ڕائیب جادر – هەولێر
ئەو ھاووڵاتییانەی چاوەڕێی مۆڵەتی شۆفێری جۆری سی بوون، لە ئێستاوە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سۆران بکەن بە مەبەستی دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری تایبەت بە بارھەڵگر، ئەوەش کارئاسانییەکی زۆر بۆ شۆفێرانی بارھەڵگر لە سنوورەکە دەکات و چی دیکە پێویست ناکات بۆ دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری ڕوو لە ھەولێر بکەن، بەڵکو ھەر لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سۆران ھەموو ئاسانکارییەکی بۆ دەکرێت و دەبنە خاوەن مۆڵەتی شۆفێری.
سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی چۆنیەتی دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری بارھەڵگر. عەدنان عوبێد، بەرپرسی بەشی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: مۆڵەتی شۆفێری جۆری سی تایبەتە بە بارھەڵگرەکان، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە قورساییان لە ٧ تۆن بە سەرەوەیە، ھەتا ئێستا ھاووڵاتییان بۆ دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری بارھەڵگرەکان ڕوویان لە ھەولێر دەکرد، بەڵام لێرە بەدواوە دەتوانن ھەر لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سۆران بەشی مۆڵەتی شۆفێری ئەو جۆرە مۆڵەتە دەربھێنن.
بەرپرسی بەشی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سۆران، گوتیشی: ئەو کەسەی کە داوا دەکات ببێتە خاوەن مۆڵەتی شۆفێری، دەبێت پێشتر مۆڵەتی جۆری بی ھەبێت و تەمەنیشی گەیشتبێتە ٢٠ ساڵ، بەوەش لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان فۆرمێک پڕ دەکاتەوە و پاشان لەناو بەشی مۆڵەتی شۆفێری وردبینی بۆ زانیارییەکان دەکرێت، ئەگەر ڕاست و دروست بن سەردانی لیژنەی پشکنینی پزیشکی ھەر لەناو بەڕێوەبەرایەتی دەکات و دواتر دەچێتە نووسینگەکانی فێرکردنی شۆفێری، نووسینگەکانیش بەپێی ڕێنمایەکانی وەزارەتی ناوخۆ مامۆستا و ڕاھێنەری ئامادەکردووە، ھەروەھا ئۆتۆمبێلیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ڕاھێنان بە خەڵک بکەن، کە لە نووسینگەش تەواو بوو دێتەوە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سۆران و دوو تاقیکردنەوە دەکات، یەک تاقیکردنەوەی تیۆری ئەو بابەت و وانانەی کە لە نووسینگە خوێندووە، دواتر تاقیکردنەوە بە کۆمپیۆتەر دەکات، تاقیکردنەوەی دووەمیش خولی سەرشەقامە، بە کردار ئۆتۆمبێل لێ دەخوڕێت ئەگەر لەو ماوەیەدا ھیچ ھەڵەیەکی مەترسیدار ئەنجام نەدات دەبێتە خاوەن مۆڵەتی شۆفێری.

