رۆژنامەی ھەولێر

جیاوازیی خەرج و داهاتی عێراق لە هەشت مانگدا گەیشتووتە زیاتر لە ٣٣ ترلیۆن دینار

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

دامەزراوەی دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند؛ داهاتی عێراق تا کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ گەیشتووەتە زیاتر لە چل و پێنج ترلیۆن دینار و لەسەدا حەفتا و حەوتی ئەو داهاتەش پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە. ئەم بڕە داهاتە لەکاتێکدایە کۆی خەرجییەکانی کردەیی و وەبەرهێنانی عێراق لەو هەشت مانگەدا گەیشتووەتە حەفتا و هەشت ترلیۆن و نۆسەد ملیار دینار و لە کۆی ئەم داهاتەش لەسەدا بیست و سێی پەیوەندی بە داهاتی نانەوتییەوە هەبووە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی عێراق چل و پێنج ترلیۆن و سێسەد و پەنجا و پێنج ملیار دینار کۆی داهاتی عێراق بووە لە هەشت مانگی ئەمساڵ لە کاتێکدا کۆی خەرجییەکان نزیکەی حەفتا و نۆ ترلیۆن دینار بووە. لە کۆی ئەو خەرجییانە حەفتا و پێنج ترلیۆن و هەشتسەد ملیار دینار خەرجیی فعلی یان کرداری بووە و لە هەشت مانگدا سێ ترلیۆن و سەد ملیار دینار لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرج کراوە.
ئەگەر کۆی داهات و لە هەمان کاتدا خەرجی لێکبدەینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە داهات و خەرجی لە عێراق سی و سێ ترلیۆن و شەشسەد ملیار دینار جیاوازی هەبووە.
ئەگەر ئەو داهاتە بەسەر هەشت مانگەکەدا دابەش بکرێت تێکرای داهاتی مانگانەی عێراق بە نەوت و نانەوتییەوە دەگەیەنێتە چوار ترلیۆن و پێنجسەد ملیار دینار. بەڵام ئەگەر هاوکێشەکە بۆ خەرجییەکان لێکبدەینەوە خەرجییە گشتییەکان بۆ هەر مانگێک نزیک بووە لە دە ترلیۆن دینار.
لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە کاتێک جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکرد گەرووی هورمز داخرا و حکوومەتی عێراق کە ڕۆژانە لانی کەم سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، چیتر نەیتوانی ئەو نەوتە بفرۆشێت و نەفرۆشتنی نەوتیش بە واتای ئەوە دێت کە دۆلاری نەوتی بۆ ناگەڕێتەوە و دۆلاری نەوتیش زیاتر لە سەدا هەشتای بودجە و خەرجییەکانی پێ دابین دەکرێت.
حکوومەتی عێراق بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکان هیچ چارەیەکی نەبوو جگە لەوەی کە هانا بۆ یەدەگی دراو لە بانکی ناوەندی ببات و دەیان ترلیۆن دیناری لێ هەڵبگرێت.
راستە لە دوو مانگی ڕابردوودا هەناردەی نەوت ئاسایی بووەتەوە و بەگوتەی وەزیری نەوتی عێراق قەبارەی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە پێشی ئاستی جەنگ و هەناردەش سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیلی دەرباز کردووە بەڵام دوو کێشە لەبەردەم داهاتی عێراق هەیە یەکەمیان ئەوەیە وەزارەتی نەوتی عێراق نەوتەکەی هەرزان دەفرۆشێت و لانی کەم سی دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی ساخی دەکاتەوە چونکە ئەگەر ئەمە نەکات هیچ کەشتی و کۆمپانیایەک ئامادە نییە مەترسییەکانی گواستنەوەی نەوت و گرانیی بیمە بە ئەستۆ بگرێت و بەنێو ئاگر و ئاسندا نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهانی بگوازێتەوە.
کێشەی دووەم ئەوەیە هێشتا ناوچەکە لەبەردەم مەترسیی ڕوودانی جەنگێکی گەورەدایە و ئێران و ئەمریکا ڕۆژانە چاو لە یەکتر سوور دەکەنەوە و ئەگەر جەنگ ڕووبدات لەوانەیە دیسان هەناردەی نەوت بە تەواوی بوەستێت و ئەمەش قەیرانی دارایی عێراق قووڵتر دەکاتەوە.
هەر لە ترسی دابین نەکردنی بودجەی ٢٠٢٧ و پڕکردنەوەی کورتهێنانەکەی بانکی ناوەندیی عێراق ناچار بوو بەهای دیناری دابەزاند و لە هەزار و سێسەد دینار بۆ هەر دۆلارێک گەیاندیە هەزار و پێنجسەد دینار، بەلام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا حکوومەتی فیدراڵی بۆ بودجەی ساڵی داهاتووی کە هێشتا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و ڕەوانەی پەرلەمان نەکراوە پێویستی بە قەرز و دابینکردنی پارەی دیکە هەیە.