رۆژنامەی ھەولێر

نۆبەرە و نوێترین کتێبی”ڕۆژگار نانەکەلی” بە ناونیشانی (یادگارییەکانی شوفێرێکی تەکسی) چاپکرا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

دوای ئەزموونی پازدە ساڵ لە شوفێری تەکسی ناوشار، ڕۆژگار نانەکەلی بەسەرهات و ڕووداوی خۆش و ناخۆشی خودی خۆی لە شێوەی واقیع و لە کۆمەڵە چیرۆکێک بە شێوەزاری موکریانی و بەبنزاری شیرینی هەولێری لە دوو توێی کتێبێکی خنجیلانەی پێکهاتوو لە ٢٥ چیرۆککۆکردەوە.

ئەم کتێبە، لەسەر ئەرکی ڕێکخراوی هەماهەنگی مرۆیی نانەکەلی چاپکراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارە سپاردنی ٩٦٣ـی ساڵی ٢٠٢٦ـی پێدرا، ناساندنی کتێبەکە.
ناوەرۆکی کتێبەکە، باس لە ڕۆژانی کارکردنی شوفێرێک دەکات لە ناو شاری هەولێر،بێگومان شوفێری تەکسی ئیشەکەی ڕۆتین نییە و هەر ڕۆژێک و کاتێک لەشوێنێکە و تێکەڵی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەبێ.
بەهۆی هەڵسوکەوت و گوێگرتن و گفتوگۆی شوفێر لەگەڵ خەڵک،کۆمەڵێ یادگاری و ڕووداوی خۆش و ناخۆش دەبینێ و لە مێشکی خەزن دەبێ،ئەم کتێبەش زادەی ئەو یادگاری و ڕووداوانەیە کەبەسەری هاتووە،نووسەر دەڵێ دەمتوانی زیاتر لە ٥٠ چیرۆک بنووسم بەڵام ئەوەی خوێنەر دەیخوێنێتەوە تەنیا ٢٥ چیرۆکە، بەڵام بە تام و چێژی ٥٠ چیرۆک.
شایەنی باسە لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکان، دەردەکەوێت کە نووسەر گرنگی بە کەشوهەوای شار داوە و چۆنیەتی مامەڵەی هاووڵاتییان لەگەڵ وەرزەکان تایبەت وەرزەکانی هاوین و پایزو زستان، لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکان بەجوانی هەستی پێدەکرێ و بەشێوەی زنجیرەیی و ئەڵقە دوای ئەڵقە دایڕشتووە و لەهاوینی ووشک و تاقەت پڕوکێنی هەولێر دەستی پێکردووەو لەزستانی ساردی شاری ناوبراو کۆتایی پێهێناوە.