رۆژنامەی ھەولێر

قوتابخانە، لە وانەگوتنەوەوە بەرەو پێگەیاندن و دەرخستنی توانست

خەرمان كەمال پیربال
بوار و سێكتەرەكانی پەروەردە هەمیشە بە بیر و بیرۆكەی جوان و پلان و نەخشەی زانستی و یەكخستنی تواناكان و یەكترقبووڵكردن و گەیشتن بە ئامانجی گەورە و پێشكەوتن شاد بوون. لەگەڵ ئەمانەشدا ژیان داواكاریە نوێیەكانی زیاد بووە چونكە زانیاریەكان بە خێراییەكی زۆر گۆڕانكاریان بەسەردا دێت، تەنها كتێبەكان بەس نین بۆ گەیاندنی زانیاری بە قوتابیان و نەوەی سەردەم یاخود دەتوانین بڵێین قوتابی چۆن دەتوانێت زانیاریەكانی لە قوتابخانە یان كتێبەكانی خوێندن وەریگرتووە لە ژیانی ڕۆژانە سوودیان لێ وەربگرێت؟ بیر لە كێشەكان بكاتەوەو چارەی گونجاویان بۆ دابنێت،لە گەڵ ئەو گۆڕانكاریەدا خۆی بگونجێنێت، لێرەدا پێویستە سیستەمی پەروەردە بەرنامەیەكی تۆكمەو پوختی هەبێت بۆ پەرە پێدانی تواناكانی قوتابی بۆ ئەوەی نەوەیەكی بەرهەمدار بێتە كۆمەڵگاوە. ئامانج ئەوەنیە لە پەروەردەدا زانیاریەكان كەم بكرێنەوا، بەڵكو ببێتە بنەمایەك بۆ بیركردنەوە و تێگەیشتن و كردار. لەو گۆڕانكاریانەی سەردەم ڕۆڵی مامۆستایان زۆرترین كاریگەری و گرنگی هەیە، چونكە هەر مامۆستایە ئازایەتی و متمانە و ڕێگای فێربوون بۆ قوتابی ئاسان و فەراهەم دەكات و ژینگەیەكی گونجاوی بۆ دابین دەكات و وای لێ دەكات گرنگی بە توانست و بەهرە شاراوەكانی بدات. هەموو ئەو ڕێگاو شێواز و میتۆدە سەردەمیانەی ئێستا لە پرۆسەی خوێندندا بەكار دەهێنرێت لە گفتوگۆ، كاری گروپانی (بەکۆمەڵ)، پڕۆژەی كردەیی و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا، ئەگەر بە شێوازێكی بەپلان و ئامانجدار بەكار بهینرێت دەکرێت ئاستی فێربوونی پێ بەرزتر بكرێتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە مامۆستا بەردەوام لە هەڵسەنگاندندا، فیدباكی تایبەت بە خۆی بە دوای تازەگەری و سەردەمیانەوە بێت و خۆی بەڕۆژ و ئەپدەیت بكاتەوا لەگەڵ پێداویستیە نوێكانی پەروەردەدا بگونجێت، لێرەدا گۆڕانكاری راستەقینە دەردەكەوێت، بەڵام پێویستی بە پاڵپشتكردن هەیە لە لایەن وەزارەتەوە لە دابینكردنی پێداویستیەكان تاكو دەرفەتی گەشەكردنی پیشەیی هەبێت. وە لە هەمان كاتتدا ئەگەر مامۆستا بنەمای فێربوون بێت و ڕێنمایی بێت، قوتابخانەش ژینگەیەكە توانای قوتابی تێدا بەدیار دەكەوێت، قوتابخانە تەنها شوێنی تاقیكردنەوەكان نیە دەرفەتە بۆ هاوكاری و داهێنان و فێربوون.