ئازاد پێنجوێنی
دوا هەناسەی ئاواتیان لەباوەشگرتنی هونەرە لەژێر گەڵا هەڵوەریوەکاندا؛ چ سەرسوڕمانێکە بێدەنگی هونەر دەهەژێنێ و دەیکاتە زایەڵە، چ تۆانایەکە لە هەر بەرهەمێکدا وەک شنەبای کازیوەیە و تەختەی شانۆ دەهەژێنێ.
ئەو کارەکتەرێکی کارامایە، لەهەر بەرهەمێکی هونەریدا ڕۆڵیان هەبێ، ئیدی ئەو بەرهەمە نە پاییزی خەزان دەبینێ، نە نەخۆش دەکەوێ لەئاوەزی بینەردا، نەزەرد هەڵدەگەڕێ لە باوەشی سروشتا.
(خاتوو ژولیا) ئەم ئافرەتە شۆخ و شەنگەی لە هەناوی نواندنەکانیدا بانگهێشت کرد بۆ نێو (باخ) چەکانی دڵی هونەر، دەستی یەکیان گرت و بە توولەڕێگای ئاوایی نواندندا ڕۆشتن، ئەملاولاو پێشەوەیان یەک پارچە گوڵزار و گوڵشەن بوو، هەردووکیان بەدەم گوفتاری باسوخواسی شانۆ و دراماوە قاڵ بووبوونەوە و باسی وێنەی جووڵاو و مێژووی سەربەرزیەکانی نواندنیان دەکرد کە هەرکات بە ئەشقەوە لەتەکیدا بی گەورەت دەکات و ئەوینت بۆ ژیان و مرۆڤایەتی زیاتر دەکات.
جار ناجارێ سەرێکیان هەڵدەبڕی خاتوو (هەتاو)یان دەبینی کەتیشکی خۆی زیاد دەکردوو ڕوخساری ئەو ئافرەتەی زیاتر دەبریسکاندەوە کە دەستی بەدەستی خاتوو ژولیاوە بوو، جگە لەوەش ئاسۆیان لێوە دیار بوو، وادیار بوو خاتوون ئەو ئافرەتەی بەرەو ئەوێ میوانداری دەکرد، ئەوان هەنگاوی بێ پەرواو سەرکەوتنیان دەنا.
خاتوو ژولیا بە ئافرەتەکەی ووت، تۆ ئەو زایەڵەیەیت کە سنوری چیاکان تێ دەپەڕێنیت و جووڵەو دەنگت هەموو شوێنێک داگیر دەکات ئاخر تۆ گوڤتاری جەستەت هەیەو هارمۆنیای مۆزیک و جووڵەو دەنگت بەشێکن لەسەمفۆنیای ئیستاتیکی هونەر.
ئەوان ڕێگایان دەبڕی دارو درەخت و گەڵا کەسکەکان کەلەئامێزی دایکیاندا مابونەوە سڵاویان بۆ ئەم کارەکتەرە ناوازەیە دەکرد.
چەند گوڵێک جگە لەوەی بۆن و بەرامیان ئەو ناوەی تەنیبوو دەنگیشیان لێوە دەهات وەک ئەو گوڵە مەحەمەدیانەی کەقسەیان بۆ (سوهرابی) گەورە شاعیری کاشان دەکرد، هەر بەو جۆرەش ئەو گوڵەکانی سەرە ڕێیان دەنگێکی ئارام و نەرمو نیانیان لێوەدەهات و بە ئافرەتەکەیان دەووت، کە(مردین وەرە ماچێکمان بکە). ئەم مرۆڤە کێیە وا خۆرو سروشت و گوڵ و ئاسۆو مێژوو بەرەو پیری دەچن دەبێ ئەم ئافرەتە کێ بێ وا ڕێگای بۆ دەبێ بەاشراقی (سوهرەوەردی) و مرۆڤایەتیش باوەش بۆ توانا سەرسوڕهێنەرەکەی دەگرنەوە.
هەڵبەت مەلە کردن بەپێچەوانەی ئاڕاستەی باوە دژوارە مەدح و ستایش و قسە لەسەرکردنی مرۆڤی باڵا لەهەمو ئاراستەکانی ژیانەوە دژوارترە چونکە دەترسی مافی خۆی پێ نەدەیت چەمکی هونەر و ژانری نواندنیش لەهەموو ئاڕاستە کانەوە دژوارترینە ئاخر کەسی خۆی دەوێ خۆی بدات لەقەرەی، ئەی کەواتە مرۆڤێک لەخودی حەزو ئاواتەکانیدا بۆ جوانترکردنی ژیان لێرە وجودی هەیە و ئافرەتێکی جیاواز و خان و مانەکەی هونەرە و بێگومان خاتوونی هونەرمەندو خولیای توانایی و ژیری و هەنگاونان بۆ سەرخستنی هونەر خاتوو (دێرین عومەرە) ئەو دێرینەی کە هەمیشە دەبێژێ هونەر لەڕۆحیەتم دایە کەدەستمان پێکردووە شورەییە لێی داببڕێین، وە کارکتەرێکە هەڵقوڵاوی گەردەلولی پاکردنەوەی تەپ وتۆزو گەردی نیشتمان و وەبیر هێنانەوەی ناهۆشیارەکان و پیشاندانی دیوە جوانەکەی وەتەنە لە باگراوندی ئەشقی خاکو ڕێگای سەربەستی و پیشاندانی دیوە شاراوە جوانەکەی گەردوون لەڕێگەی جووڵە نواندنە نایابەکانیەوە.
(دێرین) تەنها دایەلۆک دابەش ناکات، بەڵکو بەدەنگ و هەست و سۆزەکانی ڕیتم و ئەندێشەو چەمکی هونەرو جووڵە دەگوازێتەوە بۆ نێو چاوی دڵەکان.وە لەهەر زمانی ئاخافتنێکیدا چیرۆکێکی نەوتراو دەوڵقێنێ تا ئاستی شانۆ یان دراما یا بەرز ڕاگرنی دنیای سینەما تا بەڕۆح نواندن لەناو ئەندێشەی بێگەردیدا سەربەستانە نماییشەکانی ڕایی بکات.
دێرین، نای هەوێ ئەوجۆرە نواندنە بەرجەستە کات کەخۆی دەیەوێ بەڵکو نواندنێک دەنوێنێ کە لەواقع و ناواقعدا چنینی نواندن دەکاتە خەرمانەی کارە هونەریەکانی، ئێوە سەرنج بدەن هەرکارێکی فیلم کەبەشداری تێدا دەکات، لەبەر ئەوەی چاوی کامێرا خۆشی دەوێ و لێی ڕازیە، هەر زوو ئەو بەرهەمە لەهەتوانی هەست و نەستی بینەردا یاری دەکات و دەمێنێتەوە و کاڵ نابێتەوە، ئای خاتوو دێرین (سارە بەرنارد) بمایە ئیرەیی پێ دەبردن، (جەمیل سائیب بمایە) چیرۆکی لەسەر جووڵە بێوێنەکانی ئێوە دادەڕشت.
خاتوو دێرینی لێهاتوو بە تواناکانی بینەری کوردستان و ئەودیو سنورەکانی سەرسام کردووە کاتێک لە ڕۆڵی (هەنار)دا وەک دەنکە هەناری کانی باخی لە باشترین ڕۆڵی ئەوینزادەیدا ڕاماڵینی ئازارەکان و بۆنی ناخۆشی (ئەنفال و کیمیا باران) و شۆڕشی کوردستانی کردە تابلۆیەکی هەقیقەت کە بەسەر دیواری دڵی هەموومانەوە هەڵواسراوە.
هەر لە توانای ئەودایە بە سەرکەوتوویی بگات بە (شاری شەڕواڵ)، گەیشت بە کلتور و فەرهەنگی هاوو زمانی دایکی نیشتمان، گەیشت بە هونەر و گەیشت بە (خاتوو ژولیا) و چووە هەناوی (دکتۆر بلیت) و لە ڕێگای نواندنەکانیەوە بۆن و بەرامەی بۆنخۆشی عەتری ڕێژنە بارانی تینووی هەوادارانی کرد کەوە هەڵوەرینی گوڵی ئەرخەوان بەسەر خاکی بەیاری ڕۆحە تینووەکانی هونەردا دادەباری بەسەر نواندن و کوالیستی شانۆیەکان و ڕوتوشی چاوی کامێراو، دڵی هەموو بینەرێکی نوخبە و هەموو چین و توێژەکانی داگیر کرد و دەبووە ئەکتەرێک کە هەمووانی سەرسام دەکرد.
دێرین عومەر، وەک (مەلی دەریاکەی) ئەنتوان چیخەف وایە ئەوەندە جوان دەفڕێ و جوان خۆی نماییش دەکات؛ بۆیە دەرهێنەرەکان خوازیارن لە فیلم و دراماکانیان کچەکە کاریزماکەی کاک عومەر ڕۆڵی هەبێ و باڵندە ئاسا بە ناو گرتە و دیمەنەکاندا بفڕێت.
دێرین جیاوازە و لە هەموو شتێک دەکۆڵێتەوە و لە هەموو ژانرەکانی ژیان و کۆمەڵگا ئەدات، بیرکردنەوە و ئەندێشەیان دەربڕینێکی قووڵە بۆ هەموو بابەتە کۆمەڵایەتی و دنیای ئەدەب و هونەر و هونەرستان و ناخە تاکەکەسیەکان.
دێرین، فەلسەفەی هەنگاو و تێڕامانەکانی کۆکردنەوەی ڕەنگەکانی ژیانە تا بیکاتە هارمۆنیای سەرکەوتنەکانی مرۆڤ بوون. بە ئیشراقی چراکەی نێو دڵیانەوە، بەدوای دیوە تاریکەکانی هونەری ژیاندا دەگەڕێ تاوەکو شەوی ئەنگوستەچاوی پێ ڕۆشن کاتەوە و لەو ڕێگەیەوە هەقیقەتی هونەر و سروشت و یارانی بۆ یەکلایی ببێتەوە. دێرین عومەر وەک عارفێکی دنیای ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەری و تابلۆی گوڵە بەڕۆژەکانی ڤنسنت ڤان کوخ وایە کە چۆن لە سەد مەتر ئەولاترەوە شنەبایەکی ئارام لە گوڵەبەڕۆژەکان ئەدات و دەلەرێتەوە و سەما دەکەن وجوودیشیان بەم جۆرە سەما بە هزری هونەری نواندن و فەرهەنگ و کلتوری کوردیمان دەکات و، کار دەکات تاوەکو هەمیشە لە ژیاندا بن و لە فەوتان ڕزگاریان دەکات. دێرینی ئەکتەر، ماتریاڵی خەونەکانی هەوێنی دروستی گەورە کردنی ڕەسەنایەتیە بۆ کوردبوون و خۆدۆزینەوە لەسەربنەمای لۆژیکی هونەر و ڕەهەندی ئەقڵ، کار دەکات تاوەکو پارادۆکسی توخمی ڕەنگکردنی گەردوون ئاوێتە بکات و لە کارەکتەریەکانیدا پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات.
دێرین، بەکارهێنانی هێما و ماهیەتی جووڵەی ڕوخساریان لەتەک تەواوی جەسەدیدا بۆ خۆسازدانی جوان و هێڵی سەرەکی بەرەو مەنزڵگای ئارامی و هەنگاونان بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون لە ڕێگای تواناکانیەوە ڕق و کینە ڕادەماڵێ و کامەرانی و خۆشەویستیی خاک و مرۆڤ و هونەر فێرە خەڵکی دەکات.
دێرین، بەشێوەیەکی خەیاڵی و فەنتازیای ڕاستەقینە و وەهم و ئایدیایان، دووربوونە لە وێنەنمای گاڵتینە و کاری مەهزەلە و ناشیرنکردنی هونەر بەڵکو وەک ژنێکی کاریزما و ڕاستەقینە. دروستکردنی هەست و سۆز بە شێوەیەکی مۆزیک ئاسا و شیعری و ڕۆحی دەکاتە دیاری بۆ دیرۆکی ڕاستەقینەی هونەری نواندن، نەک بە شێوەی نواندنێکی نیمچەڕەها کە خەڵک هەمیشە ئەو جۆرە نواندنەی پێ خۆش بێ کە خۆی دەیەوێ.
نواندن و کرۆکی هونەروانی دێرین عومەر لە میحرابی ئاوێنە تیوارەکاندا دەردەکەوێ و لەنێو ناخە پاکەکاندا هەمیشە ئەودیو دیوار دەبینێ و شەپۆلی توڕە ئارام دەکاتەوە و هەمیشە وادەبینرێ کە لە سەروو کەسانی ئاساییەوەیە، بۆیە وەک مانگی درەوشاوە خۆی نماییش دەکات و شەوی تارمان بیر دەباتەوە و وەک خاتوو خۆریش هێدیهێدی لەسەر لووتکەی چیاکان سەر دەردەکات و دنیای هونەر ڕۆشن دەکاتەوە، خۆی وتەنی هەرکارێک هەنگاوت بۆ نا شوورەییە واز بهێنی؛ بۆیە بەم وتەی ناخیان هەوادارانی بۆ هەمیشە دڵخۆش کردووە تا ئێمەش بڵێین شوورەییە تۆ لەیاد کەین.

