رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی عێراق پێچەوانەی ڕێککەوتنی شنگال ھەنگاو دەنێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی شنگال چەکی خۆیان ڕادەستی دەوڵەت کردووە، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. بەرپرسانی شنگال، دەڵێن، ئەو ھەنگاوەی حکوومەتی عێراق تاکلایەنانەیە و لە جێگەی خۆیدا نییە، چونکە شنگال ناوچەیەکی کوردستانییە و دەبێت حکوومەتی ھەرێم بەشداری ھەر ھەنگاوێک بێت کە لە شنگال دەنرێت، ئەگەرنا ھیچ ڕێککەوتنێک سەرناگرێت.

دوا ھەنگاو و لێکتێگەیشتنە تاکلایەنەکانی حکوومەتی عێراق لە دۆسیەی شنگالدا، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھۆشدارییەک ھاتە دەنگ و ڕایگەیاند، سەپاندنی ھەر واقعێَکی نەخوازراو لە دەڤەرەکە پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی شنگالە و دۆخەکە بەرەو ئالۆزی زیاتر دەبات و پڕۆسەی ئاساییکردنەوە لەبار دەبات. تاکە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە، چونکە تاکە زامنی پێکھێنانی ئیدارەیەکی شەرعی لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەکە، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ئاسایشە، کە ئەمانەش مەرجی سەرەکین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی سەدان ھەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نیگەرانییەوە لەسەر دۆخی ئێستای شنگال ھاتە دەنگ و ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق پێچەوانەی ڕێککەوتنی شنگال ھەنگاو دەنێ، کە بەسەرپەرشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان واژۆ کراوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: بە بیر ھەموو لایەک دێنینەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی ٥٠٠ شەھید و ٣ ھەزار برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازاد کراوە و دەبێ ڕێز لەو قوربانی و تێکۆشانە بگیرێت.
شنگال نەک ھەر لە ڕووی جوگرافی، بەڵکو لە ڕووی ناسنامە، زمان، مێژوو و خوێنەوە بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی کوردستانە، سرووتی ئایینی و نزا و دابونەریت، کولتوور، جلوبەرگ، مۆسیقا و کەلەپوور و چیڕۆکە فۆلکلۆرییەکانی شنگال کوردینە و بەشێکن لە گەنجینەی فۆلکلۆری ڕەسەنی کوردی، ھەروەھا ئایینی ئێزدی یەکێکە لە ئایینە ھەرە کۆن و ڕەسەنەکانی کوردی، پەرستگا و دەقە پیرۆزەکانی بە زمان کوردیین و ھەرگیز شنگال و کوردستان لە یەکتر جودا نابنەوە.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوکراوویەکی سەبارەت بە ڕەوشی شنگال و چارەنووسی ئێزدییەکان، بڵاوکردەوە و تێدا ھاتووە تەنیا خەڵکی شنگال مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان ھەیە.
پارتی دڵنیایی دەدات کە بەرگریکاری سەرەکیی شنگال و بەرژەوەندیی خوشک و برایانی ئێزدی بووە، ھیچ کەس و لایەنێکی دیکە ناتوانێت بڕیار بدات بۆ ئێزدییەکان و چارەنووسەکان.
پێشنیاز دەکەین با ڕاپرسییەک لەناو خوشک و برایانی ئێزدی بکرێت، ئێزدییەکان چ بڕیارێکیان دا، دەبێ ھەموو لایەک بەڵێنی ئەوە بدەن پابەندی خواست و بڕیاریان بن و ڕێز لە ئیرادەیان بگرن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بڵاوکراوەتەوە و وەڵامێکە بۆ ئەو لێدوان و بۆچوونانەی لە ماوەی ڕابردوودا دژی پارتی دراون، ماوەیەکە کۆمەڵێک کەس و لایەن دەرکەوتوونە کە ڕێگە بە خۆیان دەدەن سەبارەت بە شنگال لێدوانی نابەرپرسیارانە بە ئاراستەی دژایەتیکردنی پارتی بخەنەڕوو، لەم ڕوانگەیەوە، مەکتەبەکە دڵنیایی دەدات کە پارتی لە ھەموو قۆناغ و بارودۆخێکدا بەرگریکاری سەرەکیی شنگال و بەرژەوەندیی خوشک و برایانی ئێزدی بووە و بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی زانیوە.
ڕاگەیاندراوەکە بە توندی ڕەتی دەکاتەوە کە ھیچ کەس و لایەنێکی دیکە لەبری ئێزدییەکان بڕیار بدات و خەت و نیشانیان بۆ دیاری بکات و دەڵێت: تەنیا دانیشتووانی شنگال و ئێزدییەکان خۆیان ئەو مافەیان ھەیە بڕیار لە چارەنووس و داھاتوویان بدەن.
لە کۆتاییشدا، پەیامێکی ھۆشداری دراوە کە جگە لە خودی ئێزدییەکان، ھیچ کەس و لایەنێک مافی ئەوەی نییە خۆی بکاتە دەمڕاست و خاوەنی چارەنووس و داھاتووی ئێزدییەکان و دەست لە کاروباریان وەربدات.
حکوومەتی عێراق خۆ لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەدزێتەوە و نەیتوانیوە زەمینە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکەی خۆش بکات. جەمال شەشۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەڕاستی دەبوایە حکوومەتی عێراق بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا بە ئامادەبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە مامەڵەی کردبایە و خۆی لەو ڕێککەوتنە کردبایە خاوەن، نەک بچێت لەگەڵ ھەندێک گرووپی چەکدار لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی ناوچەکە ڕێککەوتنێکی دیکە بکات، ھەر ڕێککەوتنێک لەسەر شنگال بکرێت، دەبێت ھەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت، ئەگەرنا ئەو ڕێککەوتنە ڕەت دەکەینەوە، چونکە ئەوەی بەدەم خەڵکی شنگالەوە ھات تەنیا ھەرێمی کوردستان بوو، ئەگەر سەرۆک بارزانی و ھێزی پێشمەرگە نەبوانە ھیچ کاتێک شنگال لە دەستی داعش ڕزگار نەدەکرا.
مەحما خەلیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا بە ئامادەبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان و پیرۆزبایی وڵاتە زڵھێزەکان لە ٢٠-١٠-٢٠٢٠ ئیمزا کرا، ڕێککەوتنێکی دەستووریی و یاسایی بوو، مافی خەڵکی شنگال بوو، بەڵام وڵاتێکی ناوچەکە لەگەڵ ھەندێک گرووپی سەر بە پەکەکە و حەشدی شەعبی ڕێگەیان نەدا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، ئەوەش ھەمووی ھۆکارەکەی حکوومەتی عێراق بوو، کە تا ئێستا ھیچ کام لەو پێنج خاڵەی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراون، ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا لە نێوان حکوومەتی عێراق و چەند گرووپێک کراوە ڕەوشی شنگالی ئالۆزتر کرد، خەڵکی ناوچەکە ڕازی نین، چونکە ئەو ڕێککەوتنە نەک چارەسەری ڕەوشی شنگال ناکات، بەڵکو بارودۆخی ناوچەکە ئالۆزتر دەکات.
ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: حکوومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق پێگر نەبوون بەو ڕێککەوتننانەی کە کراون، شنگال بەپێی ئەو مێژووەی کە ھەیە بەشێکە لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کرابایە، خەڵک دەگەڕایەوە، شارەکە ئاوەدان دەبووەوە، خەڵک قەرەبوو دەکرایەوە، بەڵام کە ئێستا جێبەجێ نەکراوە بارودۆخەکە ئالۆزتر بووە، دوایین ڕێککەوتنی شنگال کە لەگەڵ ھێزی دەرەکی کراوە لە جێگەی خۆیدا نییە و جێبەجێ ناکرێت، خەڵکی شنگال ڕەت دەکەنەوە، چونکە ئەو ڕێککەوتنە بارودۆخی شنگال ئالۆزتر دەکات.
مەحما خەلیل، زیاتر گوتی: حکوومەتی عێراق لە جیاتی ئەوەی بێت شنگال ئاوەدان بکاتەوە، ھانی خەڵکی ئاوارەبوویی ناوچەکە بدات بگەڕێنەوە، دواتر قەرەبوو بکاتەوە، بە ھەزاران کچ و ژنی ئێزدی ئێستاش چارەنووسیان نادیارە و بەدوایاندا بگەڕێن و بدۆزنەوە و بگەڕێنەوە ناو کەسوکاری خۆیان، دێت ڕێککەوتن لەگەڵ چەند گرووپێک دەکات بۆ زیاتر تێکدانی بارودۆخی شارەکە.
مەحما خەلیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: بەناوی ٧٥% خەڵکی شنگال بەیاننامەیەکمان دەرکردووە و لە بەیاننامەکەدا ھاتووە ڕەخنە لەو بەیاننامەی موراد ئیسماعیل دەگرین کە دەڵێت ئێمە وەکو خەڵکی شنگال نامانەوێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، چونکە شنگال بەشێکە لە عێراق، ئەو کەسە نوێنەرایەتی خەڵکی ئێزدی ناکات، لە شەڕی دژی داعش لە ئەمریکا بوو ھەر نەیدەزانی شنگال لە کوێیە و خەڵکی ناوچەکە توشی چ ماڵوێرانییەک بوونە، بۆیە ئەوەی ئێستا ئەو دەیکات تەنیا بۆ ئەوەیە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان خۆ لەلای ھەندێک لایەنی عێراقی شیرین بکات، بەڵام لە داھاتوودا بۆی دەردەکەوێت کە خەڵکی شنگال لەگەڵ کێیە و کێ دژی ئەوان کار دەکات و دەیەوێت شنگال لە ھەرێمی کوردستان داببڕێنێت، ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستوورییە و شنگالیش بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی ھەرێمی کوردستان.