رۆژنامەی ھەولێر

داخرانی دەروازەی شیب و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دۆخی عێراق دەشڵەژێنێت

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

قەیرانێکی نوێی سیاسی و ئەمنی بەرۆکی عێراقی گرتووە و بووەتە ئاڵەنگارییەکی دیکەی بەردەم حکوومەتی عەلی زەیدی و ئەم جارە سەرچاوەی ئەو قەیرانە لە پارێزگایەکی بچووک و سنوورییەوە دەستی پێکردووە و گەیشتووەتە هێرشی نوێ بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

ئەم قەیرانە نوێیە سیاسییە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە لەسەر فەرمانی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەروازەی شیب کە لە دیوی ئێران بە چەزابە ناسراوە، داخرا و هەموو جۆرە جووڵەیەکی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەکە کۆتایی هات.
ئەو کات میدیاکان قسەی جیاوازیان لەبارەی داخستنی دەروازەکە کرد، بەشێک لە میدیاکان بەوەیان گرێدا کە دەروازەکە بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکی داخراوە و هەندێک میدیای دیکە باسیان لەوە کرد کە بڕیارەکە پەیوەندی بە داخوازییەکی ئەمریکا لە حکوومەتی عێراق هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو قاچاخییەی چەک و گواستنەوەی پارە کە لە دەروازەکەوە دەکرێت.
هاوکات هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە داخستنی دەروازەی شیب دەستپێکە بۆ داخستنی کۆمەڵێک دەروازەی دیکە لە نێوان ئێران و عێراق و لە داهاتوودا تەنیا دوو دەروازە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا بە چالاکی دەمێننەوە.
دەروازەی شیب داخرا بەڵام ناڕەزایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان و هۆزەکانی ئەو پارێزگایەی بەدواوە بوو و کار گەیشتە ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان هەڕەشەی ئەوە بکات ئەگەر بە زووترین کات دەروازەکە نەکرێتەوە دەست بە مانگرتنی گشتی بکەن و تەنانەت هەڕەشەی دابڕاندنی پارێزگای میسانی لە عێراق کرد.
ئەم هەڵویستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە وایکرد نووسینگەی سەرۆکوەزیران داوای تۆمارکردنی سکاڵا و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەری بکات.
هەر لەسەر ئەو بنەمایە دادگا بەپێی بڕگەکانی ماددەی 224، بەشی دووەمی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ مستەفا محەمەداوی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان دەرکرد. لە چوارچێوەی ئەم رێکارەدا، دادگا داواکاری گشتیی عێراقی ئاگادار کرانەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، عەلی زەیدی فەرمانی کرد لێکۆڵینەوە لەگەڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان لەسەر ئەو لێدوانانەی دابووی، بکرێت.
سەرۆک هۆزەکانی پارێزگای میسان پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەیان راگەیاندووە و بە تایبەتی دوای بڕیاری دەستگیرکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دۆخی پاریزگاکە ئاسایی نییە و بڕیارەکە بووەتە ئاڵەنگارییەکی نوێی بەردەم عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی وەک کەسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بڕیارەکانی خۆی بسەپێنێت و پلانەکانی جێبەجێ بکات.
هەرچەندە دوێنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە خۆی رادەستی دادگا کرد و دوای ماوەیەک ئازاد کرا بەڵام سووربوونی خۆی لەسەر داخوازی بۆ کرانەوەی دەروازەکە راگەیاند. ئەگەر سەرۆک وەزیران هۆزەکان رازی بکات واز لە مانگرتن و خۆپێشاندان بێنن و سزای سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بدات ئەوا دەبێتە سەرکەوتنێک بۆ حکوومەت بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی یەک لە دوای یەک بەسەر ئەو دەروازە بازرگانییانەدا بسەپێنێت کە گومانی لێیان هەیە قاچاخی دەکرێت و گرووپە میلیشیاکان بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆیان بەکاری دەهێنن.
بیرمان نەچێت سەرۆکی ئەنجوومەنەکە لە لیستەکەی عەسائیبی ئەهلی حەقە کە لە حکوومەت پۆستی باڵایان پێدراوە و دیار نییە ئەم گرووپانە کە پێیەکیان لە حکوومەت و پێیەکیان دژی حکوومەتە دواجار بە کام لایەندا دەشکێنەوە.

دوێنێ خۆبەدەستەوەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی نوێی میلیشیاکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا کە لەوانەیە پەرەسەندنەکەی لەپاڵ ئەو ململانێیە ناوخۆییانە، قەیرانێکی نوێ بیهێننە کایەوە.