ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ١٠ی ٢٠٢٦، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە یاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی بەش، سەردانی ١٨یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی لە شاری هەولێر کرد، کە لەژێر دروشمی (من کوردستانیم)دا بەڕێوە دەچێت.
ئەم پێشانگەیە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ١٠ی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە
نووسەران، ڕۆشنبیران و کەسایەتییە فکرییەکان کرایەوە.
پێشانگەکە بووەتە ناوەندێکی گرنگی کۆبوونەوەی مەعریفی و تێیدا ٤٠٠ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە و دامەزراوەی تایبەت بە کەرتی کتێب، لە ١٨ وڵاتی عەرەبی و بیانییەوە بەشدارییان تێدا کردووە؛ هەروەها دەیان هەزار ناونیشانی جیاوازیان لە بواری فکری، ئەدەبی، زانستی و ڕووناکبیریدا خستووەتە ڕوو.
لە سەردانەکەیدا، د. سالار عوسمان بەسەرکردنەوەیەکی فراوان و مەیدانیی بۆ ناوەند و دەزگا جیاجیاکانی بڵاوکردنەوەی کتێب و کتێبخانە بەشداربووەکان ئەنجام دا، لە نزیکەوەش لە بەرهەم و چاپکراوە نوێیەکانی کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری و نووسەرانی کۆڵییەوە.
لە کۆتاییدا، دەستخۆشی و پێزانینی ئاراستەی دەزگا و ناوەندە بەشداربووە خۆجێیی و بیانییەکان کرد بۆ گرنگیدان بە بوارە گرنگەکانی ڕۆشنبیری، چاپکردنی کتێبی بەنرخ و پەرەپێدانی کایەی هۆشیاری و مەعریفی.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن هەمیشە پاڵپشت و هاندەری کاروانی ڕووناکبیری و ئەدەبی دەبێت، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کتێب و خوێنەران لە کوردستاندا.

