ئا: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
(3)
ژنە شاعیری عێراقی (نەجات عەبدوڵڵا) توانیویەتی لە کەشوهەوای شیعریی هاوچەرخی عێراقی و عەرەبیدا، لەڕێگای زمانی شیعریی و وێنەی هونەری و بەرجەستەکردنی دیدگای مرۆیی ژنانەوە ئامادەییەکی دیاری هەبێت؛ هەموو ئەوانەش بۆ ڕۆحی مرۆڤدۆستانەی دەگەڕێتەوە. هەمیشە لە شیعرهكانیدا جوانیی وێنە، وردیی چواندن و دەوڵەمەندیی هێما… بەیەک دەگەیەنێت؛ زمان دەكاتە ئاوێنەی خودێکی پارچە پارچە بوو لەنێوان حەسرەتی نیشتمان، ئازاری غەریبی و ململانێی بەردەوامی نێوان واقیع و خەون..
(نەجات عەبدوڵڵا)ی شاعیر لە نەوەی نەوەدەكان دەژمێردرێت، كە بە پرسیاری قووڵ و جددی و ئاماژە و هێمای مانادار دەناسرێتەوە؛ هێماگەلێک کە لە ناخەوە بە واقیع، خاک و تەبارەوە گرێ دراون؛ بە حەسرەتی وڵات و ئاوارەیی و نامۆییەوە… هەمیشە دەڵێ ئاوارەیی زۆر کاری تێ کردووم، هەست دەکەم بە جلوبەرگی غوربەتەوە لە دایک بووم؛ بێگومان غوربەتی ڕۆح لە غوربەتی شوێن قوڕسترە! لەو بارەوە کۆمەڵە شیعرێكی نووسیووە کە مۆرکی غوربەتی پێوەیە، ئەویش (کاتێک تارمایی یاری بە خاكـ کرد)، ئەم کاریگەرییەش بۆ وردەکارییەکانی ژیان و توانای بەرگەگرتنی ئازارەکانی هەڵکشاوە.
شاعیر و ڕاگەیاندنکار، ئەندامی كارای ئەنجومەنی ئەمینداری تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی (نەجات عەبدوڵڵا) لەڕووی ئاکادیمییەوە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی کیمیادا لە ساڵی ١٩٩٠ لە زانکۆی «موستەنسرییە» بەدەستهێناوە و لە ساڵی ٢٠٠٠دا بەکالۆریۆسی لە زمانی ئیسپانی لە کۆلێژی زمانەکانی زانکۆی بەغدا وەرگرتووە. ژیانی لەنێوان عێراق، نیوزلەندا و میسردا بەشیوەتەوە و خاوەنی چەندین کۆمەڵە شیعرە، لەوانە:
1-«قیامەتی پرسیار» یەکەم كۆمەڵە شیعرییەتی؛ ساڵی ١٩٩٦ لە ڕۆژگارە سەختەکانی گەمارۆی ئابووریی بەسەر عێراقدا بە شێوەی (فۆتۆکۆپی) چاپكراوە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن «دار الحضارة» لە قاهیرە چاپی دووەمی بڵاوکراوەتەوە.
2-«خەوی یاسەمین» ساڵی ٢٠٠٠ لە عێراق چاپکراوە و ساڵی ٢٠١٠ لەڕێگای دەزگای «دار الحضارة» لە قاهیرە سەرلەنوێ بڵاوبووەتەوە.
3-«کانگای بێخەوی» ساڵی ١٩٩٩ لە عێراق بە ڕێگای کۆپیکردن بڵاوکراوەتەوە و لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەلایەن «دار الساقي» لە بەیروت بە چاپكراوەتەوە.
4-«کاتێک تارمایی یاری بە خاكـ کرد» ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن «دار الشؤون الثقافية» لە عێراق و لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن «قصور الثقافة» لە قاهیرە بڵاوکراوەتەوە.
5-«خودی نیشتمان» ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن دەزگای «دار محروسة» لە قاهیرە بڵاوکراوەتەوە.
6-«لەوێ، لەنێوان پەنجەکانمدا» كۆمەڵە شیعرێكە بە زمانی (عەرەبی- ئینگلیزی)، ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن «دار أروقة» لە قاهیرە چاپکراوە.
7-«جەژنێک لەسەر شووشە»: حەوتەمین كۆمەڵە شیعرە و لە قاهیرە لەژێر چاپدایە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا كە (عەبدولعەلیم ئەلبەننا) لەگەڵی ساز كردووە و لە ڕێکخراو و ماڵپەڕی (تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی) بڵاوكراوەتەوە، ژنە شاعیری عێراقی (نەجات عەبدوڵڵا) دەڵێ: ڕۆژنامەگەری خراپترین ئەزموونی ژیانم بووە.. زۆرترین کاتی لە تەمەنم برد.. بێ ئەوەی هیچم بداتێ..ئەگەرچی نامەوێ ئەو قسەیە (بۆرخیس) دووبارە بکەمەوە کە دەڵێ: (ڕۆژنامەنووسان بۆ لەبیرچوونەوە دەنووسن)، بەڵام ئەوە حەقیقەتە.. كاركردن لە ڕۆژنامەدا وزە و هێزت لێ دەدزێت، لە شیعرییەت بەتاڵت دەکاتەوە، بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت.. چەندە دڵڕەقانەیە ئەدیبێكـ لەپێناو دابینكردنی ژیانی، ناچار بێت پشت بە کاری ڕۆژنامەگەری ببەستێت.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا دەڵێ، من خۆم بە قەرزاری دنیا میخائیل، ڕیم قەیس كوبە، ئەمەل جەبوری و لەهێب عەبدولخالیق… دەزانم بەڵام ئەوان پێش من دەستیان بە بڵاوکردنەوە کردبوو. ئەو شاعیرانەی کە هاوکات لەگەڵ مندا لە هەمان قۆناغدا دەستیان بە بڵاوکردنەوە کرد، بریتی بوون لە: فەلیحە حەسەن، گوڵاڵە نوری و دالیا ریاز. هەمیشە شانازی بە ئەزموونی دوو شاعیرە گەورەکەی پێش خۆمەوە دەکەم کە بریتی بوون لە: ڕەسمییە محێبس زاير و سوهام جەبار.
وەک هەندێک کەس دەڵێن، من شیعری ڕەشبینانە نانووسم، بەڵکو گوزارشت لە قۆناغی خۆم و ڕووداوەکانی ژیان و مەرگەساتەكانی وڵات دەکەم. لە نووسیندا چۆن ئازارەکانم بشارمەوە؟ چۆن دەکرێت باس لە گوڵ بکەم لە کاتێکدا من لەنێو کێڵگەیەک مینم؟! چۆن دەبێت مرۆڤ لەنێو ئەو هەموو كارەساتەدا بێت و بە خۆشییەکی ڕەهاوە بنووسێت؟!.
ئاخ، نیشتمان!
ئەی نیشتمانی شۆخ و شەنگ،
ئەی ڕووباری مسک و عەنبەر…
ڕووم تێ بکە،
وەکو ئەو شەوە تاریكەی
بڕوا بە تاریکییەکەی ناکەیت.
لە پشت سەرم
گوڵی مەرگەسات دابنێ؛
تەنیا بە یادەوەریی خۆت
بمخەرە گۆڕ.
ئەگەرچی تەکنەلۆژیا، زانیاریی خێرا دەبەخشێت و دەتخاتە نێو ڕووداوەکانی جیهان؛ ئەگەرچی ئامرازەکانی پەیوەندی، دەرفەت و ئاسانکارییەکی گەورە بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت؛ بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان هەر تەکنەلۆژیان و پەرۆشیی نووسین لەسەر کاغەزی خەوتوومان لا بێ نرخ دەكەن؛ لە خۆشیی چاوەڕوانیی پۆستەچی، و تینوتاوی خوێندنەوەی كاغەزی بێ بەشمان دەكەن. لەوەش زیاتر، خووی سەردانیكردن و یەکتربینینی دۆستانە و گەرموگوڕیی قسەکردنی ڕووبەڕوو، بە ڕووی ڕەشی شاشەی کامێرا دەسپێرن. ئینتەرنێت دەڵێت جیهان گوندێکی بچووکە، بەڵام من تەنها وەكـ گوندێکی پڕ لە دووگمە و ئاسن دەیبینم.
چەند كۆپلەیەكـ لە شیعرەكانی (نەجات عەبدوڵڵا)ی شاعیر
لەسەر کاغەزێکی خەوتوو
کە گارسۆنەکە
دوای ئەوەی لە پاشماوەی قسەکان مەست بوو
و فڕێیدا
دەنووسم
خۆشم دەوێیت
و لەسەر لێوەکانم
گریان کۆتایی دێت.
+++
بە درێژایی شەو دەگریت دایكە،
لانكەكە ڕادەژێنم
و هێور نابیتەوە.
لەپشت عەباکەت،
ململانێ و غیاب چەپڵەمان بۆ لێدەدەن؛
لە ئامێزمدا بەڕێ دەکەویت.
خەریک بوو لە خۆشەویستیدا بمرم؛
لەو بێشکەیەی تۆ ڕایدەکێشیت،
لەو عەبایەی بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە،
لەو ئامێزەی وەک غیاب پەرشوبڵاوە،
لە هەنگاوە گرانەکانم بەرەو ماڵ،
لەو کۆترە خەوتووانەی سەر جێگاکەم،
و لەو پشیلە تۆقیوانەی بەر دەرگا..
+++
لە قاوەخانەی (الحرية)،
لەو گۆشەیەی کە بەرسەر گریاندا دەڕوانێت؛
گارسۆن بە خەمی نانەوە،
دایکەكانیش بە باوەشێ حەسرەتەوە؛
دێن..
بەیانیش وەکو هەمیشە بە دزێوی و کرێتییەوە،
دێت..
سەرۆکەکانیش بەسەر بێدەنگیی نیشتمان
هەڵدەگەڕێن..
سەرلەبەری تاراوگە دێت،
ژیانیش بۆ ماچێکی تۆ پەلەی دەكرد؛
من هێشتا لە «ئازادی»دام،
لەو گۆشەیەی کە بۆ شەهیدان دەڕوانێت.
+++
پێی گۆتم:
چایەکە ساردە،
و نیشتمان كەنەفت،
دڵیشم
پێش خۆم بۆ لای گوڵ دەچێت.
+++
سەرچاوەكان:
-بڕوانە: ئینترنێت
1- “أثر الصورة الشعرية في أشعار الشاعرة نجاة عبد الله”
https://bcchj.uobabylon.edu.iq › -2026 —قراءةً نقديّةً معمّقة في شعر الشاعرة العراقيّة نجاة عبد الله.
2- قراءة في المجموعة الشعرية (حين عبث الطيف بالطين) الشاعرة نجاة عبدالله – جمعة عبدالله.
3- الشاعرة والاعلامية نجاة عبدالله في حوار صريح فوق الصراحة- كتابات في الميزان:https://www.kitabat.biz.
4- نصوص قصيرة، نجاة عبد الله- الاتحاد العام للأدباء والكتاب في العراق. https://iraqiwritersunion.com

