ئەمشەو چوارشەممە، 28.10.2026 بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ،هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ بەشێک لە قائیمقامەکان، بەرێوەبەری گشتی و بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدرا، بۆ تاوتوێکردنی پێشبینییەکانی کەشناسی و ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ وەرزی باران بارین و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ لە سنووری پارێزگای هەولێر.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو، جەخت لە گرنگیی ئامادەکاریی پێشوەختە، بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کرایەوە، بە مەبەستی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی زیانە ئەگەرییەکانی بارانبارین .
لەو چوارچێوەیەدا، چەند ڕێوشوێن و ئامادەکارییەکی گرنگ خرایە بەرباس، لەوانە خستنە ئامادەباشیی تیمە خزمەتگوزاری و فریاکەوتنەکان، خێراکردنی پاککردنەوەی کەندە سروشتییەکان، مەنهۆڵ و ڕێڕەوەکانی ئاوی باران، هەروەها گرنگیدان بە سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە ناوچە مەترسیدارەکان.
هەروەها، جەخت لەسەر یەکخستنی هەوڵەکانی بەرگریی شارستانی، شارەوانییەکان، پۆلیس، فەرمانگە تەندروستییەکان و سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرایەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر دۆخێکی لەناکاودا، بە خێرایی و کارامەیی دەستبەکار بن.
لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان لە پێشینەی بەرپرسیارییەکانی کارگێڕیی پارێزگادایە، بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هەماهەنگیی تەواو ئامادەباشیی بەردەوام، هەموو ڕێوشوێنە پێویستەکان بگرنەبەر، بۆ سنووردارکردنی مەترسییەکان و دڵنیابوون لە خێرایی و کارایی وەڵامدانەوەی هەر بارودۆخێکی چاوەڕواننەکراو.

