۆ یاری کردووە و گۆڵیشی لە هەولێر کردووە.
خاڵێکی دیکەی بەهێزی کازمە لە لێدانەکانی گۆشە و راستەوخۆیەکانە، بەڵام خاڵی لاوازی کازمە لایەنی جەستەیی یانەکەیە زۆرجار لە کۆتا خولەکەکان تووشی شەکەت و هیلاکی دەبنەوە، جگە لەوەش تیپەکە هەر کاتێک دەکەوێتە ژێر فشاری تیپی بەرامبەر هاوسەنگی لەدەست دەدا.

ئامارەکانی کازمە وهەولێر
یانەی کازمەی کوێتی وەرزی رابردوو لە خولی نایابی کوێتی پلەی سێیەمی ریزبەندی بەدەستهێنا و لە کۆی 18 یاری، 8 بردنەوە، 6 یەکسان و 4 شکستی هەبوو، یانەی کوێتی کوێتی بووە پاڵەوانی خولەکە و قادسیە پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
یانەی کازمە لەم وەرزە لە خولی نێوخۆیی کوێتی بە دۆخێکی باش تێپەڕ دەبێت لە کۆی 6 یاری، 4 بردنەوە و 2 یەکسانبوونی هەیە و هیچ شکستێکی نییە و بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە و بە جیاوازی 2 خاڵ لە یانەی کوێتی کوێتی پیشەنگی خولەکە دوورە.
لە بەرامبەردا یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دۆخی بەرەو خراپی رۆیشتووە، بە جۆرێک لە کۆی 12 یاری 5 بردنەوە و 4 یەکسانبوون و 3 شکستی هەیە و 45 رۆژە هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە.

هەر ئەمڕۆ لە هەمان کۆمەڵەی چامپیۆنزلیگی کەنداو، لە نێو خاکی سعوودیە لە کاتژمێر 9:00ـی شەو یانەی ئیتیفاق میوانداریی عەجمانی ئیماراتی دەکات، لەم یارییە ئەگەر یانە ئیماراتییەکە براوە بێت بە ئەگەرێکی زۆر سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر دەکات، بەوپێیەی لە دوو یاری رابردوو سەرکەوتنی بەرامبەر یانەکانی کازمە و هەولێر بەدەستهێنا و بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ لوتکەی کۆمەڵەکەی گرتووە.
خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی ئەم وەرزە بۆ یەکەمجارە بە بەشداریی 12 یانەی کەنداو بەڕێوە دەچێت و دابەشکراون بەسەر 3 کۆمەڵەدا، یانەکانی هەولێر و ئیتیفاق هاوشانی عەجمانی ئیماراتی و کازمیەی کوێتی لە کۆمەڵەی سێیەم یاری دەکەن.