رۆژنامەی ھەولێر

سەرنجێک لەسەر فیلمی هەڵکۆڵ ئایا هەر بە هێز مرۆڤ ڕزگاری دەبێت یان ویژدان و بەرپرسیاریەتیشی دەوێ؟

حەسەن حەمەد ئاندێکی – هەولێر

فیلمی هەڵکۆڵ (Digger) چیرۆکێکی جیاواز لە فیلمە ئەکشنە باوەکانی تۆم کرووز پێشکەش دەکات. ئەمجارە کرووز ڕۆڵی پیاوێکی زۆر بەهێز و دەسەڵاتدار دەبینێت کە لە لووتکەی جیهاندایە، بەڵام بە هەڵەیەکی گەورە، مرۆڤایەتی تووشی کارەسات دەکا. ئێستا تۆم کروز دەبێت لە کاتێکی زۆر کەمدا خۆی وەک ڕزگارکاری مرۆڤایەتی بسەلمێنێت، فیلمەکە تەنها ئەکشن نییە، تێکەڵەیەکە لە تەنز، ڕەخنەی سیاسی و ڕەنگدانەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. بینەر دەباتە ناو جیهانێک کە بڕیارێکی یەک کەسی دەسەڵاتدار دەتوانێت چارەنووسی ملیۆنان کەس بگۆڕێت. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی فیلمی دیگەر بەکارهێنانی تەکنیکی (Vista Vision) کە بریتیە لە وێنەگرتنی سینەمایی بە کوالێتیەکی بەرز. هەڵکۆڵ تەنها بۆ کاتبەسەربردن نییە، پرسیار لەسەر بەرپرسیاریەتی، دەسەڵات و ئەنجامی بڕیارە گەورەکان دەکات. ئەم فیلمە وای لێ دەکات بیر لەوە بکەینەوە کە ئایا هێز بە تەنها بەسە بۆ ڕزگارکردن، یان مرۆڤ دەبێت خاوەنی ویژدان و بەرپرسیاریەتیش بێت. کرووز بە شێوازێکی نوێ دەردەکەوێت، دوور لە ئەکشنە زەبەلاحەکان و نزیک لە ڕۆڵێکی قووڵی مرۆیی.

سەرچاوە: www. diggermovie. com