رۆژنامەی ھەولێر

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی سنووری بادینان کۆبووەوە

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی سنووری بادینان کۆبووەوە و داوای لێکردن پەرە بە تواناکانیان بدەن بۆ ئەوەی لە ئاست گۆڕانکارییە خێراکانی ئەم سەردەمە بن.

پاشنیوەڕی ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەکەم، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا، لە شاری دهۆک، لەگەڵ ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان لە سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی بادینانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کۆبووەوە.

جێگری سەرۆکی پارتی، ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوانەی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا کە شانازی دەکەم منیش ئەندامێکی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان بووم.

جێگری سەرۆکی پارتی، داواشی لەو ڕێکخراوانە کرد کە پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی لە ئاست گۆڕانکارییە خێراکانی ئەم سەردەمە بن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان بگێڕن.