رۆژنامەی ھەولێر

%80ی کارەکانی نەخۆشخانەی شێرپەنجەی هەولێر تەواو بووە

کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەی 150 قەرەوێڵەیی تایبەت بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە شاری هەولێر، کە بەردی بناغەکەی پێشتر لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانرا، بە ڕێژەی 80٪ تەواو بووە و پڕۆژەکە چووەتە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردن.

ئەم پڕۆژە تەندروستییە بە شێوازێکی هاوچەرخ دیزاین کراوە و توانای پێشوازی لە نزیکەی 1000 نەخۆش ڕۆژانە لە بەشی ڕاوێژکاریدا دەبێت.

نەخۆشخانەکە بە ئامێر و پێداویستییە پزیشکییە پێشکەوتووەکان تەیار دەکرێت و خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری کیمیایی، تیشکی، سەنتەری تیشکی لیناک (LINAC)، هۆڵەکانی نەشتەرگەری، بەشی خەواندن و فریاکەوتن لەخۆدەگرێت.

بە تەواوبوونی پڕۆژەکە و دەستپێکردنی کارەکانی، چاوەڕوان دەکرێت خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی زۆر بەخۆیەوە ببینێ.