رۆژنامەی ھەولێر

پێویستە کار بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و دامەزراوە دەستوورییەکان پێکبهێنرێنەوە

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند؛ ئەو رەشنووسەی دانراوە تەنیا سزادانە بۆ هەرێمی کوردستان. بۆیە داوای کرد پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا هاوپەیمانییەتییەکی کوردستانی دروست بکەن بۆ رێگریکردن لە تێپەڕاندنی ئەو بودجەیە.

دوێنی، لە میانی بەشداریکردنی لە “چوارەمین دیداری گوڵەخانە” هێمن هەورامی، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی تیابەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند؛ ئەو هەوڵانەی لە ئێستادا بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراق هەن، دەیانەوێت فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج، بۆیە دەبێت پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەولەوییەتی تەواوی هێزە سیاسییەکان بێت.”
هەروەها ئاشکرای کرد، بەرپرسانی باڵا لە عێراقدا هەن دان بە ماددەی 140ـی دەستووردا نانێن و پێیان وایە کۆتایی هاتووە و نازانرێت چۆن جێبەجێ دەکرێت.
هێمن هەورامی، سەبارەت بە پرسی ڕەشنووسی بودجەی عێراق ، گوتی، “بەپێی دوایین زانیارییەکانی شاندی دانوستانکار، خراپترین رەشنووسی بودجە لە مێژووی داڕشتنەوەی بودجەکانی عێراقدا ئەو رەشنووسەیە بۆ ئەمساڵ ئامادە کراوە.”

ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆ تەکنیکییەکان وەستاون و لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هەمووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی بە گفتوگۆی تەکنیکی ناگەنە ئەنجام، چونکە ئەو رەشنووسەی دانراوە تەنیا سزادانە بۆ هەرێمی کوردستان. بۆیە داوای کرد پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا هاوپەیمانییەتییەکی کوردستانی دروست بکەن بۆ رێگریکردن لە تێپەڕاندنی ئەو بودجەیە.

باسی لە گرنگیی رێزگرتن لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کرد بۆ پاراستنی رەوایەتیی دامەزراوەکان و گوتی، “پێویستە کار بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێت و دامەزراوە دەستوورییەکان پێکبهێنرێنەوە، چونکە دروستنەکردنیان هەڕەشەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات.”