رۆژنامەی ھەولێر

چەپەكان هەڵبژاردنی بەڕازیلیان بردەوە

كارزان گلی – هە‌ولێر

لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕازیل، فلاڤیۆ بۆڵسۆنەری، بەرامبەر بەلولا دۆڕا، ئەمەش مایەی شكستێكی گەورە بوو بۆ دۆناڵد ترەمپ، چونكە لایەنگیریی لە بۆڵسۆنەری دەكرد.

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی بەڕازیل بڵاوی كردەوە، لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، لولا بۆ جاری دووەم توانی ببێتە سەركۆماری ئەو وڵاتە، بەڵام بۆڵسۆنەری ئەنجامی هەڵبژاردنی رەتكردەوە و دەڵێت ساختەكاری كراوە.
ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی خولی دووەم، لولا ٥١.٨٪ی دەنگەكانی بەدەستهێنا و بۆڵسۆنەریش ٤٨.٢٪ی بەدەستهێنا، ئەمەش لە كاتێكدا بوو لەخولی یەكەمدا بۆڵسۆنەری بردبوویەوە، بەڵام چونكە نەیتوانی ٥٠+١ بەدەستبهێنێت، بۆیە هەڵبژاردن كەوتە گەڕی دووەم.
بۆڵسۆنەری، ئەنجامی هەڵبژاردنی رەتكردەوە، دەڵێت بۆ ماوەی دوو سەعات ماوەی دەنگدان درێژكراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ساختەكاری بكرێت، بۆیە ئەنجامەكەی رەتكردووەتەوە و دەڵێت قبوڵی ناكەم.
لولا بەجیاوازی چوار ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگ لەپێش بۆڵسۆنەرەوە بوو، بۆیە ئەستەمە بتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵوەشێنێتەوە و دەبێت ئەنجامەكە قبوڵ بكرێت، ئەمەش بەگوتەی بەشێكی زۆری شڕۆڤەكارانی سیاسی.
لولا دانی پێدا دەنێت ماوەی دەنگدان درێژكراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بارانێكی زۆر بووە و دەنگدەر نەیتوانیوە بچێتە دەنگدان، بۆیە بۆ ماوەی ٢ سەعات كاتی دەنگدانیان درێژ كردووەتەوە، ئەمە بەو مانایە نییە، كە ساختەكاری كرابێت.
بۆڵسۆنەری، دەڵێت كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی بەڕازیل، لەژێر فەرمانی لولادا بووە، بۆیە سەركەوتوو بوو لەوەی ساختەكاری بكرێت.
بەگوێرەی ئەو شڕۆڤانەی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكرێت، رەنگە گرژییەكی گەورە لەبەڕازیل لەنێوان لایەنگرانی هەردوو سەركردە روو بدات، چونكە لایەنگرانی لولا هاتوونەتە سەر شەقام و خۆشحاڵی دەردەبڕن، بەڵام لایەنگرانیی بۆڵسۆنەری زۆر توڕەن، بۆیە رەنگە لەداهاتوویەكی نزیكدا رەوشی ناوەخۆیی بەڕازیل بەرەو خراپی بچێت.
دۆناڵد ترەمپ زۆر رقی لەلولا بوو، چونكە لەهەڵبژاردنی پێشووتریش لولا دژایەتی خۆی ئەمریكا دەربڕیبوو، بۆیە سەركەوتنی لولا بەو مانایە دێت، لەبەڕازیل ترەمپیش دۆڕاوە.
ترەمپ، هەوڵێكی زۆریدا تا بتوانێت بۆڵسۆنەری سەربخات و تا ئاستێكی زۆریش هەوڵەكەی جدی بوو و لەگەڕی یەكەم توانی بیباتەوە، بەڵام بۆڵسۆنەری لەگەڕی دووەم دۆڕا و نەیتوانی دڵی ترەمپ خۆش بكات.
ترەمپ، ئەنجامی هەڵبژاردنی رەتكردەوە و ئەویش دەڵێت ساختەكاری كراوە، ئەمش بووە هۆی ئەوەی بۆڵسۆنەریش دژی ئەنجامەكان بێت و دەڵێت پێویشتە هەڵبژاردن بكرێتەوە.
چەند هەفتەیەك بەر لەئێستا لولا، ترەمپی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستوەردان لەكاروباری ناوەخۆیی بەڕازیل دەكات، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەنگدەرێكی زۆر بۆ لای خۆی رابكێشێت. ترەمپ نەشیشاردووەتەوە، لەپروپاگندەی هەڵبژاردندا زۆر یارمەتی بۆڵسۆنەریان داوە.
چەندین سەركردەی وڵاتانی جیهان پیرۆزباییان لە لولا كرد، ئەمەش بەو مانایە دێت ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە قبوڵ كراوە.
ئیمانوێل ماكڕۆن، سەركۆماری فەڕەنسا، لەلێدوانێكیدا پیرۆزبایی لە لولا كرد و گوتی بەیەكەوە دەتوانین دونیایەكی عەدالەت دروست بكەین.
سانچێز، سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیاش بەهەمان شێوە پیرۆزبایی لەلولا كرد و گوتی ئەو سەركەوتنەی لولا زۆر كاریگەر و دڵخۆشكەر بووە، هیوای خواست هەڵبژاردنی ئیسپانیاش بەهەمان شێوە سەركەوتوو بێت، كە بڕیارە لەمانگی ١١ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.