ڕائیب جادر – هەولێر
لەسەر داواکاریی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دوو پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەردوو گەڕەکی جینگڵاوە و کوردستان ڕاگیران کە ھەردووکیان کەوتوونەتە سنووری زەوییەکانی ماددەی ١٤٠.
دانیشتووانی گەڕەکی جینگڵاوە لە شۆریجە، ناڕەزاییان دەربڕی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان لەو گەڕەکە کە زەوییە لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتگوزاریی گشتی تەرخان کرابوو، ھاوکات لە گوندی عەلیاوەش کە ئێستا بە گەڕەکی کوردستان ناونراوە دەستکرابوو بە دروستکردنی پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان لەسەر موڵک و زەویی دانیشتووانی ڕەسەنی گوندەکە، ئەمەش ناڕەزایی زۆری لێ کەوتەوە.
لەسەر سکاڵای ھاووڵاتییانی ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە ٢٧-٨-٢٠٢٦، نووسراوێکی ئاڕاستەی ھەریەک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەستەی دەستپاکی و دەستەی وەبەرھێنانی نیشتمانی کرد بەمەبەستی ڕاگرتنی پڕۆژەکان، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی ئەمینداریەتی گشتی کرد، ئەوانیش بە نووسراوێک کە لە ١٧-٩-٢٠٢٦ دەرچووە، داوایان لە پارێزگای کەرکووک کرد بۆ ئەوەی کارەکانی پڕۆژەی وەبەرھێنان لە گەڕەکی جینگڵاوە ڕابگرن.
فراکسیۆنی پارتی لە نووسراوێکی لەسەر کێشەی گوندی عەلیاوە ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەستەی وەبەرھێنانی نیشتمانی کرد، ئەوانیش لەسەر نووسراوی فراکسیۆنەکە داوایانکرد سەرجەم ئەو پڕۆژانەی کە دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ ڕابگیرێن.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، ھەر پڕۆژەیەک لەسەر زەوییەکانی ماددەی ١٤٠ بکرێت، ھەموو جۆرە ڕێکارێک دەگرینەبەر بۆ ڕاگرتنی.
ھاوکات دڵنیاییش بە ھاووڵاتییانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەدات کە ھەر جۆرە داواکارییەک بگاتە دەستیان، ئەوان وەکو فراکسیۆنی پارتی بەدواداچوونی بۆ دەکەن و کار لەسەر پاراستنی مافەکانی خەڵکی دەکەن.

