ئارام کۆشکی – هەولێر
بۆ وێنە لەلای کتێبەکانەوە دەگرین؟ ئایا تەنها لەبەرئەوەیە کە دیمەنێکی جوان بە وێنەکەمان ببەخشن، یان زیادەیەک بە بوونمان زیاد دەکەن؟ ئایا کاتێک وێنە لەنێو سروشت، یان هەر جێگەیەکی دیکە دەگرین جیاوازی چییە لەوەی وێنە لەلای کتێبەوە دەگرین؟
من لەو کەسانەم هەم عاشقی سروشتم، هەم وێنەی زۆرم لەنێو کتێب و کتێبخانەدا هەیە، بەڵام هەمیشە پێموابووە وێنەگرتن لە نێو کتێب و کتێبخانەدا، جۆرێک لە سەنگینی و ئاسوودەیی ڕۆحیم پێ دەبەخشێت، یان دەتوانم بڵێم کتێبخانە و نزیکبوون لە کتێب دڵخوازترین جێگەی منە، بەڵام ئەمە وێنە گەورەکە نییە، ئایا ئەمە بۆ هەموانیش هەر وەهایە، یان چی دیکە؟
لە یەکێک لە وتارەکانیدا بەختیار عەلی باس لەوە دەکات کاتێک ئێمە لەپاڵ پەیکەری نووسەرێک، هونەرمەندێک، بیرمەندێکەوە وێنە دەگرین دەمانەوێت بەشێک لە جوانی و هێز و بەهرەمەندی ئەو کەسە بۆ ئێمە بگوازرێتەوە. لەوێدا ئەم نووسەرە وەها وێنای وێنەگرتنەکە دەکات وەکو شتێکی گەلێک سروشتی و حەزێکی مرۆڤەکان بۆ نزیکبوونەوە لە بەهرەمەندی ئەو پەیکەرانەی وێنەیان لەلاوە دەگیرێت. ئایا دەشێ ئەمە بۆ وێنەگرتن لەگەڵ کتێبەکان، یان وێنەگرتن لەنێو کتێبخانەدا هەمان مانا و مەبەستی لەپێشتەوە بێت.
بێگومان هەموو وێنەگرتنێک لە هەردوو دۆخەکەدا دەشێ ئەو مانا و مەبەستە قووڵەی نەبێت، بەڵام لای بەشێکی زۆری ئەوانەی وێنە لای پەیکەر، یان لەنێو کتێبخانەدا دەگرن دەشێ درککردنی ئەوە هەبێت، کە بەشێک لە هێز و جوانی و بەهرەی ئەوانە بۆ خۆیان بگوازنەوە، یان درکی ئەوەیان کردووە، کە لەو جێگەیەدا وێنەکەیان سەنگینترە.
ئێمە کاتێک لەنێو سروشتدا وێنە دەگرین، یان لە هەر جێگەیەکی دیکە (جگە لە کتێبخانە و تەنیشت کاری هونەرییەوە) بەتەنها بیرمان لای جوانییە، ئایا ئەو وێنەیە لەوێدا جوان دەردەچێت، یان ئەو جێگەیەی لێی وەستاوین جوانی بە وێنەکە دەبەخشێت؟ بەڵام کاتێک لە نێو کتێبخانەیەک، یان لە تەنیشت پەیکەری ناودارێکەوە وێنە دەگریین، جگە لە جوانی مەبەستمان شتێکی دیکەشە، کە ئەویش بەهرەمەندبوون لە هێز و بەهرەی کتێبەکان، یان پەیکەرەکان. واتە وێنەگرتن لەنێو کتێبەکان هەستکردنە بەوەی کتێب هێزی زیاتری هەیە لەوەی تەنها جوانی بداتەوە، بەڵکو سەنگینیش دەداتەوە بە هەموان.
هەمیشە لە پێشانگەکانی کتێب، یان لە کتێبخانەکان سەرنجی بەشێک لە کوڕان و کچان دەدەم، کە دێنە نێو ئەو پێشانگە و کتێبخانانەوە تەنها بۆ ئەوەی وێنە بگرن، بەبێ ئەوەی هیچ کتێبێک بکڕن. زۆرجاریش تانە و پلاریان لێ دەدرێت، لەلایەن هاوڕێکانیانەوە، یان لەلایەن کەسانێکەوە کە چاودێری کراون، یان بە ڕێکەوت بینراون، کە تەنها بۆ وێنەگرتن لەوێ بوون. ڕاستی من ئەمەشم زۆر لا ئاساییە، ئەگەرچی لە نیگای یەکەمدا وەکو خوێنەری نمایشی بێنە بەرچاو، یان جۆرێک لە نمایشکردنی مەعریفی (کە لەوانەیە کەسانێکیان تێدا بێت مەبەستی لەوە بێت)، بەڵام من هەمیشە دیوێکی تری ئەم بابەتە دەبینم، ئەویش ئەوەیە ئەو کەسانەی کە (تەنها) بۆ وێنەگرتن دێنە نێو ئەو پێشانگایانەی کتێب، یان کتێبخانەکانەوە، هەستیان بە سەنگینی کتێب کردووە، بۆیە دێن و وێنەی لاوە دەگرن. دەزانن وێنەگرتن لەنێو پێشانگەکانی کتێبدا، یان کتێبخانەکاندا، وێنەگرتنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو زیاترە لەوەی لەنێو باخێکی قەشەنگدا، یان کەناری دەریاچەیەک، یان دارستان و سروشتێکی دڵڕفێندا بگیرێت.
کتێبەکان، تەنها تەنی بێرۆح نین، بەڵکو بیرکردنەوە و تێڕامانەکانیان تێدایە، کە خوێنەرەکان لەکاتی خوێندنەوەدا دەیاندوێنن و ئەوانیش خوێنەران دەدوێنن. بۆیە هەر وێنەگرتنێک لەگەڵ کتێبەکان دەشێت سەرەتایەک بێت بۆ نزیکبوونەوە و دیالۆگ لەگەڵ کتێبەکان، چونکە لەم ڕۆژگارەدا ڕەنگە هەندێک کەس نەتوانێت بخوێنێتەوە (بەهۆکاری جۆراوجۆرەوە)، بەڵام بەهای کتێب دەزانێت و دەزانێت هەر نزیکبوونەوەیەک کتێب جۆرێک لە سەنگینی و بەهرەمەندبوونە، لەبەرئەوەیە وێنەی لەلاوە دەگرێت.

