ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕێنماییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی بەڕێوەچوو، سەبارەت بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێنمایی و ڕێکاری پێویست بۆ بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (303) لە ڕێکەوتی 16ـی ئەیلوولی 2026.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە تایبەتە بە بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی (لەجێگەدانان) بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و کارمەندانەی کە بە شێوە جیاوازەکانی گرێبەست لەسەر میلاکی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم دامەزراون و دواتر بە هۆکاری خانەنشینبوون، کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان هەر هۆکارێکی دیکە کۆتایی بە خزمەتیان هاتووە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای گفتوگۆیەکی ورد و هەمەلایەنە لەلایەن تیمەکانی هەردوولاوە، ڕەشنووسی ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئامادە کرا و واژۆی لەسەر کرا، بڕیاریشە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی لەسەر بنەمای ڕەخساندنی هەلی یەکسان و پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان بە کەسانی شایستە بەپێی مەرج و پێوەرە دیاریکراوەکان.

