ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
یانەی هەولێر، لە ئامادەباشیی تەواودایە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی ئیتیفاقی سعوودی، کە بڕیارە لە هەولێر لە یارییەکانی گەڕی دووەمی جامی یانەکانی کەنداودا ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە.
بە پێی زانیارییەکان، یانەی هەولێر ئەوپەڕی ئامادەباشیی خۆی کردووە بۆ ڕووبەڕبوونەوەی یانەی ئیتیفاق، هەروەها لەڕووی پرۆتۆکۆڵییشەوە هەموو ئامادەکارییەکی بۆ یارییەکە بەرانبەر ئەو یانە سعوودییە تەواو کردووە و بە تەواوی ئامادەیە بۆ یارییەکە، بەڵام چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی یانە سعودییەکە دەکات بۆ هاتنیان بۆ هەولێر.
پێشتر یانەی ئیتیفاق، داوای کردبوو کە یارییەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر دوا بخرێ بە هۆی ناجێگریی دۆخەکەوە، بەڵام یانەی هەولێر پێداگر بوو لەسەر بەڕێوەچوونی یارییەکە لە کات و شوێنی خۆیدا، بۆیە داواکەی ئەو یانە سعوودییەی ڕەت کردەوە و هۆشداریی دا کە لە کاتی خۆیدا یارییەکە دەکات.
هاوکات باس لەوە دەکرێ، دوای بێهیوابوونی یانە سعوودییەکە لەوەی یانەی هەولێر ناچێتە ژێر باری داواکەیان و سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی یارییەکە، بۆیە بە پێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەی شاندی یانەی ئیتیفاق بگاتە شاری هەولێر، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو پرسە سەداسەد پشڕاست نەکراوەتەوە.

