وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی قسەکانی د. عیزەت سابیر، سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە: “ئێوارەى 14/3/2022، لە چاوپێکەتنێکدا، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان د. عیزەت سابیر، سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان. هێرشێكی ناڕەوایی كردە سەر وەزارەتی دارایی و ئابوری كە گوایە وەزارەتی دارایی بانكەكانی سلێمانی ناچار دەكات كە هەرچی داهاتیان هەیە بیدەن بە موچە بۆیە پارەیان نامێنێت بۆ خزمەتگوزاری و ئەم پلانەی وەزارەتی دارایی جێ بەجێى دەکات بۆ شاردنەوەی پرۆسەی فرۆشتنی نەوته کە نا شەفافە”.
وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتە روو، بە گرنگ و پێویستمانزانى ئەم روونکردنەوە بدەین بۆ ئەوەى راستییەکان وەک خۆى و بە شەفافانە بەهەموو لایەک بگات:
1- وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هیچ شێوەیەك هیچ بانكێكی سلێمانی و بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی ئیجبار نەكردووە هەموو داهاتی ناوخۆ بدات بە مووچە بەڵکو ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى ئەولەویەتى داوە بە دابەشکردنى مووچە و باقیاتى کە دەمێنێتەوە. مانگانە هەبووە و لەبەر دەست بووە بۆ پێداویستیەکانى تر، بەڵام بە پێچەوانەوە بە درێژایی ساڵی 2021 بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی ڕێنماییەكانى ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی جێبەجێ نەكردووە، تایبەت بە چۆنیەتی دابەشكردنی سیولە و ئەولەویەتى مووچە و سەربەخۆ ڕەفتاری كردووە. سەرئەنجام كێشەیەكی گەورەی سیولەی درووستكردووە و تەنانەت دەستی بردووە بۆ ئەو سیولانەش كە هی هاوڵاتیان و فەرمانگەكانی حكومەتن و لە ژمارە حیسابی خۆیاندا بووە و کە یاسا ڕێگە بە دەستكاریان نادات.
2- پرۆسەی نەوت لە دەرهێنانی تا فرۆشتنی لەو ساڵانەدا بووە كە بەڕێز د.عیزەت سابیر پەرلەمانتار و سەرۆكی لیژنەی دارایی بووە و حیزبەكەشی بەشداربووە لە حكومەتدا و هەرچی تایبەتە بە پرۆسەی نەوت بێ ئاگاداری تیمی(یەكێتی) نەبووە لە كابینەی پێشوو و ئێستاش. ئەگەر هەڵەیەك هەبووبێت لەوێوە دەستی پێكردووە. نەك لە كابینەی نۆیەم و وەزارەتی دارایی ئێستا.
3- وەزارەتی دارایی تەنیا بەرپرس و ئاگادارە لەو بڕە داهاتەی نەوت كە مانگانە دەگاتە ئەژمێری وەزارەتی دارایی و بەس. پرۆسەی فرۆشتن لە هیچ كابینەیەكدا كاری وەزارەتی دارایی نەبووە و ئێستاش كاری وەزارەتی دارایی نییە. تەنیا بۆ زانیاری و سەلماندن بۆ ئەم دوو مانگەی دوایی بڕی داهاتی نەوت كە هاتۆتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی و لێی ئاگادارە بۆ مانگى (1) 486 و مانگى(2) 488 ملیۆن دۆلار بووە و بەس . ئەگەر دكتۆر داوای شەفافیەت دەكات حەقبوو پێش ئاماژەكردن بۆ وەزارەتی دارایی لەگەڵ تیمی یەكێتی بەشدار لە حكومەتدا ئەم پرسەی تاوتوێ بكردایە. چونكە بە ژمارەی وەزیر و پێگەیان لە پێشەوەن.
4- زانیارى نادروست دادی چارەسەری كێشەكان نادات. بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی هەرچۆن دەستی بردووە بۆ ئەژمێری كەسی و تایبەتی و فەرمانگەكانی حكومەت، كێشەی پرۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەكان ودەرمانیش هەر لەوێوە سەرچاوەی گرتووە.
هەروەها وەزارەتی دارایی ئاماژەشی بەوەداوە کە تێكڕای داهاتی ناوخۆی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ شەش مانگی كۆتایی ساڵی 2021 نزیكەی 120 ملیار دینار بووە مانگانە.