كارزان گلی – هەولێر
رێككەوتنی (مەككە)، كە لەنێوان توركیا و سعوودیا و پاكستان ئیمزا كرا، ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە گەیشتە پەرلەمانی توركیا و بڕیارە لەماوەیەكی نزیكدا دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا دژی وەستاونەتەوە.
ناوەڕۆكی رێككەوتنی مەككە لە ١٦ مادە پێكهاتووە، مشتومڕێكی زۆری لەناو پەرلەمانتاران و رۆژنامەنووسان و نووسەران دروست كردووە و دەڵێن پێویستە رەتبكرێتەوە، چونكە هیچ سوودێكی بۆ توركیا نییە و تەنیا سوود بە بەرژەوەندی ئیسرائیل و سعوودیا دەگەیەنێت.
بەگوێرەی مادەیەكی ئەو رێككەوتنە بێت، هەر وڵاتێكی ئەندامی رێككەوتنی مەككە هێرشی بكرێتە سەر، وەكوو ئەوە وایە هێرش كرابێتە سەر هەموو ئەندامانی ئەو رێككەوتنە.
هەروەها باس لەوە كراوە، ئەگەر حووسییەكان یان هەر گروپێكی تر هێرش بكاتە سەر سعوودیا، پێویستە توركیا و پاكستان پاڵپشتی سعوودیا بن لەڕووی سەربازییەوە. هەروەها ئەگەر پاكستان و هیندستان لەسەر كشمیر ببێت بەشەڕیان، دەبێت توركیا و سعوودیا پاڵپشتی لە پاكستان بكەن دژی هیندستان.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند میدیاكارێكی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، لەرێككەوتنەكەدا باس لەوە كراوە، ئەگەر بێت و لەدەریای ئیجە و دەریای سپی ناوەڕاست، توركیا لەگەڵ یۆنان و ئیسرائیل بكەوێتە شەڕەوە، سعوودیا و پاكستان نایەنە ناو شەڕەكەوە، ئەمەش دەریدەخات كە رێككەوتنەكە زیاتر بۆ بەرژەوەندی سعوودیا و پاكستان و ئیسرائیلە.
ئیسماعیل سایماز، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا نووسیویەتی، ئەم رێككەوتنە هیچ سوودێكی بۆ توركیا نییە، تەنیا لەبەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریكایە.
میدیاكانی توركیا و بەتایبەت ئەو نووسەرانەی سەر بەئۆپۆزسیۆنن، دەڵێن توركیا لەسەر داوای ئەمریكا چووەتە ناو ئەو رێككەوتنە، تا بتوانن بەهەرسێ وڵاتەوە لە حووسییەكان بدەن و پاشان ئەگەر ئێران ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سعوودیا، پاكستان و توركیاش بێنە ناو شەڕەكە، بەمەش ئەركی ئەمریكا سووك دەبێت.
كاتێك پرسەكە دێتە سەر ئیسرائیل، رێكەوتنەكە زۆر دەكەوێتە ژێر پرسیار و شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، ئەمە لەبەرژەوەندی ئیسرائیلە، چونكە بەبێ ئەوەی خۆی بچێت لەحوسییەكان بدات كە دوژمنی ئیسرائیلن، ئەو شەڕە بە توركیا و سعوودیا و پاكستان دەكات.
ئەم رێككەوتنە، بەكۆی دەنگی پەرلەمانتارانی مەهەپە و ئاكەپە تێپەڕ دەبێت، تەنانەت ئەگەر دەم پارتیش دەنگی بۆ نەدات، چونكە ئەو دوو پارتە زۆرینەی پەرلەمانن و ٥٠+١یان هەیە، بەڵام بۆ ناردنی سەرباز بابەتە شتێكی ترە و ئاكەپە و مەهەپە ناتوانن ئەو بڕیارە بدەن.
ئەگەر توركیا بیەوێت سەرباز بۆ سعوودیا بنێرێت بۆ لێدان لەحووسییەكان، پێویستە دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران دەنگی بۆ بدەن، ئەو رێژەیەش بەئاكەپە و مەهەپە كۆنابێتەوە.
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، چەند رۆژێك بەر لەئێستا لەدیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد، بابەتی ناردنی سەرباز لەرێككەوتنەكەدا نییە، چونكە رێككەوتنەكە تەنیا بەرگرییە و توركیا بەهیچ شێوەیەك سەرباز نانێرێتە وڵاتێكی تر دژی گروپێكی چەكداریی.

