وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا، وەڵامی ئەو دەنگۆ و هەڵمەتە چەواشەکارییانەی دایەوە کە لەسەر دۆسیەی لێبڕینی خانەنشینی دروستکراون و دەڵێت؛ لێبڕینی 3% لە فەرمانبەران بە پێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی فیدراڵە. هاوکات ئاشکرای کرد, کە وەزارەتی دارایی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە مانگانە زیاتر لە 26 ملیار دینار لە تەمویلی مووچەی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە دەبڕێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی، ڕوونیکردوەتەوە، بەپێی یاسای ژمارە (9)ـی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، تێکڕای لێبڕینی خانەنشینی بۆ هەر فەرمانبەرێک بریتییە لە (25%)، کە لەو رێژەیە (15%)ـی لە لایەن حکوومەتەوە دابین دەکرێت و (10%)یشی لەسەر خودی فەرمانبەر هەژمار دەکرێت. لە ساڵانی رابردوودا و پێش جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، حکوومەتی هەرێم بەپێی یاسا کۆنەکە تەنیا رێژەی (7%)ـی وەک لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەران دەبڕی؛ بەڵام لە دوای بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵییەکە لە هەرێمی کوردستان و بە دەستهێنانی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، بە پێی یاسا کەوتە ئەستۆی فەرمانبەران کە ئەو جیاوازییەی (3%) کە پێشتر نەبڕدرابوو، بیدەنەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەیاندا دەڵێن؛ لەبەر ئەوەی سەرجەم خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی فیدراڵ سوودمەند دەبن، پێویستە هەموو فەرمانبەر و خانەنشینێک ئەو جیاوازییەی (3%) کە بۆ ماوەی (10) ساڵ وەک قەرز لەسەریان هەژمار کرابوو، بگەڕێننەوە بۆ حکوومەتی فیدراڵ.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو؛ لەسەر میکانیزمی وەرگرتنەوەی ئەم قەرزە، تیمێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بۆ ماوەی چەندین مانگ لە گفتوگۆ و هەماهەنگیدا بوون و لەسەر شێوازی لێبڕینی ئەو (3%)یە گەیشتوونەتە rێککەوتنی فەرمی و کۆنووسی هاوبەشیان واژۆ کردووە.
وەزارەتی دارایی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە دوور و نزیک پەیوەندیی بە دواکەوتنی ناردنی پارەکە بۆ سندووقی خانەنشینی نییە، چونکە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە (2025) مانگانە زیاتر لە (26) ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە لە تەمویلی مووچەی هەرێم دەبڕێت؛ بەپێی یاسا کارپێکراوەکانیش دەکەوێتە ئەستۆی خودی وەزارەتی دارایی عێراق کە ئەو پارەیە بخاتە نێو سندووقی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراقەوە، نەک هەرێم.
وەزارەتی دارایی ئەوەی بەبیر خەڵک هێناوەتەوە کە هێشتا لە رێکەوتی (3ـی حوزەیرانی 2025) بە فەرمی روونکردنەوەی تەواوی لەسەر ئەم دۆسیەیە بڵاوکردبووەوە و، دەبوو رەخنەگران ئاگاداری ئەو ڕاستییانە بوونایە ئەگەر بەڕاستی خەمخۆری مافی فەرمانبەران و خانەنشینان بوونایە.

